زەلال جەگەر: هاوسەرۆکایەتی نموونەیەکە بۆ بەرەوپێشبردنی یەکسانی و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان

زەلال جەگەر، جێگری هاوسەرۆکی پارتی سووریای ئایندە ئاماژەی بەوەکرد هاوسەرۆکایەتی نموونەیەکە بۆ بەرەوپێشبردنی یەکسانی و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان.

ئاڤرین ناڤدار

 

ڕەققە - سیستەمی سەرۆکایەتی هاوبەش یەکێکە لە دیارترین دەستکەوتەکانی ژنان لە بەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەبنەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەکێکە لە گرنگترین بنەماکان کە هاوڵاتیانی ناوچەکە پەیڕەوی دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادی ژنان.

 

زەلال جەگەر، جێگری هاوسەرۆکی پارتی سووریای ئایندە ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆتە تاقیگەیەکی پڕ لە ئەزموون کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەتوانێت بەشداری لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک بکات ،کە مافەکانی ژنان و هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات، هاوسەرۆکایەتی واتە دادپەروەری و یەکسانی، واتە ژن و پیاو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان پێکەوە بەڕێوە دەبەن بەبێ ئەوەی یەکێکیان بەدوای ئەوی دیکەدا بکەوێت، یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی قوڵکردنەوەی چەمکی یەکسانی و ژیانی ئازاد لە کۆمەڵگەدا.

 

هاوسەرۆکایەتی چارەسەر بۆ سیستمی دیکتاتۆری

زەلال جەگەر ئاماژەی بە کۆیلایەتی کرد، کە بەسەر ژناندا سەپێندراوەو وتی: لە سەرهەڵدانی دەسەڵات لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە ژنان ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی زۆر بوونەتەوە، مافەکانیان لەلایەن ڕژێمە دیکتاتۆرەکانەوە تاڵان کراوە و کۆیلایەتی بەسەریاندا سەپێندراوە، هەروەها ژنان لە پێگە و ڕاستی خۆیان زەوت کراون ، ژنان لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییە توندڕەوەکانیان بەکار دەهێنران، ڕۆڵی ژنان تەنیا بەبەخێوکردنی منداڵ و کاری ماڵەوە سنووردار بووە، زۆرێک لە پارتە سۆسیالیستەکان ئیدانەی ئەم ڕژێمە سەرکوتکەر و دیکتاتۆرانەیان کرد، بەڵام لە خەباتیاندا سەرکەوتوو نەبوون ، چونکە چارەسەرێکی جیاوازیان بۆ ئەو ڕژێمانە پێشکەش نەکرد و گرنگییەکی ئەوتۆیان بە مافەکانی ژنان نەدا.

 

جەختی لەوە کردەوە کە ئازادی ژنان و ئەو سیستمەی کە یەکسانی ڕەگەز مسۆگەر دەکات، لە گرنگترین چارەسەرەکانن بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی، سیستمی هاوسەرۆکایەتی چارەسەرێکی جێگرەوەیە بۆ سیستەمە دیکتاتۆرییەکان کە لەسەر بنەمای هزری پیاوسالار دامەزراون.

 

دیموکراسی و سۆسیالیزم ئەڵقەیەکی پێکەوە بەستراون

ئەو جەختی لە گرنگی دیموکراسی کردەوە وەک بناغەی سۆسیالیزم، کاتێک دیموکراسی سەردەکەوێت، سۆسیالیزم سەردەکەوێت، بۆیە ناتواندرێت ئەو دووانە لە یەکتر جیابکرێنەوە وتی: کاتێک مەبەستمان سیستمێکی دیموکراسییە، ئەوە مانای ئەوەیە کە دەبێت ژن و پیاو بڕیاردەر بن، لە بڕیارەکانی پەیوەست بە خێزانەوە دەست پێبکەن و درێژدەبنەوە بۆ ئاستی سەربازی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی، یان سیاسی، ئەوەی ئێمە لە ڕێگەی مۆدێلی هاوسەرۆکایەتییەوە بەدوایدا دەگەڕێین یەکسانییە نەک تەنها بەشداریکردن، مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی پێناسەی ڕاستەقینەی ویست و بوونی ژنانە لەسەر زەوی ئەم مۆدێلە ڕێگەی گەیشتن بە ئازادی ژنانە لە سەدەی ٢١دا..

 

سەبارەت بەو سەختییانەی کە ژنان لە خەباتیاندا بۆ گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەز ڕووبەڕووی دەبنەوە، ڕوونیکردەوە، دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەستمان کرد بە جێبەجێکردنی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک، لە کۆمۆنەکانەوە تا ئەنجومەن و دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان، یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی ئەوە بوو کە بەڕێوەبەرایەتی یەکە لە پیاو و ژن پێکهاتبێت ، نوێنەرایەتی هاوسەرۆکایەتی بکەن، ئەمە وای لێکردین بەرنگاربوونەوە وخەبات بکەین دژی ئەو عەقڵیەتە تاکڕەوانەی کە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا پەراوێز دەخەن و بە ژێردەستەی پیاوان دەزانن، داب و نەریتە بەسەرچووەکان لە بەرچاوترین ئاستەنگەکانن کە ڕێگری لە ژنان دەکەن خۆیان لە پۆستی بڕیاردان ببینن، بەو پێیەی کۆمەڵگا پێی وایە تەنها پیاوان دەبێت بڕیاردەر بن.

 

ڕاستییەکان ئەو سنووردارکردنانە ئاشکرا دەکەن کە بەسەر ژناندا سەپێندراوە

زەلال جەگەر چەند نموونەیەکی ژیانی ڕاستەقینەی خستەڕوو کە ژنان لە کاتی خەباتیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، سەرەتا ژنان نەیانتوانی بڕیار بدەن لە پەیوەندی بە پەرەپێدانی کەسایەتییەکانیانەوە، بۆ نموونە نەیانتوانی بەشداری لە ئەکادیمیاکانی ڕاهێنان و ئایدۆلۆژیا بکەن، کە لە گرنگترین ڕێگاکانی ژنان بۆ قووڵکردنەوەی زانستی هزری و دامەزراندنی کەسایەتییە بەهێزەکان بوون، تەنانەت بڕیاری بەشداریکردن لەم ئەکادیمیایانە بەستراوەتەوە بە باوکیان، براکانیان، یان هاوژینەکانیان ، لە لایەکی دیکەوە هاوژینەکانیان توانیویانە بڕیاری پەیوەست بە داهاتوویان بدەن و کار بکەن بەبێ هیچ دوودڵی و ترسێک لە کەس.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بیرکردنەوەی خێزان کە بە بنەماکانی دەسەڵات و دەوڵەت لە قاڵب دراوە، یەکێک بووە لەو ئاستەنگانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، کاتێک دەچنە ناو کاری ڕێکخراوەیی و سەربازی و سیاسییەوە، خێزانەکان چەمکی هاوسەرۆکایەتییان قبوڵ نەدەکرد، یان ژنان بەشێکبن لە پرۆسەی بڕیاردانی کۆمەڵگە، ژنانی دیکە کاتێک پەیوەندییان بە هێزەکانی پاراستنی ژنان یان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنانەوە دەکرد، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، داب و نەریتە بەسەرچووەکان و ئەو سنووردارکردنانەی کە بە تایبەتی بەسەر ژناندا سەپێندراون.

 

تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان و ئەو قوربانیانەی داویەتی

زەلال جەگەر جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵە ڕێکخراوەیی و هزریەکان تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان، کە ساڵانێکی زۆرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، بەشدارییان کردووە لە ڕێنماییکردنی کۆمەڵگە بەرەو دیموکراسی و ئاشتی، تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان و ئەو قوربانیدانانەی کە داویانە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بەهێزکردنی پێگەی ژنان، بەو پێیەی بە وخۆڕاگر و ویستە بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بوونەتەوە، بۆ بەهێزکردنی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی.

 

ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە خەبات و بەرخۆدانی بەردەوام لە دژی ڕژێمە ستەمکار پاوانخوازەکان لە ئاستە جیاجیاکاندا کرد، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی بە ژنان بەخشی کە یەکگرتوو بن و سەرهەڵبدەن بۆ مەیدانەکانی ئازادی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، لە هەمووی گرنگتر بە کەرامەت و یەکسانی لەگەڵ پیاوان بژین.

 

جەختی لەسەر پێکهێنانی ئەو کەسایەتیانە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی پیاوسالاری بۆ هەزاران ساڵ ئامانجیان بەدەستهێنانیە، لەڕێگەی پێشێلکارییەکانیان دژی کۆمەڵگا و ژنان بە تایبەتی، ئەو ڕوونیکردەوە کە "رژێمەکانی تاکڕەوی نێر، لەڕێگەی پراکتیزە نامرۆڤەکانیانەوە، کۆمەڵگایەکیان دروستکردووە کە شوێن بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەون، بە سەپاندنی کۆیلایەتی لەسەر ژنان و سڕینەوەی بوونی ئەوان، کارکردن بۆ دەرخستنی ڕاستییەکانی ژن و پیاو لە ڕێگەی شیکارییەکی کۆمەڵناسیی کۆمەڵگەوە یەکێکە لەو شێوازە گرنگانەی کە لە خەباتی ڕزگارکردنی ژن و کۆمەڵگەدا بەکارهاتووە.

 

مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی گرنگترین دەستکەوتە کە ژنان بەدەستی دەهێنن

سەبارەت بە دەستکەوتەکانی ژنان لە سەردەمی شۆڕشدا، زەلال جەگەر ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ دەبینین ژنان لە بەڕێوەبردنی چالاکییە ڕێکخراوەیی و هزری و سیاسییەکاندا لە گەڵ پیاوان لە سەرجەم دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری پارتە سیاسییەکاندا بەشدارن، بەبێ ئەوەی هیچ سەپاندنێک لە لایەن لایەنێکەوە بەسەر لایەنێکی دیکەدا، ئەمە نوێنەرایەتی سەرچاوەیەکی داهێنەرە بەخشە بۆ هەموو جیهان، وەک ئەوەی لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە هزریانە دا هات کە لە کۆمەڵگادا شاهید بوو". و هەوڵەکانی ژنان لە هەموو پێکهاتەکانی ئامادەبوو لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگا هەبووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئومێدێکی گەورەمان پێدەبەخشێت بۆ سەرکەوتنی دیموکراتیک، قبوڵکردنی کۆمەڵگەیە بۆی، بۆ نموونە ئەمڕۆ تێبینی ئەوە دەکەین کە کاتێک ئەندامانی کۆمەڵگە سەردانی بەشەکان یان دامەزراوەی خۆبەڕێوەبردن دەکەن بۆ تەواوکردنی هەندێک ڕێکار یان چارەسەرکردنی کێشەیەک، داوای کۆبوونەوە لەگەڵ هاوسەرۆکەکان دەکەن. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە هزرییە کە لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، بەو پێیەی ئەو وشانەی تاک لە کاتی گفتوگۆکردندا بەکاریدەهێنێت، ڕەنگدانەوەی شێوازی بیرکردنەوەیانە.

 

زەلال جەگەر تیشکی خستە سەر هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی سیستمێکی دیموکراسی کە مافەکانی هەموو سوورییەکان بپارێزێت، بە هاوبەشکردنی ئەو ئەزموونانەی کە لە کاتی شۆڕشدا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستیان هێناوە “ئێمە هەوڵدەدەین ئەوەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستمان هێناوە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا هاوبەش بکەین، بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە کۆمەڵگادا لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای نەتەوەی دیموکراسی. ئێمە چاودێری کارلێکی ئەرێنی دەکەین لە پێکهاتە جیاوازەکانی ئامادەبوو لە سووریادا، مێژووی سوریا ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار، شایەتحاڵی یەکگرتوویی بزووتنەوەکانی ژنانە کە یەکگرتوون لە ڕەتکردنەوەی دەستووری نوێی سووریا، و بە یەک دەنگ ڕایدەگەیەنن کە ‘ئەم دەستوورە نوێنەرایەتی ژن و پیاوی سووریا ناکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شێوازانەی کە جیهادیەکانی هەتەشە لە سووریا بەکاریدەهێنن، توندڕەو و ناوەندییەوە ، هەموو ژن و پیاوی سووریا ناگرێتەوە ژنانی سووریا ئەمڕۆ لە ڕێگەی هەوڵەکانیانەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هەڵوێستەکانیان دەردەبڕن، هەروەها ئەوان بڕیاردەر دەبن کە بڕیارە چارەنووسسازەکان دەدەن، کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە وتی: کاتێک باس لە کۆماری سوریای دیموکرات دەکەین، دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان بە تایبەت مافەکانی ژنان دەستەبەر بکەین، بۆیە کاتێک ئاماژە بە سەرکردایەتی هاوبەش دەکەین، مەبەستمان بەڕێوەبردنی هاوبەشی کۆمەڵگایە لە لایەن ژنان و پیاوانەوە. نوێنەرایەتی ژنان لە سیستمی نوێدا دەبێت ٥٠% بێت، هەروەها پێویستە ژنانی هەڵگری پۆست لە دامەزراوەکاندا بوونی خۆیان و ویستی خۆیان دەربخەن. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، زۆر گرنگە چەمکی بوونی ژنان بەرەوپێش ببەین.

 

بانگەواز بۆ "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" کۆرپەیەکی نوێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

زەلال جەگەر ئاماژەی بە گرنگی بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کرد، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە ململانێ و ناکۆکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە شیکردنەوەی ڕاستی ژنان و ئەو پێشێلکارییانەی کە لە دەستی ڕژێمە پاوانخوازەکاندا تووشی بوون، کاریان کرد لە سەر بنەمای بنەماکانی هاوڕێیەتی نێوان ڕەگەزەکان، و کاری کردووە بۆ قووڵکردنەوەی ڕۆحی هاوڕێیەتی کە پێویستە لە گەڵ ژنان پراکتیزە بکرێت، لە خۆیەوە دەست پێدەکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: داکۆکیکردنی ڕێبەر ئۆجالان نوێنەرایەتی لەدایکبوونی نوێ بوو بۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو نوێنەرایەتی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەکات، کە ئازادی ژنان وەک بنەمایەکی بنەڕەتی خەباتی خۆی دادەنێت، ڕێگاکانی ژنان بۆ یەکسانی و ئاشتی و دیموکراسی ڕۆشن دەکاتەوە.

 

سەبارەت بەو بەرپرسیارێتیانەی کە لە بەرامبەر بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"دا خراونەتە سەر ژنان وتی: ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە ڕێگەی ئەم بانگەوازەوە، جارێکی دیکە بەرپرسیارێتیەکانیان بیردەخاتەوە، بۆیە ئێمە وەک ژن، دەبێت ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرین، لە ڕێگەی ئەم بانگەوازەوە، ڕێبەر ئۆجالان هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی و دیموکراسی و سۆسیالیزم دەدات، لە کۆمەڵگەدا، کە مافی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی و پارچەپارچەبوون مسۆگەر دەکرێت، بۆیە ئێمە وەک ژن خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر ئەم بانگەوازە مێژووییە و لە ڕێگەیەوە کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان و بەدوای چارەسەرێکی سیاسیدا دەگەڕێین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕشی ژنان لە باکووور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ جیهانی سەلماندووە کە ژنان توانای گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەیە، بەبێ گوێدانە ئاستەنگەکان و فشارەکان. کاتێک ژنان هەوڵدەدەن بۆ ئاشتی و دیموکراسی، دەتوانن هەموو ئاستەنگەکان تێپەڕێنن. بەو پێیەش ئێمە گرنگییەکی زۆر بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئۆجالان دەدەین و بە پەرۆشەوە کاردەکەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکەی سوریا. بە پتەوکردنی پەیوەندی لە گەڵ پێکهاتەکانی تری وڵات.

 

"داگیرکاری تورکیا بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی دژی گەل"

لە کۆتایی قسەکانیدا، زەلال جەگەر، هاوسەرۆکی پارتی سووریای ئایندە، ئاماژەی بە کۆمەڵکوژییەکانی داگیرکەری تورکیا دژی گەل کردووتی: داگیرکاری تورکیا بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی دژی پێکهاتەکانی سووریا، بەو پێیەی کۆمەڵکوژییەکی نوێی دژی گەلی کورد لە کۆبانێ، بەرخ بۆتان ئەنجامدا، کە لە ئەنجامدا ١٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها لە دژی گەلی عەلەویمان لە کەناراوەکانی سووریا بەردەوامە، خەبات لە سەر بنەمای بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک وەڵامدانەوە دەبێت بۆ هەموو ئەو ململانێ و ناکۆکییانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەتی دەبنەوە.