ڕژاک: زیھنییەتی دەستدرێژیکەر دەسڕینەوە و عەفرین ئازاد دەکەین
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە چوارەمین ساڵیادی هێرشکردنە سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا بە پێشەنگایەتی ژنان پڕۆژەی دیموکراتیبوون ئاوادەکرێت.

ناوەندی هەواڵ
لە چوارەمین ساڵیادی هێرشکردنە سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە بەرخۆدانی گەلی عەفرین دەکات.
دەقی بەیاننامەکە بەمشێوەیەیە:
بە گەڕانەوە بۆ مێژوویەک لە داگیرکاریی سەر خاکی میزۆپۆتامیا و شەڕی ھەبوون، گەلیی کورد درکی بە پێویستی ھەڵگرتنی ھەنگاوێک کرد ھەتا چارەنووسی خۆی بگۆڕێت. ھەر بۆیە لە ڕۆژئاوای کوردستان ھەنگاو بۆ ئەمە نرا و لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی بەرەو دیموکراتیکبوون بە پێشەنگایەتی ژن، کارکردنی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر سیستەمێکی خۆبەڕێوبەر و پێشکەوتنی ژن لە سەرجەم پایەکانی کۆمەڵگەدا، ترس و گومانی خستە سەر ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کە شەڕیان کردووەتە خۆراکی مانەوەیان، بە تایبەت دەوڵەتی دژە ژن و نەژادپەرستی تورک. بۆ ئەوەش ھێرش و داگیرکارییەکانی لە چەندین بەرگی جیاوازدا لە ژێر ناوی "داعش و ئەلنوسرە و قاعیدە" بەڕێوەبرد و لە دوای سەرکەوتنەکانی شەڕڤانانی ئازادی و ناساندنی ڕووی ڕاستەقینەی ژنانی کورد بە جیھان دەوڵەتی داگیرکاری تورک خۆی ھێرشی بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد و دزی و تاڵانی و دەستدرێژیی بۆسەر ژن بووە ناونیشانی ئەو دەوڵەتە.
ئەگەرچی ٢٠ی چلە بۆ عەفرینییەکان، بۆ ژنانی کورد بە ئێشە، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا ئەم ئازارە وەرچەرخاوە بۆ وزە و ئیرادەی بەرخودان و ژنان لە پێشەنگایەتیدا ھەنگاوێک بۆ دواوە نانێن. ئەم ئاستە لە خەباتی ژن دەبێتە قەڵغانێکی بەھێز بۆ ئازادبوونی عەفرین و تۆڵەی زیھنیەتی داگیرکەر و دەستدرێژیکەری دەوڵەتی تورک.
ئێمەی ژنان بەردەوامیی داگیرکارییەکان، فۆبیای دەوڵەتی تورک دەگەڕێنینەوە بۆ زیندوویی گەلەکەمان و پێشخستنی خەباتی شۆڕشگێڕیی لەناو ژنان و ھەبوونی جیھانبینییەکی جیاوازتر لە ڕابردوو.
لای ھەمووان ئاشکرایە لە باشووری کوردستان لە دوای ھەشت مانگ بەرخودان دەوڵەتی تورک تێکشکا، ھەر بۆیە ئەمساڵ میراسی ٨ی مارس ھاوتەریب دەکەین لەگەڵ وەدەرنانی داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان و بەڵێنی ئازادیی عەفرین دەدەین.
ت.پ