لە حەلەب دژی توندوتیژی سەر ژنان پەروەردە دەستیپێکرد

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، خولێکی پەروەردەی سێ ڕۆژە بۆ پیاوان لە شاری حەلەب دەستیپێکرد.

حەلەب

 

لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەی کە هەموو ساڵێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچن، بارۆی ژنانی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، خولێکی پەروەردەی سێ ڕۆژەی بە دروشمی "هەموومان پێکەوە لە دژی توندوتیژی بە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی کۆمیناڵ و دیموکراتیک دەوەستینەوە".بۆ پیاوان دەستپێکردووە، هەروەها کۆمیتەی پەروەردەو فێرکردنی تەڤ-دەم لە زۆرێک لە خوێندنگەکاندا سیمیناری هۆشیارییان ئەنجامداوە.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا تەڤ-دەم لە شاری حەلەب خولێکی پەروەردەی بۆ ئەندامانی یەکێتییەکانی لە گەڕەکی ڕۆژهەڵاتی شێخ مەقسود کردەوە، ١٥ ئەندام بەشدارییان کردووەو پەروەردەکە ماوەی سێ ڕۆژو ڕۆژانە شەش کاتژمێر دەخایەنێت. ڕۆژی یەکەم تیشک دەخرێتە سەر بابەتی زایەندپەرستی.

 

پەروەردە لەلایەن زەلوخ شێخۆ، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشکەش دەکرێت و ئاماژەی بەوەدا کە زایەندپەرستی هۆکاری یەکەمین ململانێی مێژووەو چەندین شێوەی هەیە و کاریگەری لەسەر هەردوو ڕەگەزەکە هەیە، بەڵام ئەوانەی زۆرترین ئازار دەچێژن ئەو ژنانەن کە ڕۆڵیان پشتگوێ دەخرێت.

 

لە کاتی پەروەردەدا گفتوگۆی بەرفراوان لە نێوان بەشداربووان ئەنجامدرا، زۆربەیان جەختیان لەسەر گرنگی ئەو ڕاستییە کردەوە کە کۆمەڵگەی سروشتی ڕۆڵی هەر ڕەگەزێک دیاری دەکات و هەردوو ڕەگەزەکە تەواوکەری یەکترن بۆ بەردەوامی.

 

هەروەها کۆمیتەی پەروەردە و فێرکردنی تەڤ-دەم سینەفزیۆنێکی سەبارەت بە خەباتی ژنان لە دژی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار پێشکەش کرد، سینەفزیۆنەکە لە سێ خوێندنگەی سەر بە خۆبەڕێوەبەری نمایشکرا.

 

لە شاری دربەسی لە کانتۆنی جزیرە، کۆنگرەی ستار لە هەمان چوارچێوەدا پەروەردەی بۆ پیاوان کردەوە، کە ماوەی سێ ڕۆژ لە بارەگای تەڤ-دەم بەردەوام دەبێت.

 

دەیان پیاو لە دامودەزگا و ئەنجومەنەکانی شارەوە بەشدارییان لە پەروەردەدا کردو لە ڕۆژی یەکەمدا وانەیەک لەسەر یاسا و مافەکانی ژنان درا.

 

ئامانجی پەروەردەکە بەهێزکردنی ڕۆڵی پیاوانە لە دامەزراندنی یەکسانی و پەرەپێدانی زانست لەم بوارەدا.