لە هەڵەبجە بە دروشمی "یەکدەگرین بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان و کچان" پانێڵ ئەنجامدرا
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ لە هەڵەبجە بە دروشمی ”یەکدەگرین بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان و کچان“ پانێڵ ئەنجامدرا.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-ئەمڕۆ ٢٦ی تشرینی دووەنم ڕێکخراوی نوێ بە هاوبەشی رێکخراوی وادی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بە دروشمی ”یەکدەگرین بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان و کچان“ پانێڵێکیان ئەنجامدا.
هێرۆ وەکێل، بەرپرسی ڕێکراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگەو مافەکانی ژنان وتی: ئەمڕۆ بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە ژنان و مافەکانیان و کەمکردنەوەی توندوتیژی و دەرئەنجامەکانی هەبوونی توندوتیژی چەند چالاکیەک بەڕێوە دەبەین ئەویش پانێڵێکە بە میوانداری مقەدەمی ماف پەروەر؛ بورهان ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەڵەبجە و شەیما فەرەج، ڕاوێژکاری دەروونی و ؛ ژیار هیوا پارێزەر لە دادگای هەڵەبجە.
لە پانێڵەکەدا ئاماژە بە بارودۆخی توندوتیژی و جۆرەکانی درا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی کە هەن، پاشان ئەنجامی ڕاپرسیەکی ڕێکخراوی نوێ دەخریتەڕوو سەبارەت بە وەرگرتنی رێژەی کاربەدەستانی ژن لە پلە باڵاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەڵەبجە، هەروەها خەڵاتی ڕووناکی نوێ دابەش دەکرێت بەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کەلەماوەی ساڵێکدا زۆرترین کاریان لەسەر ژنان کردووە بۆ ئەو مەبەستەش ئەمساڵ تەنها یەک رۆژنامەنووس توانیویەتی خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت.
لەکۆتایی پانێڵەکەشدا پاشان کۆمەڵێک پێشنیار خرانەڕوو بۆ ئەوەی هەموولایەک کاربکەن لەپێناو پەرەپێدانی کۆمەڵگە کە هەمووان تێیدا پارێزاو و خوشگوزەران بن.