ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: سەرکەوتنی پرۆسەکە ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و ئارامی و دیموکراتیکبوون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت. بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، ئێوەش دەتوانن زۆر شت بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بیستەمین کۆنفرانسی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا کە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوە دەچێت. پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ کۆنفرانسەکە بەم شێوەیەیە:

 

"سڵاو لە بەشداربووان و ئامادەکارانی بیستەمین کۆنفرانستان دەکەم کە بە ناوی "یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد" بەڕێوە دەچێت.

 

بێگومان ئێوە کارێکی زۆر بەنرختان کردووە و دەیکەن، بۆیە من سوپاسگوزاریی و ڕێزی خۆمتان پێشکەش دەکەم. لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی منیان هێنا بۆ ئیمراڵی. بە کاریگەریی گلادیۆی ناتۆ من ئێستا لەم شوێنەم. لەم بارەیەوە من خۆم لە ڕەخنە گرتن بێبەریی ناکەم. سەبارەت بە من گوتبوویان، "لە ئەوروپادا بستێ خاک نییە کە تۆ پێی بخەیتە سەر". ئەم پیلانگێڕییە و فێڵ و تەڵەکەیە بەبێ گەلی ئەوروپا، بەبێ زانینی ئەوان ئەنجام درا. بە عەقڵییەتی گلادیۆ کرا. بێگومان ئێوە دژی ئەم بارودۆخە تێدەکۆشن. ئێوەش بۆ ئەم مەبەستە کار دەکەن.

 

یەکێتیی ئەوروپا کە لەو کاتەدا مامەڵەیەکی وەهای کرد، دەبێت لە سەردەمی ئێستادا بەگوێرەی یاساکانی خۆی بجووڵێتەوە. هەم بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا و هەم بۆ چارەسەریی پرسی کورد زۆر گرنگە کە ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت. ڕێگەی سەرەکیی بۆ تێکۆشان دژی ڕەوتی دەسەڵاتخوازیی و ڕاستڕەویی توند کە لە ئەورووپادا تەشەنە دەکات، خاوەنداریکردنی ڕاستەقینەیە لە بەها دیموکراتیکەکان.

 

بە تایبەت لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا ئەو پشتگیرییەی کە بە کارە سیاسی و مەدەنییەکانی وەک کۆنفرانسی ئێوە دەکرێت، پشتگیرییە بۆ ئاشتی و دیموکراسی. لەگەڵ ئەمەشدا، کارەکانتان و کۆنفرانسەکەتان دەبێت هێشتا درێژخایەنتر بێت. پێویستی بە هەنگاوی نوێ هەیە. خەباتێکی ئینتەرناسیۆنال پێویستە. خەباتی ئینتەرناسیۆنال لەو ئاستەدا گرنگە کە دەتوانێت دەسکەوتە دیموکراتیکەکانی ناوچەکانمان و گەلانمان بگەیەنێتە یەک و پارادایمێکی نوێی دیموکراسی و سۆسیالیزم دەست پێ بکات.

 

ئەو کارانەی کە ئێمە لە تورکیا دەیکەین گرنگ و بایەخدارە. لەبری شەڕ، قڕکردن و جیاکاری، بۆ ئەوەی چارەسەریی یاسایی، یەکسان و سیاسی بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بدۆزرێتەوە، ئێمە پرۆسەیەکی جددیمان دەست پێ کرد. ئێوە دەتوانن ئەم پرسانە لە کۆنفرانسەکەی خۆتاندا تاوتوێ بکەن. ئێستا پرسی گەورە هەن. بەڵام لەگەڵ ئەم پرسانەشدا ئێمە مۆدێلێکی زۆر فراوان بۆ چارەسەری پێشکەش دەکەین. ئەم کارە هەم بۆ ئەوروپا و هەم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکی مێژووییە. سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە پێشنیارمان کردووە، ئاشتی و ئارامی و دیموکراتیکبوون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت. بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، ئێوەش دەتوانن زۆر شت بکەن. من باوەڕم وایە کە ئێوەی دۆست و هاوڕێیانی هێژا؛ باشتر و فراوانتر ئەم ڕەوشە دەخەنەڕوو.

 

من جارێکی تر پێکهاتنی کۆنفرانسەکەتان پیرۆز دەکەم، سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆم پێشکەش دەکەم.

عەبدوڵا ئۆجالان

 ئیمراڵی

 ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦".