یەکێتی ژنانی سریانی بە کۆمەڵێک بڕیار کۆتایی بە کۆنفرانسەکەی هێنا
لە میانەی کۆنفڕانسی پێنجەمی یەکێتی ژنانی سریانی, ژنان باسیان لە گرنگترین خاڵ و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژنان و چۆنیەتی گەشەپێدانیان کرد.
قامیشلۆ
یەکێتی ژنانی سریانی لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزرا، یەکەمین کۆنفرانسیشی لە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ دەستپێکی شۆڕش لە سووریا و ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای پرەنسیپ و ئامانجی زۆر گرنگ بۆ گەشەپێدان و پەروەردەی ژنانی سریانی بەتایبەت بەڕێوەچوو.
لە پێنجەمین کۆنفڕانسی یەکێتی ژنانی سریانی کە لە ٢٥ی ئایاری ئەمساڵ لە قامیشلۆی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروشمی "ژن هێزی گۆڕانە بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازادو دیموکراتیک" بەڕێوەچوو، بەشداربووانی کۆنفرانسیەکە تیشکیان خستە سەر پێویستی چالاککردنی ڕۆڵی ژنانی سریانی، بەو پێیەی بۆ گەشەپێدانیان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە گرنگە.
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی ١٥٠ ئەندامی یەکیەتیی ژنانی سریانی، و نوێنەرانی دامودەزگاکانی ژنان و پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە بەشدارییان کرد، هەروەها لە کۆتاییدا بەیاننامەی یەکێتییەکە خوێندرایەوە، کە بریتی بوو لە پێشنیارەکان و هەنگاوەکانی داهاتوو.
"ژنانی بەشداربوو سەلماندیان تاوانی بوون بە سەرکردەیان هەیە"
جۆرجیت بەرسوم، کارگێڕی یەکێتی ژنانی سریانی ڕایگەیاند بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی ژنانی سریانی و بەردەوامییان لە خەبات و داڕشتنی ستراتیژ و دیدگای داهاتوو بۆ ڕێکخستنی ژنانی سریانی و کارەکانی داهاتوویان بۆ هەنگاونان بەرەو باشتر دادەندرێت،، ژنانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە خۆیان سەلماند کە توانای پەرەپێدانی خۆیان و بوون بە سەرکردەیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە سازدانی یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی سریانی، ژنانی سریانی توانیان هەنگاو بنێن بەرەو گەشەپێدانی خۆیان و کۆمەڵگە شانبەشانی ژنانی کورد و عەرەب لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ پاراستنی دەستکەوت و دەستکەوتەکانی شۆڕش.
کۆنفڕانسەکە بە کۆمەڵێک بڕیار کۆتایی هات: پاراستنی بناغەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەگەڵ ڕێکخراوە فێمینیستەکانی تر، پەروەردەو شایستەکردنی ژنان بۆ کاری دامەزراوەیی و کارگێڕی، کردنەوەی خولی پەروەردەی سیاسی و دیپلۆماسی، کارکردن بۆ نووسینی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەشداریکردن لە بونیادنانی دیموکراسی و دادپەروەری، و دامەزراندنی کامپ و خولی پەروەردەی ڕێکخراوەیی، سیاسی، ڕۆشنبیری و فیکری بۆ ژنان، پشتگیریکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە، و ئەنجامدانی خولی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ ژنان لە لقەکاندا.