وەرزشوان و خاوەن مەدالیای زێڕین لەنێو برینداری هێرشە کیمیاییەکان هەیە

ئەمڕۆ، شەش قوتابخانەی کچان لە شاری سەقز و دوو قوتابخانەی کچان لە شاری سنە لەگەڵ قوتابخانەیەکی کچان لە ئامل کرانە ئامانجی هێرشی کیمیایی، هەنگامە محەممەدی، وەرزشوان و خاوەن مەدالیای زێڕین یەکێکە لە بریندارەکانی ئەم هێرشە کیمیاییە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، کیمیابارانی بەرفراوان بۆ سەر قوتابخانەکانی شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕوویدا.

لە یەک ڕۆژدا شەش قوتابخانەی کچان لە شاری سەقز، دوو قوتابخانەی کچان لە شاری سنە و قوتابخانەیەکی کچان لە ئامل بە گازی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر و دەیان خوێندکاری کچ بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە، هەروەها ململانێ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیانی سەقز ڕوویدا.

 

لە شاری سەقز، دەیان خوێندکاری کچ لەوانە هەنگامە محەممەدی، وەرزشوان و خاوەن مەدالیای زێڕین لە ئەنجامی کیمیابارانی قوتابخانەکان بریندار بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوایین کیمیاباران ئەمجارە گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کۆی ٩ قوتابخانە کە کرابوونە ئامانج، ٨ قوتابخانە دەکەونە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سەقز و سنە.

 

ئەو قوتابخانانەی کە بە کیمیاباران هێرشیان کراوەتە سەر بریتین لە: ئامادەیی کچانی معراج لە سەقز، ئامادەیی کچانی تاڵقان لە سەقز، ئامادەیی کچانی سومەییە لە سەقز، قوتابخانەی بنت الهادی سەدری کچان لە سەقز، قوتابخانەی ئیستقلالی کچان لە سەقز، قوتابخانەی عیسمەتی کچان لە سەقز، قوتابخانەی ناوەندی کچانی شەهید بەهمەن لە سنە، قوتابخانەی کچانی جەماران لە سنە، ئامادەیی کچانی ئایین و مەعریفە لە ئامل.

 

دوای کیمیاباران و ژەهراوی کردنی دەیان خوێندکاری شاری سەقز، لە کاتێکدا ئەو بنەماڵانە بەرەو قوتابخانەکان دەڕۆیشتن، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەریان و ژمارەیەک بنەماڵەیان دەستبەسەر کرد، لە ئەنجامی کاردانەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بەهۆی ژەهراویکردنی خوێندکاران و دەستبەسەرکردنی بنەماڵەکانیان، هاووڵاتیانی سەقز بە دروستکردنی بەربەست لە چەند شوێنێک ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی، هەروەها کۆمەڵێک خوێندکار و مامۆستایانیش بانگەوازی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە.

 

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سەقزەوە بڵاوکراونەتەوە، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەم شارە، هاووڵاتیان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە قوتابخانەیەکەوە ئاڵای ڕژێمی ئێران دەهێننە خوارەوە.

 

دوای ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا و لە کاتێکدا کە توڕەیی و ناڕازیبوون لە سیستمی ڕژێمی ئێران لە کۆمەڵگە بە توندی هەستی پێکرا، ژەهراویکردنی خوێندکاران لە شارەکانی قوم و پارێزگاکانی ناوەڕاست دەستیپێکرد، تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە زۆربەی پارێزگاکان خوێندکارە کچەکان ژەهراوی بوون، شارەزایان پێیان وایە کە گرووپە ئایینییە توندڕەوەکان بەرپرسی ئەم جۆرە هێرشانەن.