”ئەم زەمینە گەورەیە بەشی هەموومان دەکات”
پەیرۆز کورت، وتەبێژی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە ئیزمیر، کە بەشداریی لە کۆنفرانسی ”ژنان لەگەڵ یەکتردا” کرد کە لە ئەنقەرا بەڕێوەچوو، دیاری کرد کە گەلی کورد بۆ ئەوەی بە ڕەنگ و دەنگی خۆی بژی، ٥٠ ساڵە بێ کۆتا تێکۆشین دەکات.
دیلان ئایدن
ئەنقەرە- کۆنفرانسی ”ژنان لەگەڵ یەکتردا” کە چەندین هەفتەیە ئامادەکاریی بۆ دەکرا لە ئەنقەرا دەستی پێکرد، لە شارەکانی کوردستان و تورکیاوە، سەدان ژنی سیاسەتمەدار، تێکۆشەر، ڕۆژنامەنووس بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد، کۆنفرانسەکە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بە پانێلی جیاواز و شێوەکانی بەڕێوە دەچێت.
پەیرۆز کورت، وتەبێژی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتیی لە ئیزمیر، لە بارەی ئەو تێکۆشانەی کە بە ساڵانە بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بۆ ئەوەی کورد ژیانی خۆی بە ڕەنگ و دەنگی خۆی بژی ٥٠ ساڵە بێ کۆتا تێکۆشان دەکات، هەروەها سەرنجی خستە سەر ڕەنگینیی کۆنفرانسەکە و وتی: پڕۆسەیەک هەیە کە دەبێت لە سەرەتادا پێگەی سەرۆکەکەمان دیاری بکرێت، مافە ڕەواکانی گەلی کورد دانپێدانراو بن و بە یاسا مسۆگەربکرێن، ئێمەی ژنان ئەمڕۆ هاتووینەتە ئەم لایە، قسە دەکەین بۆچی؟ چونکە هەموومان هەمان ئازارمان چەشتووە، ئازاری ئێمە یەکە چونکە دایکین، منداڵەکانمان بە خاک سپاردووە، کزەی جەرگمان سووتاوە، هەروەها هیواکانی ئێمە یەکێتی و ئاشتییە.
”ئێمەی ژنان باشتر بایەخی ژیان و ئاشتی دەزانین”
پەیرۆز کورت دیاری کرد کە ئەو شەڕەی کە ئەمڕۆ دەکرێت شەڕی گەلان نییە، بەڵکو شەڕی دەوڵەتانە و قسەکانی بەم شێوەیە درێژە پێ دا: «لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو جۆرە شەڕێک هەیە. لە کاتێکی وەهادا ئێمە هەوڵ دەدەین پێش بە شەڕ بگرین، نەهێڵین لە وڵاتەکەماندا گەورەتر ببێت.
ئەوانەی پێشەنگایەتی بۆ ئاشتی دەکەن ژنانن چونکە ئەوان باشتر بە بایەخی ژیان و ئاشتی دەزانن، لەبەر ئەوەی ئەوانەی لە شەڕەکان زیاتر زیان دەبینن و تووشی هێرش دەبن ژنانن، هەر بۆیەش بۆ ئاشتی زۆر قسە و هەوڵمان هەیە، مافی خۆمانە کە لەسەر خاکی خۆمان لە وڵاتی خۆمان بە شکۆ و ئازادی بژین، ئەم زەمینە گەورەیە، خاکی کوردستان و تورکیا فراوانە و بەشی هەموومان دەکات، لە جێی شەڕ و کوشتن دەبێت ئێمە تێکۆشان بۆ ژیان گەورەتر بکەین، ئەرکی هەموو کەسێک ئەوەیە لە شوێنی خۆیدا شتێک بکات، داواکاریی خۆی بێنێتە زمان و نزا بکات، ئەرکێکی پیرۆز چاوەڕێی ئێمە دەکات، بۆ ئارامیی ئەم وڵاتە هەرچییەک لە دەستمان بێت دەبێت بکەین، دەبێت ئەو ژنانەی کە ئەمڕۆ هاتوونەتە لای یەک، بگەنە زۆر ژنی تریش و پێکەوە کار و چالاکییەکانیان ڕێکبخەن، پەرەیان پێ بدەن و گەورەتریان بکەن.
”پاراستنی خاک و داهاتووی منداڵەکانمان ئەرکی ئێمەیە”
پەیرۆز کورت سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەو شەڕەی کە ساڵانی خایاندووە، زۆر شتی لەگەڵ خۆیدا بردووە و ڕای گەیاند، کە لە ئێستاوە بە دواوە ئەوەی دەبێت بکرێت، ڕێگری کردنە لە دووبارەبوونەوەی شەڕ و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێ هێنا: دەبێت ئێمە پێکەوە، لە تەنیشت یەکتر، دەستی یەکتر بگرین و ڕێگری لە شەڕ بکەین، تا کۆتایی بەم خوێنڕشتنە بهێنین، دەبێت ئێمە بە شێوەیەکی یەکسان پێکەوە بژین، ئێمە لە ناو یەکترداین و وڵات هی هەموومانە.