ژنێکی کورد لە کەشتیی فریاگوزاری غەززەدایەو دەستبەسەر کراوە
لەناو کەشتیی مادلین کە بەرەو غەززە بەڕێکەوت و لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕێگری لێکرا، ژنێکی کورد بە ناوی یاسەمین ئاجار هەیە.

غەززە
کەشتی مادلین کە لە ئیتاڵیا بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە بەڕێکەوت، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ڕێگری لێکرا. ئەو ١٢ چالاکوانەی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون، خەڵکی فەرەنسا، ئەڵمانیا، تورکیا، بەرازیل، ئیسپانیا و سوید بوون. ئەو ١٢ چالاکوانە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کراون، لە ناویاندا ژنێکی کورد بە ناوی یاسەمین ئاجار هەیە.
یاسەمین پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێت گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکرد و وتی: دایک و باوکم زۆر ترساون، وتیان مەڕۆ شتێکتان بەسەر دێت، پێم وتن، ئێوە بەم شێوەیە پەروەردەتان کردم، پێتان وتم هەمیشە بەدوای ویژدانتاندا بگەڕێن لەسەر ڕێگای ئەو ڕاستییەی کە دەزانن، من ئەوە دەکەم کە ئێوە وتتان.
یاسەمین ئاجار کێیە؟
یاسەمین ئاجار چالاکوانێکی کوردە و تەمەنی ٣٧ ساڵە. لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. خێزانەکەی پەنابەرن، لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە خەباتی بۆ پەنابەران و مافی مرۆڤ و دژ بە ئیسلامۆفۆبیا دەکات، لە مێژە پاڵپشتی خەباتی فەڵەستین دەکات. دەستبەسەرکردنی یاسەمین بووەتە هۆی توڕەیی بەرگریکارانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ.