ژنانی کۆبانێ: لە بەرامبەر هێرشەکان بێ وەڵام نابین
ژنانی کۆبانێی کانتۆنی فورات وتیان: ئاشکرایه دەوڵەتی تورک هەوڵی داگیرکاری دەدات و لەم پڕۆسەیەدا بەبێ وەڵام نابین.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- دەوڵەتی تورک لە مانگی نیساندا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد بۆ بەردەوامبوون لە هێرشە داگیرکارییەکانی، ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدا ڕوویدا کە خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشدارییان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کرد.
ژنانی کۆبانێ لە کانتۆنی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردانەوەیان بەرامبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندا.
"سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک ڕوون و ئاشکرایە"
سەمیرە مستەفا ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد بە سووربوون لەسەر ئازادی تێدەکۆشن و وتی: دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە، کە بەتایبەتی باسی داگیرکردنی هەندێک ناوچەی دیکە دەکات، ئەم هێرشانەی داگیرکەران، کە پێشبینی دەکرێت بەم زووانە ئەنجام بدرێن، بێ ئەنجام دەبن، هەروەک چۆن هێرشەکانی پێشووی تورکیا بەبێ وەڵام ماونەتەوە، ئەمجارە هەمان شت دەکات، ئێستا ئاگاداری سیاسەت و پرۆژەکانین. هەروەها گەلەکەمان هەناسەی ئازادی لە منداڵان و گەنجان و ژنان و بەساڵاچووان وەرگرتووە، دەتوانین کاردانەوەی تەواو نیشان بدەین لەسەر هەمان ئاست و بە ڕێبازێکی سیاسی.
"بە ئیرادەی ژنانی وەک حەلیم سەرکەوتوو دەبین"
سەمیرە مستەفا تیشکی خستە سەر هەڵوێستی ژنان بەرامبەر هێرشەکان و وتی: جگە لە بۆردومانەکان، دەوڵەتی تورکیا خەڵکی مەدەنی لەو ناوچەیە دەکاتە ئامانج، حەلیم عوسمان، کە مانگی ڕابردوو لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کرایە ئامانج و قاچێکی بڕدرایەوە، نموونەیەکەو دەتوانین سەدان نموونەی دیکە بدەین، حەلیم، کە پەرۆشی و ئیرادەی خۆی لە هەموو دەرفەتێکدا دەربڕیوە، دەڵێت؛ بە یەک قاچ بەردەوام دەبم لە کارەکانم و کاریگەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکم لەسەرنابێت، چونکە لەم پرۆسەیەدا حەلیم عوسمان هێمای سووربوون و تێکۆشانمانە. هەتا ژنانی وەک حەلیم عوسمان لەسەر ئەم خاکە بژین، هەڵوێستی ئێمە لە هەمان ئاستدا دەبێت.
"ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجام دەدرێت ئامانجی هێرشەکانی دەولەتی تورکە"
خەدیجە محەمەد وتی: هەڵبژاردنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی دەوڵەتی تورکیایە، هەر هەڕەشەیەک یان هێرشێکی دەوڵەتی تورکیا بە بابەتێکەوە پەیوەست دەکەین، وەک دەزاندرێت، ئەمە کاتێکە کە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییە ناوخۆییەکان و لە لایەکی دیکەشەوە نوێکردنەوەی سیستەمی ئیداری و هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ئەنجام دراوە، لەبەر ئەوەی ئێستا کار و هەنگاوی گەورە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدرێت، هەروەها هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، دەوڵەتی تورکیا لەم دوو خاڵەدا لێدانێکی زۆری لێکەوتەوە، لە لایەکەوە، کۆمەڵکوژی سیاسی لە باکووری کوردستان ئەنجام دەدات و دەستی کردووە بە هەڕەشەکردن بۆ ئەنجامدانی هێرشی داگیرکاری بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
"بە هەموو دڵ و ڕۆحی خۆمان لەم پرۆسەیەدا بەرخۆدان دەکەین"
جەمیلە سولەیمان وتی: چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی فراوانکردنی داگیرکارییەکانی دەدات لە کوردستان، ئێستا جارێکی دیکە ئەم کێشەیەی خستە بەرنامەی خۆیەوە، هەروەک دەوڵەتی تورکیا سوور دەبێت لەسەر پڕۆژەکەی، ئێمە وەک ژنان و گەلی کورد لە مەبەستی خۆماندا سوورین، دەبینین کە گەلەکەمان کاردانەوەیان هەیە، ئێمە چەندین ساڵە لە هەمان بارودۆخدا دەژین کە ئێستا دەمانەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێ بێت، ئێستا کە جیهان بە پرۆسەی جەنگی جیهانی سێیەمدا تێدەپەڕێت، هەروەک هەموو هێزێک دەیەوێت لەم قۆناغەدا دەستکەوتی سیاسی و ناوچەیی بەدەست بهێنێت، ئێمە وەک گەلی کورد بەدوای وڵاتەکەمان و بوونی خۆمانین، لەبەر ئەم هۆکارە ئێمە بە تەواوی دڵسۆزییەوە پارێزگاری لە شۆڕش و دەستکەوتەکانی دەکەین لەم کاتەدا بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجام بەدەست بهێنین.