هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی پزیشکی دەستگیرکراو موحەبەت غەفووری نییە

زانراوە کە پزیشکی پسپۆڕی تەندروستی منداڵان د. موحەبەت غەفووری، کە پێشتر لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمدا لە شاری لاری ئێران دەستگیرکرابوو و دواتر ئازاد کرابوو، دووبارە دەستگیرکراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ – لە ئێران و لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمدا، لە شاری لاری سەر بە پارێزگای فارس، پزیشکی پسپۆڕی تەندروستی منداڵان د. موحەبەت غەفووری دەستگیرکراوە. سەرەڕای ئەوەی ٥ ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنەوەی تێپەڕیوە، هێشتا هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنی ڕاگرتنی و باری تەندروستی بڵاونەکراوەتەوە. ڕاشگەیەندراوە کە پێش دەستگیرکردنی، دەست بەسەر هەموو ماڵ و موڵکەکەیدا گیراوە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، موحەبەت غەفووری لە ٤ی ئایاری ٢٠٢٦دا دەستگیرکراوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دەستگیرکردنە بەردەوامیی فشارە ئەمنییەکانە. پێشتر موحەبەت غەفووری لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا دەستگیرکرابوو، دوای سێ هەفتە لە زیندانیکردنی نادیار، بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

موحەبەت غەفووری وەک یەکێک لە پزیشکە ناسراوەکانی منداڵان لە ناوچەی لار دەناسرێت و جیا لە کارە پیشەییەکانی خۆی، هاوکاری ئەو خێزانانەی دەکرد کە باری ئابوورییان خراپ بوو. باس لەوە دەکرێت کە تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن ئەو دەزگایەی دەستگیری کردووە دەربارەی شوێنی ڕاگرتنی و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، نەدراوە.