ژیاننامەی غوربەتلی ئەرسۆز: لە نێوان زانست و چالاکی
غوربەتلی ئەرسۆز، ڕۆژنامەنووس، پرسیاری بوونگەرایی خۆی، "من کێم؟"، گۆڕی بۆ ڕێبازێکی قووڵی خەبات، بوو بە هێمای بەرخۆدانی ژنان، بەهۆی ئیرادە و بوێری خۆیەوە، ئەمڕۆش بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە ژنانی ڕۆژنامەنووس.

ساریا دەنیز
ناوەندی هەواڵ- غوربەتلی ئەرسۆز کە کارەساتەکانی تشێرنوبێڵ و هەڵەبجەی بە خاڵی وەرچەرخانێکی چارەنووسساز لە ژیانیدا دەزانێت، وتی: دەبوو ئەم دوو ڕووداوە بۆ کیمیاکاران زیاتر جێگەی بایەخی کیمیاکاران بوایە وەک لە کەسانی دیکە، بەڵام کاردانەوەکانیان سەرسامی کردم، دەستم کرد بە پرسیاری بوونگەرایی لە خۆم: من کێم؟ چی دەکەم؟
غوربەتلی ئەرسۆز زانای کیمیا بووە، بەڵام کارەساتەکانی تشێرنوبێل و هەڵەبجە، کە گیانی هەزاران کەسی لێ کەوتەوە، وای لێکرد سەرلەنوێ بە ڕێبازەکەیدا بچێتەوە، دواتر ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خەباتکردن بۆ جیهانێکی ئازادتر و دادپەروەرتر، و بۆ ئەو ڕاستییەی کە تا کۆتایی باوەڕی پێی هەبوو.
بە خەباتی ناوازەی خۆی ناوی خۆی لە لاپەڕەکانی مێژوودا نووسی، ئەو یەکێک بوو لەو ژنانەی کە وەڵامێکی پراکتیکی پێشکەش بەو پرسیارە کرد: چۆن ژن ئازاد دەکرێت؟ وە بۆچی دەبێت بژی؟
ناوی غوربەتلی ئەرسۆز لە مێژووی ڕۆژنامەگەری ژنانی کورددا لە نامە دیارەکاندا بەبیر دێتەوە، یەکەم ژن بوو کە پۆستی سەرنوسەری لە تورکیا وەرگرت، لەو شاخانەی خۆشی دەویست ژیانی لەدەستدا، کە بە ماڵەوە ناوی دەبرد، دوای کۆچی دوایی، ڕۆژی کۆچی دوایی بوو بە ڕۆژێک بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان، وەک ئیلهامبەخشێک بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس کورد دەمێنێتەوە، ڕێگاکەیان ڕۆشن دەکاتەوە و هێزیان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون لە بەرامبەر نادادپەروەریدا.
کاتێک پرسیارە بوونیەکان دەگۆڕدرێن بۆ بەرخۆدان
غوربەتلی ئەرسۆز لە ١١ی تەمووزی ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی ئەکبولوت سەر بە ناوچەی پالو سەر بە پارێزگای ئێلازیغ لەدایک بووە، باوکی لەو کاتەدا، لە ئەڵمانیا وەک کرێکارێک کاردەکرد و ناوی لێنا "غوربەتلی"، کە ئیلهام لە "دەربەدەربوون" وەرگیرا.
لە پۆلی سێیەمی سەرەتاییدا، دەستی کرد بە هەستکردن بە بەربەستێکی زمانی لە نێوان خۆی و هاوپۆلەکانی و مامۆستاکانیدا، ئەمەش وای لێکرد لە تەمەنێکی بچووکەوە بیربکاتەوە و پرسیار لە خۆی بکات، ساڵان تێپەڕی و لە بەشی کیمیا لە کۆلێژی هونەر و زانستەکان لە زانکۆی تشوکرۆڤا لە ئەزەنە ناوی خۆی تۆمار کرد، دواتر بڕوانامەی ماستەری لە ژینگە و وزە بەدەستهێنا.
لەو ماوەیەدا، دەستی بە چالاکی شۆڕشگێڕانە و چالاکانە کرد، بەڵام تووشی ئاڵەنگاری بوو کە نەیانهێشت لە ڕووی ئەکادیمییەوە پێشبکەوێت، ئەمەش وای لێکرد کە بە تەواوی ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری لە باوەش بگرێت.
غوربەتلی ئەرسۆز لە سەرەتای گەنجیدا دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کرد، بەڵام لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ دەستگیرکرا و بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، لەو ماوەیەدا، بە توندی ئەشکەنجە درا، پێش ئەوەی ڕەوانەی زیندانی مەلاتیا بکرێت، دوای دوو ساڵ لە دەستبەسەرکردن، بە ئیرادەیەکی زیاترەوە گەڕایەوە بۆ کاری ڕۆژنامەگەری، لە ٢٦ی نیسانی١٩٩٣ پەیوەندی بە ڕۆژنامەی "ئۆزغور غوندەَم"ەوە کرد و لەوێ پۆستی سەرنوسەری گرتە ئەستۆ و بووە یەکەم ژن کە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی تورکیادا ئەم پۆستەی وەربگرێت، کە ئەمەش لە پێشینەیەکی مێژوویی داناوە.
غوربەتلی ئەرسۆز ئەزمونی خۆی بە وشەی جوڵاو باس دەکات، وتی: ئەوەندە ئەشکەنجەم درا، گەیشتمە گۆڕەپانێک: یان بمرم، یان قبوڵبکە ئەندامی پارتی بم، ژیانم هەڵبژارد، هیچ شتێک نەگۆڕا، بەڵام وەک کیمیا وایە، تۆ لە تاقیگەیەکدایت، لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری نمونەکە دەکەیت، هەر هاوێنەیەک لایەنێکی نوێ ئاشکرا دەکات، لە ڕۆژنامەگەریشدا، هەمان شتە، هەر ڕوانگەیەک دیوێکی جیاوازی ڕووداوەکە نیشان دەدات و کاتێک ئەم گۆشانە کۆدەکرێنەوە، وێنەکە لە ڕاستییەکان نزیک دەبێتەو، بەم تێگەیشتنە قووڵە، زانست و ڕۆژنامەگەری تێکەڵ کرد، هەروەها ڕۆژنامەگەری کردە ئامرازێک بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری.
لە جیهانێکی ڕۆژنامەگەریدا، کە لە مێژە پیاوان زاڵ بوون، غوربەتلی ئەرسۆز، ژنێکی سەرنووسەر بوو، بەڵام زۆرجار پشتگوێ دەخرا، بەو پێگەیە بانگهێشتی هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی نەکرابوو، لەبەر ئەوەی ژنێکی کورد بوو لە پۆستێکی سەرکردایەتیدا، نەیتوانی دەستی بگات بە هەندێک سەرچاوەی هەواڵ.
سەبارەت بە ئەزمونەکەی، وتی: زۆر گرنگە ژنێکی کورد سەرنووسەر بێت، لەم ساڵانەی دواییدا ژنی کورد لە پیاو زیاتر هاتۆتە پێشەوە، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستمهێناوە نەک تەنها بەهۆی هەوڵی تایبەتی خۆمەوەیە، بەڵکو پەیوەستە بەم پێشکەوتنەشەوە کە ژنی کورد بەدەستیهێناوە.
غوربەتلی ئەرسۆز بەم قسانە هۆشیاری قوڵی خۆی بۆ ڕۆڵی پێشەنگایەتی و ئیرادەی خۆی بۆ تێکشکاندنی ئەو بەربەستانەی کە وەک ژن و کوردێک لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، ڕووبەڕووی بووەتەوە دەربڕی.
ئەو ڕاستییەی کە ناگیرێت
لە ١٠ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣ هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەی "ئۆزغور غوندەَم" لەلایەن سەدان پۆلیسی تورکیاوە بە توندوتیژی هێرشی کرایە سەر، غوربەتلی ئەرسۆز لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوکارەکانی دەستگیرکران، دوای ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی، هێنرایە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری و بە فەرمی دەستگیرکرا، پاشان بۆ زیندانی ساغمالجی گواسترایەوە و لە یەکەم دادگاییکردنیدا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤دا ئازادکرا.
ئەو قۆناغەی بە تاڵییەوە پێناسە دەکات، وتی: ئەوان وەک ڕۆژنامەنووسێک مامەڵەیان لەگەڵدا نەکردم، بەڵکو وەک تیرۆریستێک مامەڵەیان لەگەڵدا کردم و هیچیان لەبارەی کارە ڕۆژنامەوانییەکانەوە نەپرسی.
دوای ئازادبوونی، ماوەیەک لە کاری ڕۆژنامەگەریدا بەردەوام بوو، بەڵام دواتر بڕیاریدا خەباتی خۆی بەرەو بوارێکی دیکە ببات، پەیوەندی بە خەباتی چەکدارییەوە کرد و لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٧ لە کاتی تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان"پەدەکە" لە هەرێمی کوردستان شەهید بوو.
سەرەڕای کۆچی دوایی، میراسی غوربەتلی ئەرسۆز بەردەوامە، ئەو ڕۆژنامەگەریەی ژنان کە دایمەزراندووە، بەردەوامە لە بەدواداچوونی ڕاستییەکان و ئیلهامبەخشین بە نەوەکانی ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد لە خەباتیاندا.