میفیریستۆن، ئەو مافەی ژنان بووەتە ناکۆکی بۆ وڵاتان

وەزارەتی دادی ئەمەریکا داوای پێداچوونەوەی دژی بڕیارەکەی دادوەرێکی تەکساس کرد بۆ ڕاگرتنی پەسەندکردنی حەبی لەباربردن.

ناوەندی هەواڵ

 

هەفتەی ڕابردوو دادوەرێکی تەکساس مۆڵەتی بەکارهێنانی حەبی لەباربردنی ڕاگرت، بەڵام حەوت ڕۆژی دا بە حکومەت تا داوای پێداچوونەوە بکات.

 

پارێزەرانی بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێن: بڕیارەکەی هەفتەی ڕابردوو مەترسی لەسەر تەندروستی ژنان دروست دەکات، بە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی حەبێک کە ماوەیەکی زۆرە بە سەلامەت بەکارهاوتووە.

 

پێدەچێت شەڕەکە بەرەو دادگای باڵا بڕوات و نیشانەی پرسیار لەسەر دەستگەیشتن بە دەرمانەکە بۆ ملیۆنان ژن دابنێت.

 

ئەم ڕووبەڕووبوونەوە یاساییە لەوانەیە گەورەترین لێدان بێت بۆ دەستگەیشتن بە لەباربردن کاتێک دادگای باڵای وڵاتەکە لە هاوینی ڕابردوو بڕیاریدا هیچ مافێکی نیشتمانی نییە بۆ کۆتاییهێنان بە سکپڕی.

 

لە ئێستادا حەبەکە "میفیریستۆن" هێشتا بەردەستەو ڕۆژی دووشەممە، وەزارەتی داد بڕیارێکی بەپەلەی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی ڕێگری لە بڕیارەکەی هەینی ڕابردووی تەکساس بکات.

 

حکومەتی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەی تەکساس "بە تایبەتی بێ بنەمایە" چونکە بڕیارە زانستییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان "FDA" لەناودەبات کە ڕێگە بە دەرمان دەدات لە ئەمەریکا.

 

لۆرێنس گۆستین، پڕۆفیسۆری یاسای تەندروستی جیهانی لە زانکۆی جۆرجتاون وتی: ئەمە بڕیارێکی زۆر خراپە، هیوادارم بڕیارەکەی تەکساس ڕەتبکرێتەوە، ئەگەر FDA نەتوانێت ئەم دەرمانە پەسەند بکات، دڵنیا نیم FDA دەتوانێت چی پەسەند بکات، زیاتر لە دوو دەیەیە لە بازاڕدایە، تۆمارێکی تەندروستی و سەلامەتی هەیە.

 

ئەگەر وەزارەتی داد ئەم بڕیارە لەناکاوە بەدەست نەهێنێت، کە پێی دەوترێت مانەوە، پارێزەرەکانی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کەیسەکە دەبەنە دادگای باڵا کە پارێزگاران زاڵن.

 

ڕێکخراوە پزیشکییە سەرەکییەکانی وەک کۆلێژی ئەمریکی بۆ پزیشکی منداڵپارێزی و ژنان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێن میفیریستۆن سەلامەت و کاریگەرە.

 

ڕۆژی دووشەممە زیاتر لە ٣٠٠ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەرمانسازی لەناویاندا ئەلبێرت بۆرلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فایزەر، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی تەکساسیان کرد و وتیان: بڕیارەکە بڕیارێکە بۆ پشتگوێخستنی زانست.