ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە دژی هێرشەکان بانگەوازی کرد: بێدەنگ مەبن
ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەو داوای لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیان بێدەنگ نەبن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/10/20241026-pydddda-jpg982ac0-image.jpg)
حەسەکە
ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرانسەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی ژنانی پارتی پەیەدە، ئەندامان و سەرکردەکانی کۆنگرەی ستار، دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنان ئامادەبوون.
بەیاننامەکە لەلایەن هەدیە ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە لە ناوەندی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە گەڕەکی کەبابی حەسەکە خوێندرایەوە.
"هێرشەکە بە تایبەتی دژی ژنانە"
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هێرش بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شتێکی نوێ نییە، درێژەپێدەری تاوانەکانی جەنگ و پلانی لەشکرکێشییە، خواستی گەلی ناوچەکە بۆ ئەوەیە بە ئازادی و سەلامەت و بە سیستمێکی دیموکراسی لە وڵاتەکەیاندا بژین، هەر بۆیە ئەم هێرشە بە تایبەتی بۆ سەر گەلی ناوچەکە ڕوودەدات، دەبینین هێرشەکە بە تایبەتی بۆ سەر ژنانە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت شۆڕش و دەستکەوتەکانی شۆڕش لەناوببات، بەڵام بەرخۆدانی ژنان و ڕێکخستنەکەیان بە بیری ڕێبەر ئۆجالان پلانی جینۆسایدیان پووچەڵ کردەوە، ئێمە بە یەکگرتوویی خۆمان و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" پلانەکانی جینۆساید و داگیرکاری دەشکێنین و ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ بەدەست دەهێنین.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لەو هێرشە نامرۆڤانە و ئەخلاقی و یاساییانە، داوا لە خەڵکی ئازادیخواز دەکەین لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات بێدەنگ نەبن.
بەیاننامەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.