ئێران پزیشکێکی کوردی سزا دا
ژنێکی کورد بە ناوی بەیان ساڵحیان پزیشکی پسپۆڕی هەناوی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەكێك لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لەلایەن دادگای سزاکانی ورمێ بە ٥ مانگ زیندانیی کردن و پێبژاردنی ١٥٠ ملیۆن تمەن سزا درا.

ناوەندی هەواڵ
لەدوای شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە سزاکان بۆ سەر ژنانی کورد چڕکراوەتەوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا سەبارەت بە سزادانی ژنێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەمجۆرە ئاماژەی بەوەکرد، ژنێکی کورد بە ناوی بەیان ساڵحیان پزیشکی پسپۆڕی هەناوی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەكێك لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لەلایەن دادگای سزاکانی ورمێ بە پێنج مانگ زیندانیی کردن و پێبژاردنی ١٥٠ ملیۆن تمەن سزا درا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە پزیشكە پێشتر لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لەلایەن لقی ١١١ـی دادگای شۆڕشی ٢ـی کۆمەڵگەی شەهید بەهەشتیی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی “فەرهاد فەرعمەنش” بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوە بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتیی” سزاکەی بەسەردا سەپێندرا، دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکە پشت ڕاستکرایەوە.
هاوكات، لە ساڵی ٢٠٢٢ لە خۆپیشاندانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” بەیان ساڵحیان خەڵکی سەقز لەلایەن هیزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لەگەڵ دوو پزیشکی دیکەی کورد دەستگیر کرا، پێشتریش لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا لە دۆسییەکی دیکەی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” بە هەشت مانگ زیندانیی کردن و پێبژاردنی ٢٠ ملیۆن تمەن سزا درابوو، هەروەها بە هۆی پیشەکەی ناچار کرا لە شاری سنەوە بۆ ورمێ کۆچ بکات.
جێگای ئاماژەیە، بەپێی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و ئێران، لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢٤ـدا ٢١٣ ژن کوژراون و ١٣٠ چالاکوانی ژن دەستگیر کراون، ٢٣٢ ژنی دیكەش زیندانیی کراون، هەروەها ٤١ ژنیش لەسێدارە دراون.