کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە داهاتووی سووریادا بەڕێوەچوو

لە کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریدا کە لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر پێویستی داننان بە توانا و هێزی ژناندا کرایەوە.

حەلەب

 

ئەنجومەنی ژنانی سووریا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی ژنان و پاراستنی مافەکانیان و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ئێستای ژنان، دوێنێ بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژنان لە پڕۆسەی ئایندەدا" لە شاری حەلەب کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری ئەنجامدا و تیایدا ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی ژنان، نووسەر، پزیشک، مامۆستا و توێژە جیاوازەکان، بە گشتی ٧٠ ژن بەشداربوون.

 

کۆبوونەوەکە بە وتاری دەستپێکی وتەبێژی ئۆفیسی حەلەبی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک و خوێندنەوەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ژنانی سووریا و بڵاوکراوەی دوای ڕووخانی ئەسەد دەستی پێکرد.

 

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری بۆ یەکڕیزی ژنان گرنگە

هەیفا حەسەن جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە بۆ یەکڕیزی ژنان و بەهێزکردنی دیدگای ژنانی سووریا گرنگە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ژنان هێزی باشترکردنی ئایندەی وڵاتیان هەیە، ڕۆڵیان بە داب و نەریتی کۆنەپارێزی سنووردار ناکرێت.

 

ڕیهام محەمەد، ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە ژنان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەمیان دەبێت پشتیوانی وەربگرن، هەروەها باسی لە خەباتی ژنان کرد کە ساڵانێکە بەردەوامە و لە دوای خۆشیان ڕێباز دەستکەوتیان بەدەستهێناوە.

 

پێویستە ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا جێگیر بکرێن

ئەو ژنانەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون ڕایانگەیاند کە پێویستە ژنان لە ئامادەکردنی دەستووری نوێدا بەشداربن و لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت. هەروەها باس لەوە کرا کە بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینەی کە ماف و ڕۆڵی ژنان ڕەتدەکاتەوە، پێویستە لەم پرۆسەیەدا زیاتر سیمینار و کۆنفرانسی هۆشیارکردنەوە ئەنجام بدرێت.

 

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری بە بڵاوکراوەیەک کۆتایی هات کە چەندین خاڵ و ڕاسپاردەی گرنگی تێدابوو. لە نێو ڕاسپاردەکاندا؛ تیشک خرایە سەر پێگەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و ڕاستکردنەوەی وێنەی ژنان لە میدیاکان و زیادکردنی سیمینار و وۆرک شۆپەکانی هۆشیاری و کشانەوەی داگیرکەران لە خاکی سووریا و بەهێزکردنی ژنان لە بواری پەروەردەدا.