زەهرا حقیقیان: ئەمڕۆ دەمەوێت بێدەنگی بشکێنم و ترسەکانم وەلا بنێنم

زەهار حقیقیان ، کچێکی ناڕازی کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی شیرازەوە لێیدرا، دوای چەند مانگێک بێدەنگی خۆی شکاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای کوشتن ژینا ئەمینی و بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران، سەرکوتی توندی ناڕازییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە توندتر بووەوە و چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لێدانی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە.

 

زەهرا حقیقیان یەکێکە لەو خۆپیشاندەرانەی لە شیراز لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە دەستدرێژی جەستەیی کراوەتە سەر و ڤیدیۆکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.

 

دوای چەند مانگێک زەهرا حقیقیان بێدەنگی خۆی شکاند و بە ئاماژەدان بە فشار و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەکان، وردەکاری ڕووداوی دەستدرێژییەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گێڕایەوە و گوتی: بڕبڕەی پشتم بریندار بووە و نەمتوانیوە بۆ ماوەی مانگێک بچمە سەر کارەکەم، بەردەوام دەچوونە شوێنی کارەکەم و پرسیاریان لەبارەی منەوە دەکرد، بەردەوام لە ژێر فشار و هەڕەشەی زۆردا بووم، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تووشی ئازاری دەروونی و جەستەیی بم.

 

زەهرا حقیقیان باسی هەڕەشەی سەر خۆی و بنەماڵەکەی لە دوای ڕۆژی ڕووداوەکە کرد و دەشڵێت: دوای نزیکەی هەفتەیەک تەلەفۆنیان بۆ باوکم کرد و وتیان، کچەکانتان لە کوێن، با بێن بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەین، خوشکەکەم و منیش چووم و وا وابوو لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکە بترسن، پێیان گوتین کە ئێوە کچی باشن، مەهێڵن کەس فریوتان بدات، بەڵێن بدەن کە جارێکی تر ناڕەزایەتی دەرنابڕن.

 

زەهرا دەشڵێت؛ ویستم سکاڵا لەو ئەفسەرە بکەم کە دەستدرێژی کردە سەرم، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام، تۆمەتباریان کردم به پەیوەندیکردن لەگەڵ تۆڕە بیانییەکان، لە کاتێکدا هیچ شتێکی وا بوونی نییە.