ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەسەڵات دەبنەوە
خالیدە تورکئۆغلۆ، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی ''دەم پارتی''، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا گرت، کە بە دانانی سەرپەرشتیار و هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرۆکایەتی مافی ژنان تێکدەدەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو کارانە بەرەوپێشبردنی توندوتیژی و هەڵاواردنن.
ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد- لە ئەنجامی نایەکسانی ڕەگەزی و سیاسەتی ناتەواوی حکومەت بەرامبەر بە ژنان، توندوتیژی دژی ژنان وەک قەیرانێکی جیهانی بەردەوامە لە پەرەسەندن، هەروەها بۆ تێبگەیشتن لە قەبارەی ئەم دیاردەیە دەتوانرێت لە داتای مانگانە کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بڵاودەکرێتەوە، کە ڕاستی لە سادەترین شێوەی خۆیدا ڕەنگدەداتەوە.
لە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە" بۆ ماوەی ٢٣ ساڵە، لانیکەم هەشت هەزار و ٣٣ ژن کوژراون، هەزار و ٨٠٥ ژنی دیکەش لە هەلومەرجی گوماناویدا گیانیان لەدەستداوە، داتاکانی ڕێکخراوەکانی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن، کە پیاوان تەنها لە ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٩٨ ژنیان کوشتووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی مەترسیدارانەی ئەم قەیرانە.
توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا چەندین شێوەی هەیە، لەوانە توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، ئابووری و سێکسی، جگە لەوەش ژنان لە باکووری کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی شەڕی تایبەت دەبنەوە کە ڕاستەوخۆ دەیانکەنە ئامانج، لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا، ساڵی ٢٠٢٥ بڕگەیەکی بەرچاو بوو لە خەبات بۆ ژنان، چونکە ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن و شەڕ بوونەتەوە بۆ بەرگریکردن لە مافە سەختەکان کە بەدەست هێنراون.
خالیدە تورک ئۆغلۆ، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسەکەمان، باسی لە پەرەسەندنی هێرشەکانی دژی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٥ و ئامانجەکانیان و شێوەکانی بەرخۆدانی ژنان کرد، هەروەها ئەمساڵ شایەتی بەرزبوونەوەی ترسناکی ڕێژەی ژنکوژی بەخۆیەوە بینی، ڕۆژانە بە هەواڵی کوژرانی سێ ژن لە خەو هەڵدەستن و لە هەندێک ناوچەشدا ژمارەکە گەیشتووەتە هەشت ژن لە ڕۆژێکدا.
ژن لە نێوان وتاری خێزان و پەرەسەندنی توندوتیژی
خالیدە تورک ئۆغلۆ ئاماژەی بەوەدا، کە لەکاتێکدا تورکیا بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرزبوونەوەی کوشتنی ژنان بەخۆیەوە دەبینێت، ساڵی ٢٠٢٥ بە "ساڵی خێزان" ناساند، ئەمەش بە حیسابی مافەکانی ژنان و ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکی هەڵاواردن زانی، هەروەها لەبری ئەوەی دامودەزگا حکومییەکان پەرەبدە بە چارەسەر بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی و بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی، شاهیدی تەواو پێچەوانەین، ئەو پرۆتۆکۆلانەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی و وەزارەتی خێزان و وەزارەتی پەروەردەوە ئامادەکرابوون، بەشداربوون لە چەسپاندنی وتاری پیاوسالاری و بەرەوپێشبردنی هەڵاواردن دژی ژنان، ئەمە وایکرد ساڵی ٢٠٢٥ ببێتە ساڵێک کە سیاسەتەکانی دژە ژنان لە ژێر پەردەی خێزاندا پەرەیان بسەنن.
لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی ئەو ژنانەی لە تورکیا لە هەلومەرجێکی گوماناویدا کوژراون بە ڕێژەی ٩٦٪ زیادی کردووە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٥ ژمارەی ئەو ژنانەی لەلایەن پیاوانەوە کوژراون زیادی کردووە، لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا ١٩٨ ژن کوژراون و ٢١٣ ژنیش لە هەلومەرجێکی نهێنیدا بە کوژراوی دۆزراونەتەوە.
لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم ژمارانە، جەختی لەوە کردەوە، کە سیاسەتەکانی حکومەت بەرامبەر بە ژنان بە ڕوونی کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی دۆسیە یاساییەکان هەبووە، بێ سزایی ئێستا نۆرمێکە و مردنی گوماناویش ڕۆژانە زیاد دەکات، ئەم تاوانانە ئەوە نیشان دەدەن کە چۆن سیستەمێکی دادوەری پیاوسالاری کاردەکات، بە هاوکاری نێوان دەوڵەت و خێزانەکان، یان تەنانەت بە هاوکاری تۆڕە تاوانکارییەکان، بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.
ڕۆژین کابایش، دۆسیەی خوێندکاری زانکۆ بیرهێنایەوە کە لە شاری وان بێسەروشوێن بوو و دوای چەند ڕۆژێک تەرمەکەی لەناو ئاوەکەدا دۆزرایەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە دەسەڵاتداران هەوڵی داخستنی دۆسیەکەیان وەک خۆکوژی داوە، لەکاتێکدا ئاماژەیەکی ڕوون هەیە بۆ پەردەپۆشکردنی لەلایەن دەوڵەت.
خالیدە تورک ئۆغلۆ ئاماژەی بەوەدا، کە یەکێک لە تەوەرە هەرە دیارەکانی ساڵی ٢٠٢٥ ڕۆڵی پێشەنگی ژنان بوو لە خەباتی ئاشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی جەنگدا، هەروەها ئەمساڵ شایەتحاڵی پەرەپێدانی پلانی کارکردن بوو کە لە ڕێگەیەوە ژنان چارەسەری خۆیان بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی دەربڕی و هەوڵی دامەزراندنی وتارێکی ژنانی بەرخۆدانیان دەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" خاڵی وەرچەرخانێکی بەرچاوی پێکهێناوە، چونکە ژنان لەسەر بنەمای بەشداری چالاکانە لە پرۆسەی ئاشتیدا خۆیان ڕێکخستووە، کە یەکێکە لە پێویستیە سەرەکییەکانی تەڤگەری ژنان لە تورکیا و تەڤگەری ژنانی کورد "بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتییە"، بەو پێیەی مەرجێکی بنەڕەتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و ململانێدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم قۆناغە شایەتی هێرشکردنە سەر مافە مەدەنییەکان و قووڵبوونەوەی هەژاری ژنان بووە، هەژاری بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش خراپتر بووە، بەداخەوە تەنانەت لەم قۆناغەشدا ئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن، خۆیان پێگەیاندووە بۆ بۆ تێکدانی یەکسانی و ئازادی و مافە یاساییەکان، سەردەمێک بوو کە سنووری ئەوەی ژنان دەتوانن لەبەری بکەن و ئەوەی دەتوانن بیکەن، لە ڕێگەی فەتواکانی سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینییەوە کێشرا، لە هەمان کاتدا، کەسانێک هەبوون کە بە بەکارهێنانی ڕیتۆریکی ژنکوژی سیاسەتیان پراکتیزە دەکرد، هەروەها لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا بینیمان کە کۆمەڵگەکان چۆن خۆیان خستە ناو خولگەیەکی توندوتیژییەوە، تەڤگەرەکانی ژنان کە ئەم توندوتیژییەیان ئاشکرا کرد، بوونە ئامانجی هێرش، ئەمانە پراکتیزگەلێکن کە سووتەمەنی کولتووری توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا دەدەن.
خەباتی ژنان لە نێوان دوورخستنەوە و بەهێزکردن
لە سەرەتای تشرینی دووەمدا سێ ژن لە گەڕەکی سور لە ئامەد لەلایەن کۆمەڵێک پیاوی گەڕەکە بە توندوتیژی هێرشیان کرایە سەر و داوایان لێ کردن ماڵەکەیان بەجێبهێڵن، خالیدە تورک ئۆغلۆ بە بیرهێنانەوەی کە ئەم هێرشە ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی نیگەرانکەری کولتووری توندوتیژییە لەناو کۆمەڵگەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار توندوتیژی دژی ژنان یەکەمین نیشاندەری توندوتیژی بەربڵاوە لە کۆمەڵگەدا، دوو جۆر توندوتیژی هەیە: یەکێکیان ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە لە ڕێگەی ئامێر و دامەزراوە ئاسایشییەکانییەوە ئەنجام دەدرێت و ئەوی دیکەیان لە گروپەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە شێوەیەکی دەرەکی سەربەخۆ دەردەکەون لە دەوڵەت، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان لێبکرێت.
پرسیاری بنەڕەتی وروژاند: ئایا هەڵوێستی حکومەت سووتەمەنی ئەم توندوتیژییە دەدات، یان ڕووبەڕووی دەبێتەوە؟ ئایا دانانی 'پارێزەر' بەشداری کردووە لە بەهێزکردنی ئەم پێکهاتە پیاوسالارانە؟ ئایا بڕیار و وتارە ئاینییەکان بۆ بەردەوامکردنی جیاکاری ڕەگەزی بەکارهێنراون؟ وە ئایا گەشەی شاندە پیاوسالاریەکان کە لایەنگری ئایدۆلۆژیای ژنکوژن، چاوپۆشی لێکراوە؟
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو گروپانە تەنها ژنان ناکەنە ئامانج، بەڵکو هەوڵی سەپاندنی کۆنتڕۆڵ بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا دەدەن لە ڕێگەی چەوساندنەوەیانەوە، ئەمەش بە "شەڕێکی ئایدیۆلۆژی" پێناسە دەکات کە بەسەر جەستە و مافەکانی ژناندا بەڕێوەدەچێت.
خالیدە تورک ئۆغلۆ پێی وایە دانانی ئەمینداری حکومەت بۆ شارەوانیەکان نوێنەرایەتی جۆرێکی تری توندوتیژی سیستماتیکی دژ بە ژنان دەکات، باس لەوە دەکات، کە لە دوای دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی شارەوانییەکان، ئەم ئەمیندارانە سیستەمی هاوسەرۆکایەتییان هەڵوەشاندووەتەوە و دامەزراوەکانی ژنانیان داخستووە و میکانیزمەکانی پاراستنیان وەکو پەناگە لابردووە، ئەمەش وایکردووە ژنان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە و کەمتر بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سیاسەتانە ئارەزوومەندانە نەبوون، بەڵکو بەشێک بوون لە ڕەوتێک بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە پیاوسالارییەکان کە ژنان وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ ناناسن یان دان بە مافە بنەڕەتییەکانیاندا نانێن، هەروەها ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، وتاری ئایینییان وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم سیاسەتانە، هەوڵیانداوە کۆمەڵگە بەپێی چارەسەری کۆنەپەرستانە دابڕێژنەوە کە ژنان لە کایەی گشتی دووربخاتەوە، ئەم قۆناغە بە بەردەوامی بەرەوپێشبردنی توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە، چ لە ڕێگەی ڕاگەیاندن یان دامەزراوە جیاوازەکانەوە، تایبەتمەند بوو، لە هەوڵێکدا بۆ بونیادنانی سیستەمێکی ئایدیۆلۆژی کە هەڵاواردن بەردەوام بێت و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا سست بکات.
خالیدە تورک ئۆغلۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەڵکشانی مەترسیدار دەبنەوە لە هێرشکردنە سەر ئەو مافانەی کە بە سەختی بەدەست هێنراون ولە پێش هەموویانەوە سیستەمی هاوسەرۆکایەتییە، کە شارەوانییەکانی سەر بە پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە" لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا لە ئەم سیستەمەدا ڕکابەرییان کردووە، کە خەڵک دەنگیان بە تاکێک نەداوە، بەڵکو بۆ پڕۆژەیەک کە ئامانج لێی بونیادنانی ئیدارەیەکی ناوخۆییە کە لە ڕێگەی ژن و پیاوێکەوە نوێنەرایەتیان بکات، هەروەها کولتوور و ناسنامەکەیان بەرجەستە بکات و بەهاکانی ئازادی و یەکسانی بۆ سیاسەتی شارستانی بەرجەستە بکات.
ڕوونیشیکردەوە، لەو هەڵبژاردنانەدا ١٠٢ شارەوانیمان بردەوە و سیستەمی هاوسەرۆکایەتیمان لە ٩٦ شارەوانیدا جێبەجێکرد، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ ٥٦ ناوەندی ژنانمان کردەوە، ئەم سیستەمە تەنها ڕێکارێکی ئیداری نەبوو، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگە هەبوو، کاتێک خەڵک نموونەیەکی ئیداریی دادپەروەرانە دەبینن، ئەوا باوەڕ بەو دادپەروەریە دەکەن لە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا دڵنیایە.
پێی وایە بەشداری ژنان لە ئیدارەدا، هەستی مافی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتنێکی یەکسان بە خزمەتگوزاری و سەرچاوەکان بەهێز دەکات، هەروەها ڕۆڵی پیاوسالاری نەریتی دەشکێنێت کە سووتەمەنی هەڵاواردن و دواجار دەبێتە هۆی توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها تەڤگەری ژنانی کورد خەباتێکی درێژخایەنی بۆ یەکسانی ئەنجامداوە، بەڵام لەگەڵ سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، ئەم خەباتە گۆڕا بۆ نموونەیەکی بەدامەزراوەی ژنانی نموونەی.
خەباتێکی ژنان بۆ ئاشتی و یەکسانی
خالیدە تورک ئۆغلۆ جەختی لەوە کردەوە، کە دانانی ئەمیندارەکان تەنها ڕێکارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی سیستماتیک بووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی کە ژنان لە چوارچێوەی شارەوانییەکان دروستیان کردووە، هەروەها سەرکوتکردنی ئیرادەی گەل نەک هەر دەنگی خەڵک بێدەنگ دەکات، بەڵکو دەست بەسەر توانای بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی شارەکانیان و داڕشتنی داهاتووی هاوبەشیاندا دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی ئەمینداری کە هەشت ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتییە لەڕێگەی دانانی ئەو بەرپرسانەی کە نوێنەرایەتی ئیرادەی کۆمەڵگە ناکەن، لە ئێستادا لە ١٠ شارەوانیدا ئەمیندارەکان دانراون، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بە تاوان ناسێنراوە، ڕێکخراوەکانی ژنان تووشی هێرشی سیستماتیکی دەکرێن، بودجەی شارەوانییەکان بە شێوەیەک بەکاردەهێنرێت کە ئایین دەقۆزێتەوە و ژنان پەراوێز دەخات.
پێی وایە ئەم سیستەمە لە بیرکردنەوەیەکی تاکڕەو و پیاوسالارییەوە سەرچاوە دەگرێت کە باوەڕی بە حوکمڕانی نییە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی، بەڵکو باوەڕی بە تایبەتمەندی و باڵادەستی هەیە، بە پێناسەکردنی ئەم عەقڵیەتە بە "چەوسێنەر، ناسیۆنالیستی، ئاسیمیلاسیۆنیست، بەکارێنانی ئایین و پەرەپێدانی هەڵاواردنی ڕەگەزی، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی نوێنەرایەتی دژت تەواوەتی ئەم بیرکردنەوە دەکات، وەک دژە ژەهرێک کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و هاوسەنگی بۆ کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە.
خالیدە تورک ئۆغلۆ ڕوونیکردەوە، کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی نموونەیەک بەرجەستە دەکات کە لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی دامەزراوە و لە دژایەتی ئەو ئایدۆلۆژیایە یەکپارچەییەدا وەستاوە کە بەدوای هەژموون و دوورخستنەوەدا دەگەڕێت، ئەمڕۆ نموونەمان هەیە کە بەشداریکردنی یەکسان بەرەوپێش دەبات، لەکاتێکدا نموونەیە دیکە ڕاستەوخۆ دژایەتی ئەم ڕێبازە دەکات.
سەبارەت بە هۆکارەکانی پشت دانانی ئەمیندارەکان دەستبەجێ لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتیدا، ڕوونیکردەوە کە ئەم سیستەمە بەرهەمی خەباتی گەلی کوردە، بەتایبەتی ژنان، بۆ بونیادنانی نموونەیەکی کارگێڕی کە بەهاکانی ئازادی و یەکسانی چەسپێنێت و ڕۆڵێکی کارا بە ژنان ببەخشێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆییدا، هاوسەرۆکایەتی تەنها میکانیزمێکی ڕێکخراوەیی نییە، بەڵکو دەربڕینی ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە بە ئامانجی شکاندنی قۆرخکاری دەسەڵات و دامەزراندنی ئیدارەیەکی بەشداربوو کە ڕێز لە فرەچەشنی بگرێت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرەوپێش ببات.
تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژووی ژنان و ئاماژەی بەوەدا، کە بە دەستپێشخەریی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" زیاتر بەرچاو کەوتووە، ٢٧ی شوبات کە بە دەرفەتێکی مێژوویی دەگمەنی زانی و نابێت لەدەست بدرێت، وتی: ئێمە درک بەوە دەکەین کە ئەم جۆرە دەرفەتانە زۆرجار نایەت و هەر بۆیە ناتوانرێت لە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵات، بیرکردنەوەی باڵادەست، یان ئەوانەی قازانج لە شەڕدا دەکەن بمێننەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەزموونی جیهانی سەلماندوویەتی کە بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا خێراتر دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە و ئەنجامێکی بەردەوامتری لێدەکەوێتەوە، چونکە خەباتی ژنان لە دڵی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕەنگدانەوەی پێداویستییە ڕاستەقینەکانیەتی، ئاشتی تەنها بێدەنگکردنی چەک نییە، بەڵکو پێویستی بە بونیادنانی بناغەکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی هەیە و لێرەدایە ژنان دەبنە یاریزانی سەرەکی لەم پرۆسەیەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە ڕۆژی یەکەمەوە، لە پێشەنگی بەرەی دژە شەڕدا بوون، سوودیان لە ئەزموونی دوور و درێژ و تێگەیشتنێکی قووڵ لە کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و خەباتەکانیان وەرگرتووە، وتی: ئێمە بە تەواوی تێدەگەین کە قۆناغەکانی ئاشتی دەبێت لەگەڵ پەرەسەندنی خەباتی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی بێت، چونکە ئەو پرسانە بە سیاسەتی داخراو و پیاوسالاری چارەسەر ناکرێت، ئەگەر ئەوە بکرایە زۆر دەمێک بوو چارەسەریان بۆ دەدۆزیبوونەوە.
خالیدە تورک ئۆغلۆ لە بارەی هۆکارەکانی یەکگرتنەوەی ژنان لە لایەنی ئاشتی دژ بە شەڕ، ڕوونی کردەوە، کە دەوڵەت لە ڕێگەی سیاسەتەکانی یەکگرتن و ناسیۆنالیزمەوە، قەیرانەکانی توندتر کردووە، بەڵام ژنان سەرەڕای جیاوازی ئایین و ناسنامە و زمان و ئایدۆلۆژیایان، توانای یەکگرتنیان هەیە لەسەر زەمینەی هاوبەش، شوناسی ژنان، هەروەها ژنان هاوبەشی پێویستی ئاشتییە، لەکاتێکدا ڕەنگە پاڵنەرەکانی پیاوان بەپێی بەرژەوەندی یان ترسەکانیان جیاواز بێت، جا چ ئابووری بێت یان پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەبێت.
وتیشی: پرۆسەکانی ئاشتی نوێنەرایەتی دەرفەتێکی بەنرخ دەکەن بۆ ژنان، کە هەمیشە ئامانجی ڕاستەوخۆی شەڕەکان بوون و ئەمڕۆ هەوڵ دەدەن لە دڵی پرۆسەی بونیادنانی ئاشتیدا بن، ژنان لە پرسیارێکی بنەڕەتییەوە دەست پێدەکەن: ئێمە چ جۆرە ژیانێکمان دەوێت؟ کە وەڵامی ئەم پرسیارە لە خەباتی ژنان بۆ ئازادی و دادپەروەریدا بەرجەستە بوو”،
ئاماژی بەوەشکردووە، کە ئێمەین کە بەو ئازارەدا تێدەپەڕین، هەموو جارێکیش هەست بە تاڵیی برینەکان دەکەین، هەر بۆیە زۆر گرنگە کە ژنان ڕۆڵی گەورەتریان هەبێت لە داڕشتنی وتار و فراوانکردنی کایەکانی کردار و کارکردن، بەڵام دەسەڵات هەوڵدەدات چارەسەرەکان لە سنوورە تەسکەکانی خۆیدا قەتیس بکات و لە چارەسەرییاندا سنوورداریان بکات، بە پێچەوانەوە دەبێت ئەم بابەتە لە قۆرخکاریی دەسەڵات، چونکە بابەتێکە کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکان و کۆمەڵگە بە گشتی هەیە.
جەختی لە گرنگی بونیادنانی ڕێکخراوێکی ژنانی کردەوە، کە توانای دروستکردنی میکانیزمی بەشداریی هەبێت و ژنان بتوانن کۆببنەوە و هاودەنگی نیشان بدەن، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا، هەروەها ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ و کاریگەریان هەبێت لەم میکانیزمانەدا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، خالیدالید تورک ئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان بەردەوام دەبن لە یەکگرتوویی لە دژی توندوتیژی، لە پێناو چەسپاندنی بەهاکانی یەکسانی و ئازادی و بونیادنانی داهاتوویەکی هاوبەش کە شایەنی شکۆمەندی خۆیان بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت گەڕاوەتەوە بۆ پێشکەشکردنی "بودجەی جەنگ" لەبری ئەوەی ڕەنگدانەوەی ئاواتەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بێت، لەکاتێکدا باسی ئاشتی دەکەین، سەرمان سوڕدەمێنێت لە بودجەیەکی تەرخانکراو بۆ جەنگ و بودجەیەکی دیکە بۆ بەرگری، کە سیاسەتە ئاسایشییەکان بەرەو بەرزترین ئاست بەرزدەبنەوە، هیچ تەرخانکردنێک بۆ ژنان نییە، بەڵام بۆ جەنگ، هەمیشە سەرچاوە هەیە.
خالیدە تورک ئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ڕاستی ژنان ناچار دەکات شەڕێکی دوولایەنە بکەن، نەک تەنها دژی زیادبوونی هەژاری، بەڵکو دژی توندوتیژی سیستماتیکی و دانانی سەرپەرشتیار و پەرەسەندنی ئەو پێشێلکاریانەی کە ژنانی زیندان تووشی دەبن، ناڕەزایەتی و چالاکییەکان بۆ پشتیوانی لە ژنانی زیندانیان ڕێکدەخەین، دەستپێشخەرییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری ژنان دەستپێدەکەین، چونکە دەسەڵاتداران بە هەموو ئامرازەکانییەوە دوژمنایەتییەکی سیستماتیکی بەرامبەر بە ژنان پراکتیزە دەکەن.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم دوژمنایەتییە پێویستی بە جۆرێکی تایبەتی وەڵامدانەوە هەیە، کە بریتییە لە "بەرگریکردن لە خود"، ئەمەش بە واتای توندوتیژی نییە، بەڵکو زیاترە کە ژنان یەکتر ببینن، قسە بکەن، لە یەکتر تێبگەن و هاودەنگییەکی ڕاستەقینە لەسەر زەوی بونیاد بنێن، لەم ڕوانگەیەوە ئەنجومەنی ژنانی دوم پارتی و تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" و ئەنجومەنی ژنانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە" پێشەنگایەتی کۆبوونەوەکانی ماڵەوە و کۆبوونەوەکانی گەڕەکەکان دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و گەڕان بەدوای میکانیزمەکانی بونیادنانی ڕێکخراوێکی ژنانی ناوخۆیی کاریگەر.