ئەنجومەنی مافی مرۆڤ: مامەڵەی تاڵیبان بەرامبەر ژنان هێڵی سوورە

ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوەدەدات کە مامەڵەی تاڵیبان بەرامبەر ژنان هێڵی سورە و کۆمسیاری باڵاش ئاماژە بەوە دەدات، پێویستە تاڵیبان ئازادی و مافی مرۆڤ پێشێلنەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

میشێل باشلی، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە لەمیانەی کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لەسەر ئەفغانستان هۆشداری دا کە مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان دەبێتە "هێڵی سوور"، ئاماژەی بەوەشدا: شێوازی مامەڵەکردنی تاڵیبان لەگەڵ ژنان و کچان و ڕێزگرتن لە مافەکانیان بۆ ئازادی، ئازادی جووڵانەوە، پەروەردە و ئازادی ڕادەربڕین بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەبێتە هێڵی سوور.

 

میشێل ئەوەشی وتووە هەرکاتێک ژنانی گەنج و کچان توانیان خوێندنێکی ناوەندی لە ئاستی پێویستدا بخوێنن، دەردەکەوێت کە تاڵیبان ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت، ئەنجومەنی مافی مرۆڤیش جەختیکردەوە کە پێویستە ئەو قسانەی تاڵیبان لە بەیاننامەکانیدا دەیکات بیکاتە کردار و ڕێگە لە ئازادییەکان نەگرێت.

 

ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ساڵانە سێ دانیشتنی ئاسایی بەڕێوەدەبات، لە دۆخی نائاسایی بەپێی داواکاری ئەندامانی ئەنجومەن دەکرێت دانیشتن بکرێت، لە ئێستاشدا کە دۆخی ئەفغانستان لە ئاستێکی بەترسیدار دایە بەهۆی داگیرکردنی وڵاتەکە لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەنجومەنەکە تایبەت بە دۆخی ژنان و منداڵان و گشتی ئەفغانستان دانیشتنی نائاسایی بەڕێوەبرد.

 

ت.پ