دەبەپە سەردانی بنەماڵەی شەنیاشاری کرد

چالاکی ئێشکگری دادپەروەری بنەماڵەی شەنیاشار لە ڕۆژی ٧٤٥ دا بەردەوامە، کەسکین بایندیر هاوسەرۆکی دەبەپە سەردانی بنەماڵەی شەنیاشاری کرد و وتی: "بە خۆڕاگری ئێوە شکستی ئەم حکومەتە لە ١٤ ئایاردا دەبینین."

ڕەحا

 

ڕۆژی ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨، دوو کوڕ و هاوسەری ئامینە شەنیاشار لە ڕەحا لەلایەن کەسوکار و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە ئیبراهیم حەلیل یەڵدزەوە کوژران، ئێشکگری دادپەروەری شەنیاشار بۆ دادپەروەری لەگەڵ فەریت کوڕەکەی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو، لە ڕۆژی ٧٤٥دا بەردەوامە.

 

کەسکین بایندیر سەردانی خێزانی شەنیاشاری کرد

بنەماڵەی شەنیاشار لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی لە پرسوسەوە هاتنە بەردەم دەرگای دادگای ڕەحا و لەبەردەم لافیتەی "دادپەروەری بۆ بنەماڵەی شەنیاشار" درێژەیان بە ئێشکگرییەکەیان دا.

 

کەسکین بایندیر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە، کە هەفتەی ڕابردوو لە زیندان ئازادکرا، سەردانی بنەماڵەی ئامینە شەنیاشاری کرد، هەروەها پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، لە ڕەحا عومەر ئۆجەلان و عایشە سوروجو لەگەڵ کەسکین بایندیر بوون.

 

"هەموو جیهان پشتیوانی بەرخۆدانتان دەکات"

کەسکین بایندیر لە کاتی ئێشکگری دادپەروەری لەگەڵ ئامینە شەنیاشار گفتوگۆیی کرد، سڵاوی زیندانیانی سیاسی بۆ هێنا و ڕایگەیاند کە زیندانییەکان سڵاویان لە بەرخۆدانی ئامینە شەنیاشار کردووە و وتی: " ئەمڕۆ هەموو جیهان پاڵپشتی بەرخۆدانتان دەکات، تۆ بەتەنیا نیت و پێمان وایە ڕۆژێک دادپەروەری بەدی دێت، ئێمە پشتگیری بەرخۆدانتان دەکەین تا دادپەروەری بەدەستدەهێندرێت و هەموو دایکە خۆشەویستەکان ئەو ڕۆژە دەبینن، بە ئیرادەی خۆت ئەم دەسەڵاتەت لەناو برد، سەرت بەرزە و سەری ئەوانیش هەمیشە لەبەردەمیاندایە، بە بەرخۆدانتان بە دادپەروەری بەرامبەر ئەم حکومەتە وەستانەوە کە لەسەر بنەمای ستەمە، لە ئەنجامی بەرخۆدانی ئێوەدا ئێمە دەبینین کە ئەم حکومەتە لە ١٤ی ئایاردا دەڕوخێت."

 

هەروەها ئامینە شەنیاشار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بایندیر و زیندانیانی سیاسی دەربڕی و وتی: "لە هەموو شوێنێک پاڵپشتییان کردین، سوپاسی هەموو لایەک دەکەین، لە دەرەوەی وڵاتەوە کەسانێکی زۆر دێن بۆ سەردان و پشتگیریمان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش حکومەت دادپەروەری نەکرد."