ڕژاک: بە پێداگرییەوە بۆ ئازادی لەگەڵ ژنانی ئەفغانستانین
ڕژاک لە بەیاننامەیەکدا هەوخەمی خۆی بۆ گەلی ئەفغانستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە بە پێداگرییەوە بۆ ئازادی و تێکۆشان لەو پێناوەدا لەگەڵ ژنانی ئەفغانستانن و هێرشەکان بۆسەر شەنگال و ئەفغانستان بە هەمان ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری دەبینین.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی نووسراودا پشتیوانی خۆیان بۆ گەل و ژنانی ئەفغانستان دوپاتکردەوە و ئاماژەیان بەو سیاسەتەدا کە دەوڵەتانی زلهێز لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ئامادەی قڕکردنی گەلن، هەروەها ئەقڵیەتی هێرشکردنە سەر شەنگال و ژنانی ئێزدی بەهەمان ئەقڵیەتی هێرش کردنە سەر ژنانی ئەفغانستان و داگیرکردنی ئەو وڵاتە لە قەڵەمدا.
بەیاننامەکەی ڕژاک بەم شێوەیەیە:
بۆ ڕای گشتی
رۆژهەڵاتی ناوین لە هەر كات زیاتر بە رەوشێكی مەترسیدار و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، ئەفغانستانیش یەكێك لەو وڵاتانەیە كە دەمێكی دریژە بۆ جێبەجێكردنی پیلانو پرۆژەكانی هێزە نێونەتەوەییەكان لە بارودۆخێكی نالەبارو ناسەقامگیردا دەژین. جارێكی تر بووە ئامانج بۆ پرۆژە دژە مرۆیی هێزە هەگەمۆنەكان. وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە گوایە بۆ ئارامی، ئاشتی، دیموكراسیو ئازادی ژنان پێكبێنێت، بە هەموو هێزیەوە دەستوەردانی لە ئەفغانستان كردو خۆی بەجێ كرد. ئەمڕۆ جارێكی تر بۆ پیلانی پڕۆژەی گەورەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، لەگەڵ تاڵیبان هاوپەیمانێكی دژی كۆمەڵگە واژۆ دەكاتو لەو هەرێمە دەكشێتەوە. ئەو دەنگۆو وتانەی كە بە ئەقڵی دەسەڵاتداری سەردەمو پیاوسالاریو ئیمپریالیز كە دەڵێن: تاڵیبان گۆڕاوە، وەك پێشتر تاریكی لەسەر گەلان ناسەپێنێت، لە گوتنو دەنگۆیەكی درۆ زیاتر شتێكی تر نییە. ئەو روداوانەی ئێستا لە ئەفغانستان روو دەدەن جارێكی تر دوو روێتی هێزە ناونەتەوەییەكان دەخاتە روو. ئەو دووروویەی لەلایەك باسی ئازادیو مافی ژنان دەكات.
تاڵیبان ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵات دەسەپێنێت
لە بەیاننامەکەی ڕژاکدا هاتووە: "تاڵیبان دوای ئەوەی كە ئەفغانستانی داگیر كرد، هێرشو توندوتیژی لەدژی ژنان بەكارهێنا، بەهەمان زیهنیەتی پێشوو بڕیاری هاوسەرگیری زۆرەملێو لە تەمەنی بچوكدا هاوسەرگیری، حیجابی بەسەر ژناندا سەپاندو ژنیان گەڕاندەوە سەردەمی تاریكی، ژنانیان لە هەموو گۆڕەپانەكانی كۆمەڵگە دور خستەوە، هێرشیان كردە سەر ماڵانو كچی بچوكیان رفاند. تاڵیبان بە هەمان زیهنیەتی پیاوساراریو رەگەزپەرستی سیستەمو دەسەڵاتی خۆی بەرێوە دەبات. ئەو بارودۆخو كردارانە بە گشتی زیهنیەتی تاڵیبانو هاوشێوەكانیان دەخاتە روو"، ڕژاک جەختی لەوەشکردەوە کە ژنان لە جیهاندا ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە و تاڵیبانیش هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ هێرشەكانی داعش، بۆكۆ هارام، هێرشی چەتەكانی تورك لە عەفرین، سەریكانیو گرێ سپی نییە ئەو هێرشانەش لە كەسایەتی ژندا دەكرێتە سەر هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە بەگشتی. بێ دەنگی هێزە ناونەتەوەییەكان لە بەرامبەریان بە واتای ئەرێ كردنو رەوا بینینیەتی.
هێرشکردنە سەر شەنگال و ئەفغانستان لە هەمان زهنییەتەوە سەرچاوە دەگرێت
ئەو ڕێکخراوە ئەقڵیەت و سیاسەتی هێرش کردنە سەر ژنانی ئەفغانی بە هەمان سیاسەتی هێرشکردنە سەر شەنگال و ژنان پێناسەکرد و بە گرنگی زانی کە بە خۆڕێکخستن و بەهەمان شێوەی ژنانی شەنگال، ژنانی ئەفغانییش بەڕووی داگیرکاری و هێرشەکاندا بووەستنەوە و لە بەردەوامی بەیاننامەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە وەك گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین، بە تایبەتیش ژنان، باوەڕ بە هێزە نێونەتەوەییەکان نەهێنن کە لە هێزە تاریكو چەتەو تیرۆریستەكان ڕزگاریان بکات، بەڵکو تەنیا بە بیر و باوەڕ و هێزی جەوهەری ژنان وەک بەرگری ژنانی کۆبانێ و بەرخۆدانی ژنانی شەنگال دەگەنە ئازادی.
لە کۆتایشدا ڕژاک ڕایگەیاند: وەك ڕژاک بە تێكۆشان لە دژی داگیركاری، بە پێداگریەوە بۆ ئازادی لەگەڵ ژنانی ئەفغانستانین، سڵاو دەنێرین بۆ ئەو ئەو ژنانەی كە لە ئەفغانستان لە دژی تاریكی دەنگی خۆیان بڵند دەكەنو دەڵێن ئێمە هەین و بەرگریان پیرۆز دەكەین، وەك ژن چارەنوسمان یەكە، بۆیە چارەنوسی زیهنیەتی دەسەڵاتداری پیاوسالاری بە هیچ شێوەیەك لە هەر كوێ دەبێت با ببێت قبووڵ ناكەینو بە هەرچی شێوەیەك پێویست ببێت بەرگریو بەرخۆدانی خۆمان دەكەینو خۆمان بەرێكخستن دەكەین.
ت.پ