ژنانی بەشداربوو لە ئێشکگری تشرین: دەبێت خۆمان بپارێزین
ئەو ژنانەی بۆ پاراستنی ئاو و خاکی خۆیان چوونەتە بەنداوی تشرین و گەڕانەوە ئاماژەیان بەوە کرد، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەنداوی تشرین وێران بکات و شارەکانی کوردستان لافاو بیبات.
ئێلڤین محەمەد
کۆبانێ-هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هەڕەشەی ڕووخانی بەنداوی تشرین، ئێشکگری گەل بۆ پاراستنی ئاو و خاک و وزی خۆیانبە ئیرادەوە بەردەوامە، دەوڵەتی تورک لە ٨ی کانوونی دووەمەوە هێرش دەکاتە سەر ئیشکگری گەل، لەو هێرشانەدا ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە ٧٠ کەسیش برینداربوون.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە چەند ڕۆژێکە چاوی لە گیان لەدەستدانی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە لەژێر بۆردوماندا، بێدەنگن، هەروەها گەل دەڵێن بە دەستی خۆمان بەرگری لە خۆمان دەکەین، وەک چۆن تا ئێستا پشتمان بە هیچ کەسێک و گروپێک نەبەستووە، لەمەودوا پشتیان پێ نابەستین، ئێمە بە هێز و مۆڕاڵ و باوەڕمان بەردەوامین لە بەرخۆدانمان.
"پێویستە هەموو کەسێک لە بەرامبەر هێرشەکاندا بەنداوەکە بپارێزێت"
ژنانی شاری کۆبانێ کە لە ئەرکی ئێشکگریدان لە بەنداوی تشرین، باسیان لە بەرخۆدانی گەل کرد لە بەنداوەکە و ڕایانگەیاند کە پێویستە هەموو لایەک بەنداوەکە لە هێرشەکان بپارێزن.
زەهێ عەلی ئەیوب کە لە ئێشکگری بەنداوەکەدا بوو، باسی لە بەرخۆدانی لەوێ کرد و وتی: گەشتەکەمان بۆ بەنداوی تشرین بۆ پاراستن بوو، کاتێک کۆبانیمان بەجێهێشت، زیاتر لە ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ ئۆتۆمبێل هەبوون کە خەڵکی کۆبانی تێیدا بوون بەڕێکەوت کاتێک ئێمە دەڤەری سیرینمان بەزاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر دەوروبەرمان، بە هێرشە ئاسمانیەکانیان دەوروبەری ئێمەیان بۆردومان کردو ڕێگرییان لە خەڵکی کۆبانێ کرد کە بچن بەنداوەکەیان بپارێزن، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشانە ترساندنی گەلە، بەڵام هەمووان دەیانوت دەچین و ناگەڕێینەوە.
"لە ئۆتۆمبیلەکان دابەزین و بەرەو تیشرین ڕۆیشتین"
زەهێ عەلی ئەیوب ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی کردە ئامانج بۆ ترساندنی گەل و ڕێگریکردن لە ئێشکگری، وتیشی: کاتێک دەوڵەتی تورکیا بینی کە ئێمە لە هێرشەکان پاشەکشە ناکەین، دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکان، ١١ هاوڕێمان لە هێرشەکاندا بریندار بوون، هەروەها ٥ کەسیش گیانیان لەدەستدا، کاتێک هێرشی کردە سەر هاوڵاتیان، کەس گرنگی نەکرد، هەموو کەسێک ڕۆحی بەرز بوو، هانی دەوروبەریان دەدا و بەردەوام بووین، دوای ئەوەی ڕێگاکەمان بەهۆی هێرشەکانەوە پچڕا، لە ئۆتۆمبێلەکانمان دابەزین و بە پێ بەردەوام بووین لە ڕێگاکەمان، تا گەیشتینە بەنداوی تشرین.
"دەبێت خۆمان بپارێزین"
لە کۆتایی قسەکانیدا زەهێ عەلی ناڕەزایی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و باوەڕی خۆی بە بەهێزی گەلەکەی دەربڕی و وتی: کاتێک لە بەنداوی تشرین گەڕاینەوە، ئەو گروپانەی لە قامیشلۆوە هاتبوون لەوێ مانەوە، دواتریش هەروەها گروپەکە لە ڕەققە و تەبقا و دێرەزوورەوە ڕێوشوێنی خۆپارێزییان گرتەبەر، لە پشت ئێمەی کورد کەس نییە و هەر بۆیە دەبێت خۆمان بپاریزین بۆ ئەوەی کەس خاکمان لێنەسێنێت و بتوانین لەسەر خاکی خۆمان بین، هاوڕێکانمان لەوێ مۆڕاڵیان لێ وەرگرتین، سڵاو لە بەرخۆدانیان دەکەین و دەڵێین هەمیشە لە پشتیانەوە دەوەستین.
"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت کوردستان لەژێر ئاودا بمێنێتەوە"
مەیسون کەوار تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ جینۆسایدکردنی کورد و وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەند ڕۆژێکە بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت جینۆساید لە نێو خەڵکدا ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لە بەنداوی تشرین، بە مەبەستی لەناوبردنی بەنداوەکە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سنووری تەبقاو ڕەققە و تەنانەت سنووری کوردستانیش، چونکە دەکرێت زیانیان پێ بگات و بەر لافاو بکەوێت، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە گوند و شارەکان لە ژێر ئاودا بمێنێتەوە و مەترسییەکی گەورە بۆ گەل دروست بکات.
"بەنداوی تشرین هی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە"
لە سەرەتای قسەکانیدا، جوری تەمی جەختی لە ئامانجی هێرشەکان کردەوە و وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەند ڕۆژێکە بەردەوامە و دامەزراوەکانی گەنم و کارەبا و ئاو کراونەتە ئامانج، بەهۆی ئەوەوە گەلی کۆبانێ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە بەنداوی تشرین ئێشکگرییان ئەنجامدا و سەرەڕای ئەو هێرشانەش ئێمەش بۆ پاراستنی بەنداوەکە ئێشکگرییمان ئەنجامدا، هەروەها کاتێک گەیشتینە بەنداوەکە، مۆڕاڵێکی گەورەمان هەبوو.
جوری تەمی ڕایگەیاند، گەنج و کەسانی بەتەمەن ئێشکگر بوون بۆ پاراستن و وتی: گەنج و بەتەمەنەکان بەنداوەکەمان پاراست و پێکەوە مۆڕاڵمان بەرزکردەوە، ئەم ئێشکگرییە بەردەوام دەبێت و هەرگیز واز لە خاک و بەنداوی تشرین ناهێنین، بەنداوی تشرین بەتەنها هی ئێمە نییە، هی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە گشتییە بە کورد و عەرەبیشەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت بەردەوام بین لە ئێشکگریکردنی بەنداوەکە، تا کۆتایی لە پشت شەڕڤانانمانەوە دەبین.