زنجیرەیەک ڕفاندنی پڕ لە نهێنی ترس لە نێو سوورییەکان دروست دەکات
دوای زنجیرەیەک ڕفاندنی نهێنی کە سێ منداڵی کچیان کردە ئامانج لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، شارەکانی تەرتوس، لازقییە و حەلەب لە سووریا، ڕووبەڕووی دۆخێکی ترسناک بوونەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕفاندنی سێ منداڵی کچ لە شارەکانی تەرتوس و لازقیە و حەلەب لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نیگەرانییەکی بەرفراوانی دانیشتووانی لێکەوتەوە، لە کاتێکدا ڕفاندن لەو ناوچانەدا بەردەوامە کە لە ژێر دەسەڵاتی جیهادیەکانی هەتەشە دایە، هاوکات خێزانی منداڵە کچە ونبووەکان تادێت بانگەوازی بەپەلە بۆ یارمەتی لە دۆزینەوەیان دەردەکەن.
لە شاری تەرتوس، خێزانی ئایا عیسای تەمەن ١٧ ساڵ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاویانکردۆتەوە، پشتڕاستیان کردەوە کە کچەکەیان پێنجشەممەی ڕابردوو لە دوای ئەوەی ماڵەکەی بەجێهێشتووە بۆ خوێندن نەگەڕاوەتەوە، بەڵام کارگێڕی خوێندنگەکە ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕۆژە بەشداری وانەکانی نەکردووە، بە پێی سەرچاوە ناوخۆییەکان.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، دایکی ئایا عیسا دەرکەوتووە، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوبووەتەوە، مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاندووە تاوەکو کچەکەی دەدۆزرێتەوە، لە پەیامێکی کاریگەردا بۆ کچەکەی، وتی: پێشتر شایەتحاڵی ئازاری دایکان بووم، هەرگیز بە بیرمدا نەدەهات خۆم ئەزموونی بکەم، بەڵام ئێستا ئەمە ڕاستی منە.
لە شاری حەلەب، ڕاما سارمینی تەمەن ١٥ ساڵ، پێنجشەممەی ڕابردوو دیارنەما، بەڵام دواتر هەواڵەکان بە پارێزراوی گەڕانەوەی ئەویان بۆ ماڵەوە پشتڕاستکردەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخرێتەڕوو.
هاوکات لە گوندی عەین شقاق لە جەبلە، بنەماڵەی نەغەم فادی حەمادە ، هەواڵی بێسەروشوێن بوونیان ڕاگەیاند، دایکی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و داوای یارمەتی کرد بۆ دۆزینەوەی، کە ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە منداڵێکی کچێکی دەمبەستراو لێی دەدرێت، کە ناوی نەغەم بووە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی ڕەسمی لەسەر ناسنامەی منداڵە کچەکە و ڕەسەنایەتی ڤیدیۆکە نەدۆزراوەتەوە.
لەنێو پەرەسەندنی پرسیارەکان سەبارەت بە چارەنووسی ئەو سێ منداڵە کچە، خێزانەکانیان بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕێی هەر تیشکێکی هیوا دەکەن کە بیانگەڕێنێتەوە، هاوکات بانگەوازەکان چڕتر دەبنەوە بۆ لێپرسینەوە و کۆتاییهێنان بە دیاردەی ڕفاندن کە بووەتە مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگە و سەقامگیری ناوچەکە.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا ڕایگەیاند، کە ڕاپۆرتێکی باوەڕپێکراویان لەبارەی ڕفاندنی لانیکەم ٣٦ ژن و منداڵی کچ لە شارەکانی لازقییە، تەرتووس، حومس و حەما پێگەیشتووە، کە زۆربەی ڕفاندنەکان لە ڕۆژی ڕووناکدا ڕوویانداوە.