ژنانی کورد و ئێران ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی نوێ دەبنەوە
ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ لەبارەی دۆخی ژنانی کورد و ئێران لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە رایگەیاند کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی نوێ دەبنەوەو چەندین ژن دەستبەسەرکراون.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ لەبارەی دۆخی ژنانی کورد و ئێران لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە رایگەیاند، ژنێکی بەهایی بە ناوی نوس مەقسوودی لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماڵەکەی خۆی و بە بێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئیرانەوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنیکی نادیار گواستراوەتەوە، هەروەها دەست بەسەر کەلوپەل و مۆبایلی میوانەکانیدا گیراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەیلا عەدالەتی لە شاری سێمنانی ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی داوەر دەستگیر کرا و ڕەوانەی شاری ئەهواز کرا و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە، هەروەها ژنێکی دیکە بەناوی ئافەرین مەهاجر دانیشتووی تاران و دایکی چالاکوانێکی سیاسیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندان کرا.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ژنێکی دیکە بە ناوی مریەم عەباسی نیکۆیان دایکی بیتا شەفیعی دەستبەسەرکراوی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” لە شاری تارانی ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران هانیە شەریعەتی وەرزشوانی تایکواندۆ و ڕاهێنەری جمناستیکی دانیشتووی تارانیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی جوڵەی تەنافبازی لە شوێنە گشتییەکاندا و جلوبەرگی ئارەزوومەندانە و بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئاتەش شاکەرەمی هونەرمەند و چالاکوانی مەدەنی و هاوکات کە پووری نیکا شەکەرەمی قوربانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی”یە لە دادگای شۆڕشی تاران سزاکەی جێبەجێی کراوە و کە لێدانی ٣٨ قامچی بووە.