ژنانی شەنگال بە ڕاهێنان و پەروەردە خۆیان بەهێز دەکەن

ژنانی شەنگال خۆیان لەسەر پێوەری کۆمەڵگەیەکی تەندروست پەروەردە دەکەن و بەبیرۆکەی دروستەوە دەیانەوێت ژیان ئاوەدان بکەنەوە.

شەنگال

 

لەسەر خاکی پیرۆزی ئێزدی نەک هەر چیرۆکی فەرمان و ئازارەکانی کۆمەڵگا دەگێڕدرێنەوە، بەڵکو هەموو ڕۆژێک بە جۆرێکی تر بۆ چیرۆکە سەرکەوتووەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی دەنووسرێن، ژنانی شەنگال بە سەختی کار دەکەن و تێدەکۆشن،  لە دوای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ ژنانی شەنگالیش لەگەڵ هەلومەرجێکی سەختدا تێدەکۆشن و سەرەڕای هەموو پلان و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی، خۆیان وەک پرەنسیپی یەکەمی ژیان ڕاهێنانیان کردووە.

 

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی  TAJÊ ، ژنانی شەنگال لە ناوچە و گوندەکان دەستیان بە ڕاهێنان کردووە مەشقی ١٥ ڕۆژەی شەنگال و گوندەکانی خانەسۆر کۆتایی هات ئەندامانی TAJÊ و بەڕێوەبەران شوێنی خۆیان لە پەروەردەدا دەبەخشن، لە ژنانی بەتەمەنەوە تا ژنانی گەنج شوێنی خۆیان گرتووە.

 

بابەتی پەروەردە لەسەر ژیانی دیموکراتی، چەمکی ئازادی، پێکەوەژیانی ئازاد، خێزان، کێشەی ژنان و کۆمەڵگای ئێزدی، مێژووی ئێزدی، تەندروستی، کۆمیتەکان، سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ کران.

 

"بۆ ئێمەی ژنان ئیرادە و متمانە بەخۆبوون گرنگە"

کامۆ نایف ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، کە بۆ یەکەمجار بەشداری پەروەردە دەکات خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی: "ماوەی ١٥ ڕۆژە دەستمان بە ڕاهێنان کردووە و چەندین شتی نوێمان بیستووە، من بۆ ماوەیەکی کەمە ئەندامم و زۆر خۆشحاڵم بەم کارە، چونکە هەمیشە لە بزووتنەوەکەداین و خۆمان پەروەردە دەکەین پاشان ڕێگاکە بە دۆست و دراوسێکانمان نیشان دەدەین".

 

"سیستمی پیاوسالار لە ژنێکی بەهێز دەترسێت"

زینە ئەحمەد ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سەرەتا باسی لە گرنگیی پەروەردە کرد و وتی: "ژنانی ئێزدی لە ڕێگەی پەروەردەوە پێشکەوتنی زۆریان کردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر خێزان و منداڵ و کۆمەڵگا هەیە بەهۆی ژنێکی ئازادەوە، کۆمەڵگایەکی ئازاد دروست دەبێت، دوژمن یارییەکی گەورەمان لەسەر دەکات، دەبێت ئێمەی ژنان ئاگاداری ئەو شەڕە تایبەتە بین و لە جیاوازیدا بین، گوێ و چاومان بە پەروەردە کرایەوە کاتێک خۆمان ڕابهێنین بەهێز دەبین و دوژمن لە ژنێکی بەهێز دەترسێت ئەگەر ئێمە لە ئاستێکی بەرزتر ڕاهێنانمان بکردایە، ئەوا ڕێگریمان لە فەرمانەکە دەکرد. لەو کاتەدا ژنان بەبێ دەسەڵات و بێ ئاگایی مابوونەوە بۆیە نەیانتوانی خۆیان بپارێزن و ئێستا لە هەموو بوارێکدا بەهێزین".