'ئەوان بەرگەی زیادبوونی خەباتی ژنان ناگرن'
چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد "TJA" و دەیان ئەندامی ژنی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە میانی هەڵمەتەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەرکران و لە بەرامبەردا ژنانی ئامەد ڕایانگەیاند، "ئەوان بەرگەی زیادبوونی خەباتی ژنان ناگرن".
مەدینە مامەدئۆغلۆ
ئامەد- لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە ئەنقەرە، چەند چالاکوانێکی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد "TJA" و ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە ٢٩ی ئەم مانگەدا لە هەڵکوتانە سەر ٥٧ ماڵەوە دەستبەسەر کران.
لە بەرامبەر ئەم هەڵمەتانە و سیاسەتی تۆقاندن کە دژ بە خەباتی ژنانی کورد پراکتیزە دەکرا، ژنانی ئامەد لە باکووری کوردستان، بە کاردانەوەی خۆیان، سەرنجیان بۆ ئەو ڕاستییە ڕاکێشا کە "دەستبەسەرکردن و زەوتکردنی ئازادییان هیچ کاریگەرییەکی نابێت".
"لەڕێگەی ئەم دەستگیرکردنانەوە بەڕوونی دەبینین کە ترسیان لە ژنان هەیە".
ئەندامێکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان "دەبەپە" کۆڵچن شنگال ڕوونی دەکاتەوە کە خەباتی ژنان لەژێر هێرشی گەورەدایە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشانە ئاماژەن بۆ ترسی ئەوان لە بزووتنەوەی ژنان، "ئەو هەلومەرجەی ئێمە تێیدا دەژین بەڕاستی سەختە، بزووتنەوەی ژنانی کورد، ئەو کەسەیە کە خەباتێکی بەهێز و چەسپاوی خوڵقاند کە چەندین ساڵ لەمەوبەر درێژەی کێشا، لە ٨ی ئازاری ئەمساڵدا ژنانی ناو گۆڕەپانەکان بە لوتکەی دەنگیان هاواریان دەکرد، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای ئەوە ژنان ڕووبەڕووی هێرشی گەورە بوونەتەوە، و دەیان چالاکوان دەستگیرکران."
"خەباتی بزووتنەوەی ژنان گەیشتووەتە ڕەهەندێکی جیهانی"
کۆلچین شنگال دووپاتیکردەوە کە ئەوان بەرامبەر سیاسەتەکانی تۆقاندن دژی ژنان دەوەستنەوە، و بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی دەنگیان، چونکە ئێمە لە کاتی پرۆسە مێژووییەکانماندا بۆ پەرەپێدانی خەباتی ژنان ڕووبەڕووی سیاسەتی مەترسیداری توندوتیژی بووینەوە و لەم قۆناغەی خەباتیشدا دروشمی "ئێمە چۆکمان نەدا و ئەژنۆ نادەین"مان کردە بنەمایەک بۆ خۆمان، هەروەها دەتوانین بڵێین کە ئەو خەباتەی کە بزووتنەوەی ژنان ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە ڕەهەندێکی جیهانی."
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ سنووردارکردنی تەشەنەکردن و فراوانبوونی خەباتی ژنان، هەمیشە دروشمەکانمان دەڵێنەوە و دژایەتی ئەو توندوتیژییە دەکەین کە چەمکە پیاوسالارییەکانی دەوڵەت پەرەی پێداوە، بەتایبەتی ئەو چەمکانەی کە دژی ژنان و کۆمەڵگا بەگشتی دەوەستنەوە".
"لە هەموو بوارەکاندا ئامادە دەبیت"
لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی لە ئامەد، گۆلستان ئەتاسۆی، دەستگیرکردنی ژنانی شەرمەزار کرد، و ڕوونیکردەوە کە ئەم سیاسەتانەی بەرامبەر بە ژنانی کورد پراکتیزە دەکرێن، شتێکە کە ڕێکخراوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان ئەم دەستگیرکردنانە قبوڵ ناکەن و بەردەوام دەبن لە ڕێکخستنی ڕیزەکانیان لە دژی ئەم شێوازە سەرکوتکردنانە، “زۆر باش دەزانین کە مەبەست لەم دەستگیرکردنانە ڕێگریکردنە لە خەباتی ژنان، کاردانەوەمان بەرامبەر بەم دەستگیرکردنانە بۆ ئەوە دەبێت نوێکردنەوەی دروشمی جیهانی "ژن ژیان ئازادی"، بۆیە خەبات دەگوازینەوە بۆ هەموو گۆڕەپانەکان، و خۆمان لە هەموو بوارەکاندا ڕێکدەخەین و لەو شوێنانەی کە ژنان ئامادەیی ژنیان ناوێت، ئێمە بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە ئامادە دەبین، و ئەم خەباتە فراوانتر دەکەین بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی"، وەک چۆن هەرگیز ئەم دەستگیرکردنانە قبوڵ ناکەین، وەک چۆن سیاسەتی ستەمکاری نامێنێت ئامرازێکی سەرکوتکردن بەسە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنان و ڕێگریکردن لە خەباتیان”.