ژنانی شنگال: سندوقەکانی دەنگدان دەرفەتێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەرمان
شنگال لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا شایەتحاڵی بەشدارییەکی زۆر بوو، ژنانی ئێزدیش وەک وەڵامێک بۆ فەرمان و بانگەوازێک بۆ گەڕاندنەوەی هێزی پێکهاتەی ئێزدی لە دەنگدان دەڕوانن.
شنگال
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و زیاتر لە٢٠ ملیۆن دەنگدەر بەرەو سندوقەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕۆیشتن لە نێوان ڕێوشوێنە ئاسایشییە توندەکاندا، لە شنگال پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ١٠٠ هەزار دەنگدەر بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن.
تەورا شێخا هاوڵاتی شنگال ڕایگەیاند، بەشداری ژنانی ئێزدی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامێکی هێماییە بۆ ئازاری فەرمانەکە کە لە یادەوەری کۆمەڵگەکەدا بە زیندوو ماوەتەوە، هەروەها لە کاتی ئەو تاقیکردنەوەدا کەس لە تەنیشت ئێزدییەکان نەبووە، ئەمڕۆ هەڵدەستین و دەنگمان دەدەین، چونکە دەنگنەدان واتە ڕێگەدان بە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکە.
دووپاتی کردەوە، کە نابێت ئەوەی لە ٣ی ئابدا ڕوویدا دووبارە بکرێتەوە و پرسیاری ئەوەی کرد، ژنانی ئێزدی چییان بەسەر هات؟ چەند دایک و خوشک ڕفێندران؟ تا ئێستاش زۆرێکیان بێسەروشوێنن، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد هێزی خۆیان وەربگرنەوە و هۆشداریدا لەوەی کە خۆڕازیبوون دەتوانێت کۆمەڵکوژی توندتریشی لێبکەوێتەوە، لە کۆتاییدا داوای لە ژنانی ئێزدی کرد کە یەکبگرن و دەنگی خۆیان بگەیەنن.
دیلۆ شنگالی ئاماژەی بەوەدا، کە هیوا لەسەر سەرهەڵدانەوەی پێکهاتەی ئێزدی و توانای بەکارهێنانی دەنگی خۆی لە هەڵبژاردندایە، هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا نوێنەران بەرزبوونەتەوە بۆ پەرلەمان کە تەنها خزمەتیان بە بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان کردووە، ئەگەر بتوانین ئەمجارە وەک کۆمەڵگەیەکی ئێزدی یەکبگرین، ئەوا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین و باوەڕیشمان بە توانای خۆمان هەیە بۆ ئەوەی ئەم کارە ئەنجام بدەین.