ژنانی گەنج: دەبێت هۆشیاری بۆ بەکارهینانی ژیری دەستکرد هەبێت
هەرچەندە بیانووەکان زۆرتر دەبن بۆ توندوتیژی بەرامبەر ژنان، کە ژیری دەستکردیش بووە بە یەکێک لەو بیانووانە، بەڵام وەک ژنانی گەنج باسی لێدەکەن دەبیت هۆشیاری هەبێت لەبارەی بەکارهێنانی و سوودی لێوەربگیرێت.

شیا کۆیی
کۆیە- رۆژانە گوێبیستی ژیری دەستکرد دەبین، لای هەندێك ئاشنایە و لای هەندێك شتێكی نامۆیە، وجێی باوەڕ و متمانە نیە، هاوكات قوتابیان بە سەرچاوەیەكی باشی دەزانن بۆ خوێندن و بەدواداچوونەكانیان هاوكات بۆ ئەو ژنانەی كە هیچ هەلێكی كاریان نییە دەتوانن سودی لێببینن بۆ كاركردن.
ژیری دەستکرد پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژییە بە بەکارهێنانی زمانەکانی پرۆگرام بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، بەڵام ئەوەش لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە دەبێت هۆشیاری لەبارەی بەکارهێنانییەوە هەبێت، ئەگەر هۆشیاری نەبێت ئەوا مرۆڤ بەرەو وەستان دەبات، مێشک کۆنترۆڵ دەکات، بەجۆرێک مرۆڤ هەموو مێشکی دەداتە دەست ژیری دەستکردو خۆی خاوەن بیرو بیرکردنەوە نابێت، تەنها پشت بەم ژیرییە دەبەستێت، یەکێک لەو کێشە سەرەکیانەی کە نەبوونی ڕوونییە لە سیستمەکەدا، مۆدێلی فێربوونی قووڵ تەنانەت بۆ ئەو کەسانەی کە بە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد کاردەکەن، تێگەیشتنیان ئەستەمە، ئەمەش وا دەکات ئەو ئەرک و بڕیارانەی کە ژیری دەستکرد دەیدەن ڕوون نەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزتر و هەندێکجاریش بابەتی مەترسیدارتر، زۆر پشت بەستن بەم تەکنەلۆژیایە دەبێتە هۆی لەدەستدانی کاریگەری مرۆڤ و نەبوونی ئەدای مرۆڤ، کەمبوونەوەی داهێنەری مرۆڤ و دەربڕینی سۆزداری بەهۆی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردی بەرهەمدار بۆ هەوڵی داهێنەرانە، کەمکردنەوەی تواناکانی پەیوەندیکردن و کۆمەڵایەتی بەهۆی زیادەڕەوی لە کارلێککردن لەگەڵ سیستمی زیرەکی دەستکرد، کەمبوونەوەی توانای چارەسەرکردنی کێشە و بیرکردنەوە بەهۆی توانا باڵاکانی سیستمی ژیری دەستکرد، زۆربوونی کێشەی خوێندکاران لە چارەسەرکردنی ڕاهێنانەکاندا بە هۆکاری بەکارهێنانی ئامڕازەکانی زیرەکی دەستکرد.
ژنان کە هەمیشە لەڕیگەی داب و نەریت یاخود پێشکەوتنەکانەوە کراونەتە ئامانج، هەرزوو درکیان بەوەکرد کە ژیری دەستکرد ڕەنگە کاریگەری نەرێنی بەرامبەریان هەبێت و ببێتە بیانوویەک بۆ زیادکردنی توندوتیژی و هەراسانکردنیان، هەربۆیە لەڕێگەی پەروەردەو هۆشیارکردنەوەی خۆیان دەیانەوێت ڕێگەری لەهەر خراپەکارییەکی دژیان بکەن.
لە ٢٢ی تەمووز، لە هۆڵی ڕێكخراوی ژیانەوەی كوردستان لە كۆیە، وۆركشۆپێك لە لایەن بازنەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، بە ناونیشانی( ژیری دەستكرد_دەرفەتێك بۆ گەنجان) سازكرا و بەشێكی زۆر لە خوێندكاران و گەنجان ئامادەی بوون.
بەفرین بێستون، كە ئامادەی وۆرك شۆپەكە بوو وتی: من وەك خوێندکار زۆر سودم لە ژیری دەستكرد بینیووە و هەموو شتێك لایەنی خراپ و باشی هەیە گەر باسی لایەنە باشەكەی بكەین بەتایبەت بۆ ژنان و خوێندكاران سودی زۆری لێدەبینین و زۆر گرنگە من وەك خۆم رۆژانە وەك ناوی خۆم و زیاتر بەكاری دێنم و لەكاتێك لە بوارێك بمەوێت بیكەم دیزاینێك بێت یان هەرشتێك تاكە شت بێتە خەیاڵم ژیری دەستكردە، دەتوانم پرسیاری لێبكەم و وڵامم دەداتەوە، و گەر سەیری لایەنی خراپەكەشی بكەین بێگومان لایەنی خراپیشی هەیە بەتایبەت بۆ ژنان بەهۆی ئەو ڤیدیۆیانەی دروست دەكرێت، و بڵاو دەكرێنەوە و ئەو رووداوانەی لێی دەكەوێتەوە توندوو تیژیە بەرامبەر بە ژنان، بۆیە پێویستە بە ڕێساو یاسای خۆی بەكاربێت.
بەفرین وتیشی: ئەو ژنانەی ژنی ماڵەوەن یان كە خوێندنیان تەواو كردووە هیچ هەلی كارێكیان نییە دەتوانن بە ژیری دەستكرد ببنە خاوەن پیشەیەك جا دیزاینی جلوبەرگ بێت یان دیزاینی ناوماڵی بێت خواردن درووستكردن بێت، ئیكسسوارات بێت، زۆر بواری دیكە هەیە دەتوانن ژنان سودی لێببینن.
شا سۆران، خوێندکاری قۆناغی دووی ئەندازیاری كۆمپیوتەرە لە زانكۆی كۆیە، وتی: زۆر سودم بینی لەو وۆركشۆپەکە كە باسی ژیری دەستكردی دەكرد، من وەك خۆم رۆژنە هەركارێك بكەم پرس بە (ژیری دەستكرد) دەكەم وەك خوێندکارێک زۆر سودی لێدەبینم،و لایەنی ئەرێنی ژیری دەستكرد ئەوەیە كاتی زۆرت بۆ دەگەڕێنتەوە دەتوانم بۆ راپۆرتەكان و پرۆجێكتەكانی خوێندن سودی لێببینم ، ولایەنی نەرێنیەكەی ئەوەیە كە ژیری دەستكرد زۆربەی زانیاریەكانت وەربگرێت لە سەر ژیانی خودی خۆت یان پێدانی وێنەی خۆت ئەوەش زۆر خراپە چونكە ژیری دەستكرد دەتوانێت بەهەمان شێوە بەكاری بێنێتەوە، دەتوانێت بە شێوەیەكی ڕەوشتییانە بەكاری نەهێنێتەوە ئەوەش لایەنی خراپی ژیری دەستكردە.
.
ئاسودە بێستون، خوێندكاری بەشی ماتماتیك لە زانكۆی كۆیە وتی: هەموو شتێك كە سەرەتا دێتە ناو كۆمەڵگە سود و زیانیشی هەیە من وەك خوێندكارێك زۆر سودی لێدەبینم و یارمەتیم دەدات، ئەوەی بەكاری دێنێت بەزیرەكی دەیكات بەتایبەت بۆ ژنانی كۆمەڵگەی ئێمە دەبێت ئاگایان لەخۆیان بێت، بۆ ئەو ژنانەی دەیانەوێت خاوەن كاری خۆیان بن زۆر باشە دەتوانن سوودی لێببینن.