ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە بەرز دەبێتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە، نوێترین ئاماری زیانبەرکەوتووانی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٤٠ هەزار و ٢٦٥ هاوڵاتیی غەزە كوژراون و ٩٣ هەزار و ١٤٤ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەزەدا هاتووە: بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٤٠ هەزار و ٢٦٥ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٩٣ هەزار و ١٤٤ كەس.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ٣٢٠ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

 

هەروەها وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی ٥ هەزاری دیكەش بریندار بوون.