شاندی ئیمڕالی: هەموو لایەنە کوردییەکان ئەمڕۆ پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن
لە درێژەی سەردانییەکانی شاندی ئیمڕالی بۆ باشووری کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کۆبوونەوە و سەردانی مەزاری مام جەلالیان کرد، ڕاشیانگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی هەنگاوێکی گرنگە بۆ کوردان.

سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گردی دەباشان لە شاری سلێمانی، شاندی ئیمڕالی بە نوێنەرایەتی پەرلەمانتارانی دەم پارتی پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە کەسکین بایندەر، ئۆزگور ئەرۆل و ئیبراهیم بیلمەز لە فەرمانگەی یاسایی ئەسرین، هاووتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاران گولجان کاچماس و مەهمەت کاماچ لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکە، کۆبوونەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، شاندەکە سەردانی مەزاری مام جەلالیان کرد و تاجە گوڵینەی ڕێزیان دانا و نامەیەکیان لە پەرتووکی یادەوەرییەکاندا نووسی.
پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەسەر ناوی شاندەکە کەسکین بایندەر، وتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی دەم پارتی، ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانیان کرد و وتی: لەسەر گۆڕی مام جەلالەوە و بە ڕێزدارییەوە بەبیری دەهێنینەوە، بەڕێز مام جەلال لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە چەندین جار خاوەنی هەڵوێست بووە و خاوەن ڕۆڵێکی گرنگ بووە بۆ چارەسەریی و ئاشتیی، ئەمڕۆش لە تورکیا بە دەستپێشخەریی ڕێزدار ئۆجالان ئەم پڕۆسەیە پێشدەکەوێت، لەبەر ئەوە پەیام و هەڵسەنگاندنی بەڕێز ئۆجالانمان گەیاند بە بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و بەڕێز شاناز ئیبراهیم ئەحمەد.
لە درێژەی کۆنگرەکەدا کەسین بایندەر ڕایگەیاند، "لەو کۆبوونەوانەدا گفتوگۆمان لەسەر دواڕۆژی کورد و ئاشتی ناو گەلی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد، هەروەها بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دووپاتیان کردەوە لەم پرۆسەیەدا پێویستە هەموو لایەک ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگ بگێڕن، هەروەها بەڕێز شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەکە دەربڕی، بۆیە با هەموو کوردان دڵخۆش بن کە هەموو لایەنە کوردییەکان ئەمڕۆ پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن و لە ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانمان دڵخۆشین.
جێی ئاماژەیە، شاندەکە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و سڵاوی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و پرسی ئاشتی و یەکڕیزی کوردانیان گەیاند.