ژنێکی توشبووی کۆرۆنا دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی گیانی لەدەستدا
ژنێکی دووگیان دوای ئەوەی توشی کۆرۆنا دەبێت، لەماوەی توشبوونی منداڵی دەبێت بەڵام دواتر بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە گیان لەدەست دەدات.

ناوەندی هەواڵ
ژنێک بە ناوی "ئیلهام محەمەد" لە کەلار کە لە ٣١ی تشرینی یەکەم توشی کۆرۆنا بوو، برابووە نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا.
ئە ژنە تەمەن ٣٢ ساڵە، لەو کاتەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە دووگیان بووە، لە رۆژی ٩ی ئەم مانگە منداڵەکەی لەدایک بوو، بەڵام دوێنی ١٣ی تشرینی دووەم خۆی گیانی لەدەستدا.
عەدنان محەمەد، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی قەڵا ئاماژەی بەوەدا، ئیلهام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئۆکسجینیەوە گیانی لەدەست داوە.
لەبارەی ناردنی منداڵەکە بۆ نەخۆشخانەیەکی سلێمانی د.حارس ئاماژەی بەوەکرد، لەبەرئەوەی دایکەکە تووشی کۆرۆنا بووە، باشتر وابوو منداڵەکەی بنێرنە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی منداڵان، تاوەکو ئەو کاتەی دایکەکە چاکدەبێتەوە لەژێر چاودێریدا بێت.