بەئامانجکردنی تابلۆی "کەزی ژن" هێرشکردنە سەر ئازادی و خەباتی ژنانی کورد

ژنانی پارێزگای حەسەکە دووپاتیان کردەوە، کە بەئامانجگرتنی تابلۆی "کەزی ژن" هێرشێکی سیستماتیکییە بۆ سەر ئازادیی ژنان و ئامڕازە کولتوورییە کوردییەکان، هۆشداری دەدەن لە هەوڵی هاندانی ناتەبایی و ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ململانێ و ناسەقامگیری.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- هێرشکردنە سەر تابلۆیەکی وێناکردنی کەزی ژنێک لە پارێزگای حەسەکە، شەرمەزارکردنی بەربڵاوی چالاکوانانی مافی ژنانی لێکەوتەوە، کە ئەو هێرشەیان بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی ئازادیی ژنان و ئاماژەکانی خەباتی کولتووری کورد زانی.

 

ژنانی پارێزگای حەسەکە ئەو هێرشەیان شەرمەزارکرد، کە لە نزیک بازنەی مارشۆ ڕوویدا و تابلۆیەکی بانگەشەیان کردە ئامانج کە وێنەی کەزیەکی لەسەر بوو، هەروەها ئەم ڕووداوە تەنها هێرشێک نییە بۆ سەر تابلۆیەک، بەڵکو هێرشێکە بۆ سەر مافەکانی ژنان و ئیرادەیان و ئاماژەکانی خەباتیان، هۆشدارییان دا لەوەی هەوڵدان بۆ هاندان و چاندنی ناتەبایی دەتوانێت هەرێم بەرەو ململانێ و ناسەقامگیری پاڵ بنێت.

 

زەکیە محەمەد ڕوونیکردەوە، ئەو تابلۆیەی کە کەزی لەسەرە، تەنها ڕیکلام نییە، بەڵکو ئاماژەی یەکڕیزی و خەباتی ژنانە بۆ دۆزییان، بەئامانجکردنی ئەم ئاماژەیە، بێبایەخکردنی ئاشکرایە بۆ ئیرادە و هێزی ژنان.

 

سەرنجی بۆ هەڵکردنی ئاڵای داعش لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕاکێشا و هۆشداریشی دا کە ئەمە نیگەرانییەکان لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەئامانجکردنی ژنان دەوروژێنێت، وتی: سیاسەتەکانی حکومەتی کاتی سووریا زەمینە بۆ فراوانبوونی داعش خۆشدەکات، سیاسەتەکانی برسێتی و بارودۆخی ژیانی ترسناک وایکردووە هەندێک خۆپیشاندانەکان بقۆزنەوە و هێرش بکەنە سەر موڵک و ماڵی گەلی کورد و لەناوبردن و تاڵانکردنیان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەئامانجگرتنی ئاماژەکانی ژنان لە ترسی هێز و ئیرادەی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها یەپەژە ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە شەڕی داعشدا هەبووە و ژنان بە ئامانجگرتنی ئاماژەکانیان قبوڵ ناکەن.

 

پەیامێکی مەترسیدار

کەلتوم ئەحمەد ڕایگەیاند، کە هەڵکردنی ئاڵای داعش لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش نیشان دەدات، ئەوانەی بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە بۆ مافەکانیان نەهاتنە دەرەوە، بەڵکو بۆ لەناوبردن و دزین، هەروەها مافی ژنان کەمتر نییە لە مافی پیاوان، ژنانی کورد ڕۆڵییان لە زۆر بوارەکانی ژیاندا سەلماندووە، بە تایبەت لە پاراستنی ناوچەکەدا.

 

داوای لە هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە کرد وریا بن و ڕێگە نەدەن هەوڵی هاندانی ناتەبایی بدرێت، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنان قبوڵ ناکەن هەرێم ڕابکێشن بۆ ناو ململانێ و ناسەقامگیری، هەروەها کار بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن دەکەن.

 

"ئامانج لە خۆپیشاندانەکان وروژاندنی خەڵکە"

هەدیە محەمەد ئەو هێرشکردنە سەر تابلۆکەی شەرمەزارکرد، کە وێناکردنی کەزییە، وتی: ئامانجی لەم کارە وروژاندنی گەلی کوردستان و ڕاکێشانی ناوچەکە بوو بۆ ململانێ، هەروەها کەزی ئاماژەی دۆزی ژن و یەکگرتوویی و تێکۆشانیان بۆ ماف و ئازادییە، هێرشکردنە سەر ئەم ئاماژەیە پێشێلکردنی ئیرادە و ناسنامەی ژنە.

 

سەبارەت بە سیاسەتە دەرەکییەکان کە ئامانجیان ناسەقامگیری ناوچەکەیە، وتی: لەکاتی وریاییدا دەبێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی تاڵان و دزی و وێرانکاریانەش بکەین کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا ڕوویانداوە، داوای وریایی لە بەرامبەر هەوڵەکانی هاندانی دەنگۆ و ڕێگەنەدان بە ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ململانێ و شەڕی ناوخۆی کرد.

 

https://youtu.be/AnPj58noz0Q?si=HyxuH674T_EK2hJ-