لافاوێک بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١١ کەس

باران بارین و لافاوێکی زۆر لە باشووری چین بووە هۆی چۆڵکردنی ماڵی هەزاران خێزان و گیان لەدەستدانی ١١ کەسی دیکە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیدارەی کەشناسی چین هۆشداری دەدات لە بەردەوامی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا، لەنێویاندا هەورەبروسکە و بای بەهێز، لە ئاوە کەنارییەکانی گوانگدۆنگ، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە ئەگەری زۆرە لەماوەیەکی کورتدا چەند پارێزگایەک ڕووبەڕووی بارانبارینی بەخوڕ ببنەوە.

 

ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی چینی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو کە باشووری وڵاتی گرتەوە، ١١ کەس بێسەروشوێن بوون و دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

 

هۆشداریشی داوە لە بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووبارەکان بەهۆی بارینی زۆر لە پارێزگای گوانگدۆنگ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو جۆرە لافاوانە لە هەر سەدەیەکدا تەنها یەک جار لەو وڵاتە ڕوودەدەن.

 

ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە ٥٣ هەزار کەس لە پارێزگاکە ئاوارە بن کە زیاتر لە ٤٥ هەزار کەسیان خەڵکی شاری چینگیانن کە دەکەوێتە هەردوو کەناری ڕووباری بی لە ناوچەی دێڵتای ڕووباری مرواری.

 

دەسەڵاتی کەشناسی ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی دەکرێت بارودۆخی خراپی کەشوهەوا، لەنێویاندا ڕەشەبا و بای بەهێز، لە ئاوە کەنارییەکانی گوانگدۆنگ بەردەوام بێت، و لەوانەیە کاریگەری لەسەر شارە گەورەکانی وەک هۆنگ کۆنگ و شنژن هەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەری زۆرە پارێزگاکانی دراوسێی وەک فوجیان، گویژۆ، و گوانگشی لە درێژخایەندا ڕووبەڕووی بارانبارینێکی زۆر دەبنەوە.