دوو خوشکی خۆپیشاندەر وەک کاندیدی خەڵاتی ساخارۆڤی ساڵی ٢٠٢٦ هەڵبژێردران

تارانە و ڕۆمینا ڕەحیمی، دوو خوشکی دووانە، کە سزای لە سێدارەدان و ٢٥ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا دراوە، وەک کاندیدی خەڵاتی ساخارۆڤی ساڵی ٢٠٢٦ هەڵبژێردران.

ناوەندی هەواڵ

 

تارانە و ڕۆمینا ڕەحیمی دوو خوشکی دووانە، کە دوای خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە ئەسفەهان دەستگیرکران، لە نێوان سێ کاندیدی کۆتایی بۆ خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ هەڵبژێردران، هەروەها بڕیاری سێدارەدان بۆ تارانە ڕەحیمی و ٢٥ ساڵ زیندانیکردن بۆ ڕۆمینا ڕەحیمی دەرچووە.

 

بۆ خەڵاتەکە دەستنیشان کران

لە ١٩ی تشرینی یەکەم ی ٢٠٢٦دا، لیژنەکانی پەیوەندیی دەرەوە و گەشەپێدانی پەرلەمانی ئەوروپا هەردوو خوشکەکەیان، لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (و بەرپرسەکانی) و توندو لیسو، پارێزەر و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تانزانیا وەک سێ کاندید بۆ خەڵاتەکە دەستنیشان کرد.

 

تارانە و ڕۆمینا ڕەحیمی لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەک نوێنەری ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی ستەم و زۆرداریی حکومت کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بوونەتەوە، پێشنیاز کران. ئەم پێشنیازکردنە لە کاتێکدایە کە دۆسیەی هەردوو خوشکەکە و سزا قورسەکانی بەسەریاندا دراون، سەرنجی دامەزراوە ئەوروپییەکانی ڕاکێشاوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم دوو خوشکە لە نێوان تۆمەتبارانی دۆسیەی ”مەیدانی شەهیدان”ن لە ئەسفەهان و ئێستا لە زیندانی دەوڵەتابادی ئەو شارەدا ڕاگیراون، پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕاگەیاندراوێکی پێشووتردا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، سەرنجی بۆ دۆخی تارانە ڕەحیمی و خۆپیشاندەرانی تری دەستگیرکراو ڕاکێشابوو و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزا ناڕەواکان، ڕاگرتنی لە سێدارەدان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی کردبوو.

 

لە ١٦ی کانوونی یەکەمدا ڕێوڕەسمەکە بەڕێوەدەچێت

وەگرانی خەڵاتی ساخارۆڤی ساڵی ٢٠٢٦، بەیانی لەلایەن کۆنگرەی سەرۆکەکانی پەرلەمانی ئەوروپاوە هەڵدەبژێردرێن و ڕادەگەیەنرێن، ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە ١٦ی کانوونی یەکەمدا لە ستراسبۆرگ بەڕێوەدەچێت.

 

پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی ١٩٨٨ەوە، خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادیی بیروڕا دەبەخشێتە ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکاندا کار دەکەن، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ئەم خەڵاتەیان بەخشییە ژینا ئەمینی و تەڤگەری ”ژن، ژیان، ئازادی”.