ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ئەفغانستان وردە وردە دەردەکرێن
نەفیسە سەبا، ڕۆژنامەنووسی ئەفغانی دەڵێت: ئەو سنووردارکردن و سەرکوتانەی تاڵیبان سەپاندویەتی، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بوونی ژنان لە میدیاکاندا، کە داهاتوویان لەم بوارەدا بەشێوەیەکی ڕاستەقینە خستووەتە مەترسییەوە.
بەهاران لەهیب
بلخ-ڕۆژانە دۆخی ژنانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان خراپتر دەبێت، تەنانەت ئەو ژنانەی کە توانیویانە لە فەرمانگە یان دامەزراوە حکومییەکان کار بکەن، ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختتر دەبنەوە، ئەو ژنانەی کە لە پیشە مەترسیدارەکانی وەک ڕۆژنامەگەریدا کاردەکەن، تووشی ئاستێکی زۆرتری ستەمکاری دەبن.
لە ساڵی ٢٠٢٢ هاوکات لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانی ڕۆژنامەنووسان، ڕوانگەی ئازادی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان ڕایگەیاند کە ٧٠٪ی ڕۆژنامەنووسان لە هەژاریدا دەژین و ڕۆژنامەنووسانی ژن زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، ڕێکخراوەکە وتی: لە ١٥ پارێزگای وڵاتدا هیچ ژنێک لە بواری ڕۆژنامەگەریدا کارناکات.
جگە لەوەش لە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٥ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: کە لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ٦٠٪ی ڕۆژنامەنووسانی ژن کارەکانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا ٧٨٪ ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەبنەوە.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ناوەندی ئازادی ڕادەربڕین لە ٩ی ئاداری ٢٠٢٦دا ڕاپۆرتی دا، کە ٨٦٪ی ژنانی ڕۆژنامەنووس کارەکانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی ئەو ڕێکخراوە، هێشتا تەنها ١٩٠ ژنە ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری ئەفغانستان کاریان کردووە، لەکاتێکدا ژمارەیان پێش ڕژێمی تاڵیبان دوو هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
سەبارەت بە ڕاپۆرتە بەردەستەکان لەسەر دۆخی ڕۆژنامەنووسان و ڕێنمایی و ڕێساکانی تاڵیبان، ڕۆژنامەنووس نەفیسە سەبا، خەڵکی ئەفغانستان، وتی: چەندین جار دەچووم بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی حکومەتی تاڵیبان، بەڵام لە دەروازەی چوونە ژوورەوە، پێیان دەوتم کە پۆلیسی ئایینی ڕێگەم پێنادات بچمە ژوورەوە تەنها لەبەر ئەوەی ژنم، هەروەها زۆرێک لە ئەندامانی تاڵیبان ڕەتیانکردەوە قسە لەگەڵ یان چاوپێکەوتن بکەم، تەنانەت چەندین جار بە یاوەری هاوکارێکی پیاو چووم، بەڵام هێشتا بەهۆی بوونی منەوە ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر ڕەفتاری خەڵک هەبووە، کاتێک دەچمە شارەکە، ڕووبەڕووی نیگایەکی سەخت و پرسیارکەری کەسانی دیکە دەبمەوە.
وتیشی: سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ڕۆژنامەنووسان، ڕۆژێک چووم بۆ ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکی ژنان، تاڵیبان بۆیان دەرکەوت کە خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکم، ڕاست لەبەردەم چاومدا چەند ڕۆژنامەنووسێکیان دەستگیرکرد و بردیان، هەروەها ماڵەکەم چەند مانگێک لە ژێر چاودێریدا بوو تا ناچار بووم بیگوێزمەوەلە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسەکانەوە بیستوومە ئەگەر لە چاوپێکەوتنێکدا پرسیارێک بکرێت کە تاڵیبان بە هێرشبەرانە دەزانن، یەکسەر هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسەکە دەکەن یان فشارێکی توندی لەسەر دروست دەکەن تا ناچاری دەکەن واز لە کارەکەی بهێنێت.
چاوپێکەوتنەکەمان ئاماژەی بە سنووردارکردن و پەرەسەندنی هەڕەشەکان لە دژی ڕۆژنامەنووسانی ژن کرد وتی: ئەو هەلومەرجەی تاڵیبان بۆ ڕۆژنامەنووسان دروستی کردووە، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی ژن، وایکردووە زۆرێکیان کارەکانیان لەدەست بدەن یان مووچەی کەمتر لە پیاوان وەربگرن، ئەگەر هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پێویستی بە دامەزراندنی کارمەند هەبێت، ئەوا پێیان باشە پیاوێک دابمەزرێنێت نەک ژن، لە هەلومەرجێکی وادا خۆسانسۆرکردن، ڕەگەز جیاکاری، ستەمکاری ناڕاستەوخۆ بەهێزتر دەکرێن.
نەفیسە سەبا هۆشداری لە داهاتووی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەدات و وتی: ئەگەر ئەم ستەمکارییە سیستماتیکە بەردەوام بێت، ترسێک هەیە ڕۆژێک ڕابگەیەنرێت کە هیچ ژنێک مافی کارکردنی لە بواری ڕاگەیاندندا نییە، پێشتر ژنان لە زۆرێک لە ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان، تەنانەت نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان کاریان لێ قەدەغە کراوە، زۆر ئاسانە بۆ ئەوان کە بە تەواوی مەیدانی ڕاگەیاندن بەڕووی ژناندا دابخەن، هیوادارم کە پێش ئەوەی بگەینە دۆخێکی وا ئەم دەسەڵاتە نەمێنێت.
بە گشتی، هەژمار و ئامارەکان ڕەوتێکی نیگەرانکەر ئاشکرا دەکەن کە وردە وردە ژنان لە دیمەنی میدیایی لە ئەفغانستان دوور دەخرێنەوە، ئەم ڕێڕەوە نەک هەر دەستڕاگەیشتن بە گێڕانەوەی جیاواز و سەربەخۆی کۆمەڵگە سنووردار دەکات، بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر بوونی داهاتووی ژنان لە کەرتی میدیادا دروست دەکات، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، مەترسی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە هەموو کاتێک زیاترە.