دانیشتوانی هیندستان لە گەشەکردندایە و پێویستی بە ژنانی زیاترە لە شوێنی کارکردن

مانگی ڕابردوو هیندستان وەک پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیهان چینی تێپەڕاند، ئەمەش وایکرد شرۆڤەکاران ئاماژە بە سوودە ئەگەرییەکانی گەنجەکانی بکەن لە کارکردن، بەڵام نوێنەرایەتییەکی کەمی ژنانە لە هێزی کاری هیندستان بەربەستێکی سەرەکیە لەبەردەم بەدیهێنانی ئەم توانایە

 ناوەندی هەواڵ

 

نزیکەی نیوەی دانیشتوانی هیندستان لە ڕەگەزی مێن و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ژنانی کارکەر لە دوو دەیەی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاست دابەزیووە.

 

بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، ڕێژەی بەشداری ژنان لە هێزی کاری هیندستان لە لوتکەدا بووە لە ساڵی ٢٠٠٠ و ڕێژەی ٣١٪ بووە، لەو کاتەوە ساڵانە بە بەردەوامی دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە و لە ساڵی ٢٠١٨دا نزمترین ئاستی گەیشتووەتە ٢١٪.

 

دابەزینی ڕێژەی کارکردنی ژنان لە هیندستان چەندین هۆکاری هەیە، هیندستان کۆمەڵگەیەکی تاڕادەیەکی بەرچاو پیاوسالارییە، کە چاوەڕوانی کۆمەڵگە لە ژنان ئەوەیە کە لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆیان سەرقاڵی کارکردنی دەرەوە نەکەن ئەمەش وای لە ژنانی وڵاتەکە کردووە کەمتر بچنە بواری کارکردنەوە، بەپێی ڕاپرسییەکی نیشتمانی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ژنانی هیندستان هەشت هێندەی ژمارەی کاتژمێرەکانیان لە کاری چاودێری بێ مووچە بەسەر دەبەن بە بەراورد لەگەڵ پیاوان.

 

شارەزایان دەڵێن، نیگەرانییەکانی سەلامەتی و نەتوانینی دۆزینەوەی کار لە نزیک ماڵەوە، ڕێگری دەکات لەوەی ژنان لە شارە گەورەکاندا بچنە ناو هێزی کارەوە، هەروەها داتا فەرمییەکان دەریدەخەن کە تەنها ٪٣٢ی ژنانی هیندستان دوای هاوسەرگیری کاردەکەن و زۆربەیان بەشێکن لە کەرتی کشتوکاڵ بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشیینەکان.

 

ئەشوینی دێشپاندە، مامۆستای ئابوری و سەرۆکی سەنتەری داتا و شیکاری ئابووری لە زانکۆی ئاشۆکا دەڵێت، وڵات پێویستی بە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری کاری جیاوازە لە کشتوکاڵکردن بەتەنها لە ناوچە گوندنشینەکان بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە دەرەوەی کاری کشتوکاڵی هەلی کار بدۆزنەوە لە بوارە جیاوازەکانی دیکەی کارکردن.

 

ڕاپۆرتێکی ماکینزی ساڵی ٢٠١٨ مەزەندەی کردووە کە هیندستان دەتوانێت ٥٥٠ ملیار دۆلار بۆ بەرهەمی ناوخۆیی خۆی زیاد بکات بە زیادکردنی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاری تەنها بە ڕێژەی ١٠٪، لە ئێستادا ژنانی کارمەند کەمتر لە ٢٠٪ی کەرتی بەرهەمهێنانی هیندستان پێکدەهێنن، بەڵام هەندێک گۆڕانکاری بەدی دەکرێت، بەتایبەتی لە پشتێنەی پیشەسازیی هۆسور لە تامیل نادو.

 

هۆسور دەکەوێتە تەنها ٣٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی تەکنەلۆژیای زانیاری بەنگالو، شوێنی کۆمەڵێک پیشەسازییە و بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدراوە هێزی کاری ژنان لە وەبەرهێنان پێشبخرێت.