ئەنجامنامەی سێیەمین کۆنگرەی تاژێ ڕاگەیاندرا
لە ئەنجامنامەی کۆنگرەی تاژێدا ڕاگایەندرا، کە ئەوان وایان بە پێویست زانیوە دیموکراسییەکی ڕادیکاڵ و ڕاستەوخۆ بۆ ژنان دامەزرێنن و ئاماژە بەوەشکرا کە ناوی ئەم دیموکراسییەش "کۆمین"ە، داوا لە هەموو ژنانی شنگال دەکەین لە ژێر چەتری تەڤگەرەکەماندا یەکبگرن.
شنگال
تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی "تاژێ" کە لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٦دا بە بەشداریی ٢٥٠ نوێنەر و بە دروشمی “بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ژیانی کۆمیناڵ” سێیەمین کۆنگرەی خۆی ساز کرد، بە ڕاگەیەندراوێک ئەنجامنامەی کۆنگرەکەی بڵاوکردەوە.
ئەنجامنامەکە بەم شێوەیەیە:
“بۆ کۆنگرەکەمان کە لە قۆناغێکی مێژوویی و وەرچەرخاندا ساز کرا، لە لایەن تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنانی کورد و ئێزدییەوە گەلێک پەیامی بەنرخ نێردران، ئێمە ئەم پەیامانەی تێکۆشانی هاوبەش لەپێناو ئازادیی ژناندا، بەرز دەنرخێنین و سڵاویان لێدەکەین. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئازادیی ژن بە تێکۆشان و هۆشیارییەکی هاوبەش دێتە دی، پەیامی کۆنگرەکەمان بۆ هەموو ژنانی ئازادیخواز؛ یەکێتی، تێکۆشانی هاوبەش و هاوپەیمانی دەبێت لە پێناو ئازادی، دیموکراسی و یەکسانیدا.
“ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمەی ژنانی ئێزدی پەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە، ئازادیی ئەو ئازادیی ئێمەیە”
ڕێبەر ئاپۆ زیاتر لە ساڵێکە سەرەڕای گۆشەگیری و فشارە زۆرەکانیش، لە زیندانی ئیمرالییەوە بۆ ئێمەی ژنان و هەموو گەلانی ئازادیخواز، قۆناغێکی نوێ و سەردەمێکی نوێی تێکۆشانی دەستپێکردووە، لە هەر دیدارێکی سنوورداردا، بۆ ئازادیی ژن، بۆ ئەوەی ژنان کۆمەڵکوژ نەکرێن و لە وڵاتێکی ئازاددا بژین، پەیامی گرنگی ناردووە، لەم پەیامانەدا ڕێبەر ئاپۆ هێندەی باسی گرنگیی تێکۆشان دژی کوشتن و توندوتیژیی دژ بە ژنان دەکات، ئەوەندەش بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەخاتە سەر شانی ژنان و دەیەوێت ژنان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک پێشەنگایەتی بکەن.
پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ هێز و ورەی بەخشیوە بە بەشداربووانی کۆنگرە، ئێمە بەم بۆنەیەوە کۆنگرەکە لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین و دەڵێین، ئێمە بە کار و تێکۆشانی خۆمان بۆ ژنانی ئێزدی و هەموو ژنانی شنگال، خاوەنداری لەو باوەڕییە دەکەین کە پێی بەخشیووین و ڕۆڵی پێشەنگایەتیی خۆمان بە شایستەیی دەگێڕین، چونکە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمەی ژنانی ئێزدی پەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە، ئێمە هەمیشە ئازادیی خۆمان لە ئازادیی ئەودا دەبینین، ئێمە بۆ ئازادیی جەستەییی ڕێبەرایەتیمان تێکۆشانێکی بەردەوام بەڕێوە دەبەین.
“نەک تەنها بۆ ژنانی ئێزدی بەڵکو بۆ هەموو ژنان کار و تێکۆشان دەکەین”
تەڤگەری ئێمەی ژنانی ئێزدی لە ساڵی دامەزراندنییەوە تا ئێستا، لە پەروەردەکردن، ڕێکخستن و پاراستنی ژناندا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە، توانیویەتی بێ جیاوازی هەموو ژنان لەباوەش بگرێت. لە کۆنگرەکەماندا جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو هەڵوێستە لە جاران بەهێزتر بەردەوام بێت و بۆ هەموو ژنانی پێکهاتە جیاوازەکانی شنگالیش کار و چالاکی بەڕێوە بچێت. بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ هەموو ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنانی جیهانیی ئازادیخواز و دیموکراتیکدا هاوپەیمانی و پەیوەندییەکان پەرە پێبدەین، تێکۆشانی ژنانی ئێزدی بە هەموو جیهان بگەیەنین و تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوە ببەین، کارەکانی خۆمان لە بواری دیپلۆماسیدا بەهێزتر دەکەین.
تاژێ دوای ئەو جینۆساید (فەرمانەی) کە تێیدا دامەزرا، زیاتر بەپێی هەست و فکری ئەو کاتە هێما و ئاڵای خۆی درووست کردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیتر ئەو سەردەمە کۆتایی پێهات، ئێمە بە پێویستمان زانی بە ئاڵا و هێمای نوێوە دەست بە قۆناغی نوێی تێکۆشانی خۆمان بکەین، لەسەر پێشنیاز و داواکاریی بەشداربووانی کۆنگرە، ئاڵاکەمان گۆڕدرا.
“تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕینی ژنان و پیاوان بەرز دەکەینەوە”
یەکێک لەو بابەتانەی کە هەرە زۆر لە کۆنگرەکەماندا لەسەری وەستاین و گرنگیمان پێدا، تێکۆشانە دژ بە هەر جۆرە توندوتیژییەکی پیاوسالاری و دەوڵەت لەسەر ژنان. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان دەکوژرێن، ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، کلتووری فرەژنی هێشتا بەسەر کۆمەڵگەکەماندا زاڵە، هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا، کێشەی نەخت (نەقدی هاوسەرگیری) کە ژن دەکاتە بابەتی کڕین و فرۆشتن، و گەلێک جۆری توندوتیژی هەن. لە کۆنگرەکەماندا ئەم بابەتانەش نرخێندران، سەبارەت بەم بابەتانە هەم هەڵوێستێک وەرگیرا و هەمیش بڕیارە پێویستەکان بۆ شێوازی تێکۆشان دران. لە کۆنگرەکەماندا ئەم بابەتانە بە بەرفراوانی نرخێندران، ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتن لەسەر کەمکوڕییەکانی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی کرا. لە ژێر ڕۆشناییی دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆدا دەرکەوتووە کە لەم قۆناغە نوێیەی پێشماندا، یەکێک لە ڕۆژەڤە سەرەکییەکانی ئێمە تێکۆشان دەبێت دژ بە عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستی و پیاوسالاری. بەو بنەمایەی کە دەڵێت “ئازادیی ژن ئازادیی کۆمەڵگەیە”، ئێمە تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی خۆمان کە گۆڕینی بیرکردنەوەی ژنان و پیاوان دەکاتە ئامانج، بەرز دەکەینەوە.
“کارکردن بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان و دادگاییکردنی بەرپرسانی جینۆساید (فەرمان)”
یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندنی تاژێ؛ تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزدی و ڕزگارکردنی ئەو ژنە ئێزدییانە بوو کە لە ژێر دەستی داعشدا وەک دیل مابوونەوە. ئێمە بە خۆڕێکخستن و پەروەردەکردن، ڕۆژ بە ڕۆژ تۆڵەی خۆمان سەند و دەیسێنینەوە. بەڵام هێشتا ئەوانەی بوونە هۆی کۆمەڵکوژییەکە و دەستیان لە قڕکردنی ژنان و کۆمەڵگەکەماندا هەبوو، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە. یەکێک لە ڕۆژەڤە هەرە گرنگەکانی ئێمەش ڕزگارکردنی ژنە دیلەکانە. بۆ ئەوەی تەنانەت یەک ژن و منداڵی ئێمە لە ژێر دەستی داعشدا نەمێنێتەوە، ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە تێکۆشان دەکەین و کار دەکەین. بۆ ئەو ژنانەش کە لە دەستی داعش ڕزگارکراون و دەژین، دژی کۆچبەرکردنی ئەم ژنانە و بردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، و هەروەها بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسان، ئێمە هەموو جۆرە ڕێگەیەکی تێکۆشان دەگرینە بەر؛ لە ناوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات، لە هەر کایەیەکی یاساییدا کارەکانمان بەڕێوە دەبەین. بۆ ئەوەی فەرمانی ٧٤’ەمین لە ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیدا وەک جینۆساید بناسرێت، ئێمە تێکۆشان و کارەکانمان بەرز دەکەینەوە.
“گرنگی خۆپاراستن و هەوڵدان بۆ ناساندنی یەژەشە و ئاسایشی ژنانی ئێزدیخان”
ژنانی ئێزدی لە ٧٤ەمین جینۆساید "فەرماندا" قوربانیی سەرەکی بوون، لە کۆنگرەکەماندا جارێکی دیکە ئاماژە بە گرنگیی هێزی پاراستنی ژن کرا؛ بۆ ناساندنی هێزی پاراستن و ئاسایشی ژنان واتە یەژەشە و ئاسایشی ژنانی ئێزدخان، تێکۆشانێکی یاسایی بەڕێوە دەچێت. خۆپاراستن ناخرێتە ئەستۆی هیچ کەسێکی تر، بۆ ئەوەی هەر ژنێک بگاتە ئەو ئاستە، کارەکانی هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردن هەمیشە بەردەوام دەبن، تا هەر ژنێک بگاتە ئەو ئاستەی کە خۆی پاراستنی خۆی بکات.
ڕێکخستنی کۆمینەکانی ژنان
لە کۆنگرەکەماندا بڕیار دراوە کە دیدگا و شێوازی ڕێکخستنی هەرە سەرەکیی ئێمە لە قۆناغی نوێدا، ڕێکخستنی کۆمینەکانی ژنان و ئابووریی کۆمیناڵی خۆبەڕێوەبەر "خوودموختار" دەبێت. گەورەترین پاراستنی ژن، ڕێکخراوبوونیەتی. سیستەمی ئێمە تا ئێستا کە ئەنجومەنەکان بوون، نەیدەتوانی خۆی بگەیەنێتە هەموو ژنێک. ئێمە بە پێویستمان زانی دیموکراسییەکی ڕادیکاڵ و ڕاستەوخۆ کە هەموو ژنان بگرێتە خۆی، پێکبهێنین. ناوی ئەم دیموکراسییەش "کۆمین"ـە.
ژنان دەتوانن لە کۆمینەکاندا گوزارشت لە خۆیان بکەن، بەشدار بن و بونیاتی بنێن. کۆمین دەبێتە شوێنی خۆبونیاتنانی هەر ژنێک، بەشکردنی ئازارەکان، خۆشییەکان و داهێنەرایەتییەکانی. سیستەمی کۆمینەکانی ئێمە بە شێوەی ماددی و مەعنەوی دەبێتە گونجاوترین وەڵام بۆ پێداویستییەکانی هەر ژنێک. لەبەر ئەمەش لە جیاتی ئەنجومەنەکانی ژنانی گوند و کۆمەڵگەکان، کۆمینەکانی گوندەکان، لەسەر بنەمای پێداویستییەکان، کۆمینی ئابووری و کۆمینی جیاواز دروست دەبن.
“تاژێ لە بەڕێوەبردنی شنگال و وڵاتدا خاوەن ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت”
ڕێبەر ئاپۆ لەم قۆناغەدا کە یەکگرتنی دیموکراتیکی دەستپێکردووە، لە سیاسەتی دیموکراتیکدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەداتە ژنان. ئێمەش وەک ژنانی ئێزدی ئەم پەیامانەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ خۆمان بە بنەما دەگرین؛ لە دیموکراتیکردنی سیاسەتی عێراقدا، لە بەڕێوەبردنی شنگال و وڵاتدا، ئێمە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕین. بەتایبەت بۆ ناساندنی پێگەی یاساییی ئەنجومەنی گەلی شنگال و پاراستنی، ئێمە لە قۆناغی یەکگرتنی دیموکراتیک و سیاسەتدا ڕۆڵێکی پێشەنگ دەگێڕین.
ئێمە دەڵێین، ئەم سێیەم کۆنگرەیەمان تێکۆشانی ئێمە لە پێناو ئازادیی ژناندا دەگەیەنێتە قۆناغێکی تر، ئێمە بە تێکۆشانی هاوبەش و کۆمینەکانی ژنان دژ بە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دژ بە ڕەگەزپەرستی، تێکۆشانێکی بێوچان و سەختی ئازادی بەڕێوە دەبەین.
داوا لە هەموو ژنانی شنگال دەکەین کە لە ژێر چەتری تەڤگەرەکەماندا بۆ ئازادیی خۆیان و ستاتۆی شنگال یەکبگرن. ئێمە پێکەوە بەهێزین، ڕێکخراوبوونی ئێمە چەکی هەرە بەهێزمانە کە دەتوانێت لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی پیاو و دەوڵەت بمانپارێزێت.”