ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە شەشەمین هەڵمەتی خۆی کۆتایی پێهێنا

شەشەمین هەڵمەتی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" دوای دوو مانگ کە تێیدا تیشک خرایە سەر هۆشیاری و ڕێکخستنی ژنان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا کۆتایی هات.

قامیشڵۆ

 

دوو مانگ لە کارکردنی بەردەوام و هەڵمەتی هۆشیاری و چالاکی ڕێکخراوەیی، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پابەندبوونیان بە مافەکانیان و ڕۆڵی پێشەنگیان لە بزوێنەری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی دووپاتکردووەتەوە.

 

بە پشتبەستن بە بنەما بنەڕەتییەکانی ئازادی ژنان و تێکۆشانیان لە کۆمەڵگەدا، هەروەها درێژەدان بە هەوڵدان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک و بە دروشمی "بەرەو بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک بەپێشەنگایەتی ژنانی ئازاد"، ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" ئەمڕۆ  ١٧ی کانوونی یەکەم، کۆتاییهاتنی شەشەمین بانگەشەی خۆی ڕاگەیاند.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەڵمەتە لە قۆناغێکی هەستیاردا بۆ هەرێم دەستیپێکرد، لە نێوان خێرایی ئاڵۆزییە سیاسییە ناوچەییەکان و بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی دەستکەوتەکانی ژنان و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئیرادەیان، سەرەڕای ئەو هۆشیاری و ڕێکخستنەی کە لە ڕێگەی شۆڕشی ژنان و خەباتی بەردەوامیانەوە بەدەستیان هێناوە.

 

هەڵمەتەکە جەختی لەوە کردەوە: کە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان تەنها لە چوارچێوەی دەستووری دیموکراتیکی سووریادا بەدیدێت، کە ئازادییان مسۆگەر بکات و دەستکەوتەکانیان و خەباتیان بپارێزێت، ئەویش لەڕێگەی یاسای دادپەروەرانە کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بەشدارانە دادەمەزرێنێت.

 

ڕوونیشیکردۆتەوە، لە ماوەی هەفتەکانی هەڵمەتەکەدا، ئەنجومەنی ژنان بەرنامەیەکی فراوانی بۆنە و چالاکییەکانی جێبەجێکرد، کە تیشکیان خستە سەر بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە، بەرزکردنەوەی کاری ڕێکخراوەیی و چەسپاندنی چەمکی بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی، کە ئەمانەش بەشداربوو ن لە بەهێزکردنی ئیرادەی ژنان و فراوانکردنی ڕۆڵیان لە لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا.

 

ئەنجومەنی ژنان لە ڕاگەیاندراوەکەیدا پێداچوونەوەی بە بەرچاوترین دەستکەوتەکانی هەڵمەتی شەشەمدا کرد، لەوانە بەڕێوەچوونی هەزار و ٨٤٥ وتاری گشتی بە ناوی "خێزانی دیموکراتیک و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی"، کە حەوت هەزار و ٧٣٥ بەشداربوو، هەروەها ئەنجومەنەکە ٢٨ سیمینار و وۆرکشۆپی لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوبەریدا سازکرد، کە ١٠٧٢ بەشداربووی تێدابوو، جگە لەوەش، کۆبوونەوەی گشتی لە شارەکانی حەسەکە، تەبقا، ڕەققە و کۆبانێ بەڕێوەچوو، کە تیشکیان خستە سەر بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" و حەوت بنەماکانی، کە ٨٧٢ بەشداربوویان تێدابوو، ئەنجومەنی ژنان لە سەرجەم کانتۆن و شارەکاندا یادی شەهید شیلان و هەڤاڵانی کردەوە، بە سازدانی ٣٢ بۆنەی یادکردنەوە بە بەشداری سێ هەزار و ١٢٣ کەس، پابەندبوونی خۆی بۆ درێژەدان بە خەباتیان نوێکردەوە.

 

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" پێزانینی خۆی بۆ بەشداری بەرفراوانی ژنان و هەموو هێزە دیموکراتەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە خەباتی ژنان تەنها لە یەک هەڵمەت یان قۆناغێکدا سنووردار نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامی ڕێکخستن و بەرخۆدان کە تا گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەردەوام دەبێت.