ڕۆژنامەنووس بێریتان جانۆزەر سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا

ڕۆژنامەنووس بێریتان جانۆزەر کە بە تاوانی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوەکە" دادگایی دەکرێت، سزای ساڵێک و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس بێریتان جانۆزەر کە لە ساڵی ٢٠١٥دا لەسەر پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری سوری ئامەد، دادگایی دەکرێت، لە دادگای چوارەمی تاوانەکانی ئامەد بەڕێوەچوو، بێریتان جانۆزەر ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، بەڵام موحەرەم ئەربی، پارێزەرەکەی ئامادەبوو.

 

پارێزەر موحەرەم ئەربی لە میانی دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند، ڕۆژنامەگەری لە هەرێمەکە بە تاوان دادەنرێت و ئەو ڕووداوانەی ڕاپۆرت دەکرێن وەک تاوان وێنا دەکرێن، توخمە ماددی و ڕەوشتییەکانی تاوانەکە ئامادە نەبوون و داوای بێتاوانی بۆ بریکارەکەی کردووە.

 

هەروەها شاندی دادگا بڕیارەکەی ڕاگەیاند و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوەکە" سزای ساڵێک و سێ مانگ زیندانی بەسەر بێریتان جان ئۆزەردا سەپاند، دادگا بڕیاری هەڵپەساردنی سزاکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری جێبەجێکردنی دا.