مامۆستا نەسرین ئەحمەد: ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان لە گواستنەوەی زمان لەنێوان نەوەکاندا هەیە

مامۆستا نەسرین ئەحمەد دەربارەی زمانی دایک دەڵێت: پێویستە هەرکەسێک بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ بۆ پاراستنی کولتووری کوردی، زمان شوناسنامەی هەموو نەتەوەیەکە، بۆ پاراستنی ئەو شوناسنامەیە پێویستە گرنگی بەزمانی دایک بدەین.

دێرین ڕەحیم

 

سلێمانی-زمانی دایک تەنها ئامرازێک بۆ قسەکردن نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکیی ناسنامە، مێژوو و کولتووری هەر نەتەوەیەکەپەروەردەکردنی منداڵان بە زمانی دایک و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان منداڵ و زمانی کوردی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی زمان و گواستنەوەی میراسی مێژوویی و کولتووری بۆ نەوەکانی داهاتوو. لە مێژووی درێژی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتی سەپاندنی زمان و کەمکردنەوەی بوارەکانی بەکارهێنانی زمانی کوردیدا، پاراستنی زمان بە مانای پاراستنی ناسنامە و بوونی کۆمەڵایەتیی کوردە.

 

زمان بەشێکی سەرەکیی ناسنامەی کۆمەڵگەیە، بۆ گەلێکی وەک کورد، کە مێژوویەکی درێژی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتی داگیرکاری و سەپاندنی زمان و کولتووری دەسەڵاتەکان هەیە، پاراستنی زمانی کوردی پاراستنی بەشێکە لە ناسنامە و بوونە کۆمەڵایەتییەکەی،لەو نێوەندەدا، ژنان بە تایبەتی دایکەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە گواستنەوەی زمان لەنێوان نەوەکاندا هەیە، منداڵ لە یەکەم قۆناغەکانی ژیانییەوە لەگەڵ زمانی دایک پەیوەندی دەگرێت و زۆرجار یەکەم وشە و دەربڕینەکانی لە باوەشی دایکەوە فێر دەبێت، بۆیە زمانی دایک دەبێتە یەکەم پردی پەیوەندیی منداڵ بە خێزان، کۆمەڵگە، مێژوو و ناسنامەی خۆی مامۆستا نەسرین ئەحمەد دەرابرەی گرنگی زمانی دایک قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

" ژنان بە تایبەتی دایکەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە گواستنەوەی زمان لەنێوان نەوەکاندا هەیە"

مامۆستا نەسرین ئەحمەد وتی: زمان شوناسنامەی هەموو نەتەوەیەکە بۆ پاراستنی ئەو شوناسنامەیە پێویستە گرنگی بەزمانی دایک بدەین، منداڵانیش لەوکاتەدا پێویستیان بەوەیە لەماڵەوە بەزمانی دایک قسەبکەن،دەبێت ئەو دایکە گرنگی بەزمانی خۆیان بدەن جا زمانی کوردیە، یانعەرەبی و فارسی کاریگەری هەیە لەسەر کەسایەتی منداڵەکە لەرووی زانیاری و کەسایەتی خێزانەکان جیاوازن، هەمانە ئاستی ڕۆشنبیری بەرزە گرنگی بەزمانەکە دەدات هەوڵدەدات منداڵەکەی تێبگەیەنێت کە ئێمە گرنگی بە پاراستنی زمانەکە بدەین، هەندێک خێزان هەیە گرنگی بەوە نادات زمان چەند گرنگە هەوڵدەدات منداڵەکەی بەزمانی دووەم قسەبکات، بەهۆی ئاستی ڕۆشنبیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە بەهۆی خێرایی پێشکەوتینی زانیاری هەوڵدەدات منداڵەکەی بە زمانی دووەم و سێیەم چەندین زمانی تر قسەبکات، ئەمانە دڵخۆشیان دەکات لەو کاتەدا بیری دەچێتەوە کە زمانی کوردی چەند گرنگ و بە بایەخە، لەو نێوەندەدا ژنان بە تایبەتی دایکەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە گواستنەوەی زمان لەنێوان نەوەکاندا هەیە، منداڵ لە یەکەم قۆناغەکانی ژیانییەوە لەگەڵ زمانی دایک پەیوەندی دەگرێت و زۆرجار یەکەم وشەو دەربڕینەکانی لە باوەشی دایکەوە فێر دەبێت، بۆیە زمانی دایک دەبێتە یەکەم پردی پەیوەندیی منداڵ بە خێزان، کۆمەڵگە مێژوو و ناسنامەی خۆی.

 

"زمانی دایک لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە"

ئاماژەی بەوەشکرد، زمانی کوردی زۆر گرنگ و بەبایەخە چەندان خوێنی لەپێناودا دراوە، پێویستە لەم سەردەمەدا پەیوەندیمان بە کولتووری خۆمانەوە بەهێزتر بکەین، کە کولتووری وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو تێکەڵ بە کۆمەڵگەی کوردی بووە، پێویستە هەرکەسێک بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ بۆ پاراستنی کولتووری کوردی، هەروەها یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی کولتوور زمانە، زمانی دایک لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە، بۆیە دەبێت زۆر ئاگادار بین، وەک مامۆستا پێویستە کۆمەڵگە ئاگادار بکەینەوەو لە ڕێگەی میدیاکانەوە هۆشیاریی زیاتر لەسەر زمانی کوردی دروست بکەین، دەبێت پارێزگاری لە زمانی دایک بکەین و هەوڵ بدەین لەو مەترسییانە ڕزگاری بکەین، دەبێت هەمیشە بەردەوام بین نەک ئێمە بڵێن ئەمە ڕۆژی زمانی دایکە دەبێت هەموو ڕۆژێکمان زمانی دایک بێت، مامۆستایەک یان کرێکارێک یان لەهەر شوێنێک یان بازرگانێکە هەوڵبدات بەزمانی کوردی قسەبکات، چونکە ئێمە کوردین گرنگی بەزمانەکە بدەین نەک کاتێک کەسێک دێت بەزمانەکانی تر دەدوێت ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر منداڵەکان و لەسەر دواڕۆژی نەتەوەکەمان، ڕەنگە زۆر کەس هەبێت بێئاگابێت لەوەی ئێمە ئەو هەموو خەباتەی کراوە لەپێناو نەتەوایەتیمان، یەکێکیش لەهۆکارەکانی مانەوەی نەتەوە زمانە، دایک و باوک دەبێت هۆشمەندبن ئاگاداربن ئەگەر مندالەکە فێری زمانەکە بووە هەوڵدەدات زمانی دووەم فێربێت دەبێت لەمنداڵەکە بگەیەندرێت زمانی دایکی لەبیربێت زمانی دایکی بیرنەچیتەوە، دەبێت تێیان بگەیەنین کە مێژوو کولتوورمان پەیوەستە بەزمانەکەمانەوە، تۆ ئەگەر زمانەکە بەردەوام کاری پێنەکەیت و قسەی پێنەکەیت دەبێتە هۆی وونبونی کولتوورو ومێژوومان.

 

" زمان قەڵغانە بۆ پاراستنی هەموو نەتەوەیەک"

مامۆستا نەسرین ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: مامۆستا دەبێت بەردەوام هەموو ڕۆژێک باسی زمانی کوردیان بۆ بکەن بەردەوام لەڕێگەیی سرودو گۆرانیەکانەوە و ئاوازەکانەوە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی ئەو منداڵە بەردەوام بیری لای زمانەکەی بێت، ئەگەر هەوڵبدات بۆ فێربوونی زمانی دووەمیش شان بەشان زمانەکەی خۆی لەبیر نەکات، کۆمەڵێک شێوازو کولتووری بیانی بە تایبەتی لە ڕێگەی گەنجانەوە چوونەتە ناو کۆمەڵگەوە، کە هەندێکیان لەگەڵ کولتوور و ژیانی کۆمەڵگەی ئێمە نامۆن و پێویستە هەوڵ بدرێت لەو کولتوورانە دوور بکەوینەوە، بۆ ئەوەی گەنجەکانمان تووشی سەرلێشێواوی نەبن، لەقوتابخانە ئەهلیەکاندا مندالان فێری چەندین زمان دەکرێن ئەگەر لەماڵیشەوە گرنگی بەزمانی دایک بدرێت لەقوتابخانە ئەهلیەکان بەزمانی دووەم قسەدەکرێت، ئەوکاتەی تەعریب کرابووین عەرەب دەیویست زمانی کوردی بمرێنێت، قوتابخانەکان زۆربەی عەرەبی بوون بەڵام هەر کاریگەریمان لەسەر ماوە زۆر کات دەمەوێت وشەکە بەکوردی بەکاربهێنم بیرم دەچێتەوە، کە لەقوتابخانەکە بەزمانی دووەم قسەدەکەیت ناتوانێت ئەگەر بەردەوام هەوڵیش بدات بەزمانەکەی دایک گرنگی بدات وەک قوتابیەک کە لەقوتابخانە حکومییەکاندا، زمانی کوردی بەرەو نەمان دەچێت ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، داواکارم لەقوتابخانە حکومیەکان و ئەهلیەکان هەردووکیان گرنگی بدەن بەزمانی کوردی و بەردەوام ڕوونکردنەوە بدەنە منداڵەکان کە زمانی خۆمان نابێت لەیاد بکەین، زمان قەڵغانە بۆ پاراستنی هەموو نەتەوەیەک نەک هەر کورد هەموو دایکێک دەبێت ئەو قەڵغانە بداتە دەست منداڵەکەی.