ژمارەی گیان لەدەستدان لە لافاوەکەی بەرازیل زیادی کردووە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە باشووری بەرازیل بەهۆی کارەساتی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٠٠کەس، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتداران داوایان دەکرد هاولاتیان نەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەئەنجامی ئەو بارانە بەخوڕانەی هەفتەی ڕابردوو بەسەر ویلایەتی ڕیۆ گراندی دو سول لە بەڕازیل باری، ئاوی لافاو ماڵی زۆرینەی هاوڵاتیان ژێرئاو کەوت و سەدان کەس زیانیان بەرکەوت و دۆخی ناوچەکەش هێشتا لە مەترسیدارە.

 

بەپێی دوایین ئاماری بەرگری شارستانی لە بەرازیل، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٠٠ کەس، تا ئێستاش ١٢٨ کەس بێسەروشوێنن، ئەمە جگە لەوەی ٣٧٢ کەسیش برینداربوون، بەڵام ژمارەی ڕاستەقینەی زیانلێکەوتووان هێشتا زۆرە بەرزتر.

 

ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە ١٦٠ هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، هەروەها دەسەڵاتدارانیش داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، کە تا ئێستاش بەرزبوونەوەی ئاوەکە بەردەوامی هەیە، نەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

 

هەروەها سابرینا ڕیباس وتەبێژی بەرگری شارستانی بەیاننامەیەکی بۆ ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لەوەی ڕەنگە نەخۆشی بەهۆی ئاوی پیسەوە بڵاوبێتەوە.