چالاکوانانی فەلەستینی ئیدانەی گرتنی ژنان و منداڵان لە غەزە دەکەن

چالاکوانانی فەڵەستینی جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی چالاککردنی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ کە پاراستنی ژنان و منداڵان مسۆگەر دەکات.

نەغم کەراجە

 

غەزە-توندوتیژی و وێرانکاری لە کەرتی غەزە لە بەیانی ڕۆژی ٩ی ئایارەوە زیادی کردووە بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو لایەنی شەڕەکەوە کە خەڵکی مەدەنییان کردۆتە ئامانج لەنێویاندا ژنان و منداڵان، دوای ئەوەی هەردوولا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە ئاگربەستی تێدایە هێرشەکە لە کاتژمێر ١٠ی ئێوارەی ١٣ی ئایار ڕاگیرا.

 

وەفا ئەبو موسا، چالاکوانی مافەکانی ژنان و منداڵان جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی فەڵەستین لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین لەم ڕۆژانەی ئێستادا، لە کاتێکدا ئامێری جەنگی ئیسرائیل بە چەندین شێوەی پێشێلکاری دەیانکاتە ئامانج.

 

ڕوونیکردەوە کە دیمەنە خوێناوییەکانی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر خێزانە فەڵەستینییەکان بوونەتە هۆی لەدەستدانی ژیانی تەواوی خێزانەکان، لەوانە منداڵان و ژنان و خەڵکی بەتەمەن، هەروەها کاریگەری لەسەر باری دەروونی خەڵک هەیە، ئیسرائیل هەموو جۆرە پێشێلکارییەک ئەنجام دەدات، وتیشی:ئەم هێرشانە هەستی لەدەستدان و دڵتەنگی لەنێو منداڵاندا بەردەوام دەکەن، کە وایان لێدەکات لە دۆخێکی چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ و نەبوونی ئاسایشدا بن.

 

ژنان لە خوێندن دادەبرێن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

وەفا ئەبو موسا، ئەوەشیخستەڕوو خەڵکی فەڵەستین سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخانەی کە لەژێر هەلومەرجی جەنگ و ئەو گەمارۆیەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە کە بۆ ماوەی ١٥ساڵە بەردەوامە، جەنگەکان و هێرشە بەربەرییەکان بوونەتە هۆی زیادبوونی هەژاری ماددی و کۆمەڵایەتی، چونکە ژنان پاراستنی خێزانەکانیان لە هەژاری و برسێتی دەکەنە بنەمای سەرەکی و لە خوێندن دادەبڕێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کوشتنی خەڵکی مەدەنی، بێبەشکردنی ژیانی ئاسایی، هەژاری سیستماتیک، هێرشی دووبارە و وێرانکردنی ژێرخان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤن.

 

لە لایەکی دیکەوە مانال مەخت، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد ژنان لە غەززە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی مافی مرۆڤ و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر دەبنەوە لە هەموو ئاسۆکاندا، کە هێرشەکان بۆ سەر شارەکە ڕێژەی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا زیاد کردووە و ژنان لە بارودۆخی لەناکاودا زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەزە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئابووری بۆ زۆربەی خەڵک دەکەن، بەوەش ڕێژەی توندوتیژی لەناو خێزانەکەدا زیادی کردووە، کە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ژنان بووە و بووە هۆی ئاوارەبوونی زۆر کەس کە ژنان دەخاتە بەردەم پێشێلکردنی تایبەتمەندی و نەبوونی خۆراک و هەندێک جار هەراسانکردن.

 

مانال مەخت داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پارێزگاری لە خەڵک بکەن بەپێی بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پاراستنی ژنان لە حاڵەتی جەنگ و ناکۆکییەکاندا دابین دەکات، هەروەها کار بکات بۆ دابینکردنی یارمەتی مرۆیی دەستبەجێ و بەپەلە بۆ فەڵەستینییەکان، لەوانە دابینکردنی چارەسەر و خۆراک و ئەوانی تر.

 

هەروەها غەزال ئەلنور، لێکۆڵەر ڕوونیکردەوە کە سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنانەی کە مافەکانی منداڵان و ژنان و پرۆتۆکۆلە واژۆکراوەکان و ئەنجامەکانیان لەخۆ دەگرێت، ئیسرائیل هەمیشە هەوڵی کوشتنی ژنان و منداڵان دەدات بەبێ هیچ ڕەچاوکردنیەکی یاسایی و مرۆیی، بەڵام کوشتنی ژنان و منداڵان زۆر ئاسان بووە و خانووەکان لە کاتی خەودا لەسەر سەریان وێران دەکات.