“ئەکادیمیای کورد” لە سویسرا دامەزرا
کوردانی سویسرا لە ١٥ـی ئایار و ڕۆژی زمانی کوردیدا، دامەزرانی “ئەکادیمیای کورد”یان ڕاگەیاند، ئەکادیمیاکە دەڵێت: تێکۆشانی گەلی کورد لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا تەنیا سیاسی نییە، بەڵکو پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتییە.
ناوەندی هەواڵ
لە ئەنجامی کارە درێژخایەنەکانی کۆمەڵێک کورد لە سویسرا، دامەزراوەیەکی نوێی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی بە ناوی “ئەکادیمیای کورد” کرایەوە و ڕاگەیاندرا.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، تێکۆشانی گەلی کورد لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا تەنیا سیاسی نییە، بەڵکو پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتییە، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایدیۆلۆژیی تەڤگەری ئازادیی کورد، زەمینەی بۆ کاری نوێ خۆش کردووە.
هەروەها ئیسماعیل کارداش وتەبێژی ئەکادیمیای کورد ڕایگەیاند، دوای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” لە ٢٧ـی شوباتدا، پڕۆژەکە بە خێرایی جێبەجێ کرا.
وتیشی: دامەزراندنی ئەکادیمیاکە لەسەر بنەمای کاری دوو ساڵەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی سویسرا (CDK-S) دامەزراوە، پێداویستییە پەروەردەییەکانی کۆمۆنەکان و ئەنجوومەنەکان لە سویسرا ڕۆڵێکی گرنگی لەم پرۆسەیەدا هەبووە، ئامانج لێی وەڵامدانەوەی ئەکادیمییە بۆ پێویستییەکان.
هەروەها ڕاگەیەندرا، لە کاتی دامەزراندنی ئەکادیمیاکەدا ڕێسایەکی گونجاو بە پێی یاساکانی سویسرا ئامادە کراوە و مەنهەجەکەی درووست کراوە، مەنهەجەکە بەپێی پێویستی کات نوێ دەکرێتەوە.
کارداش باسی لەوەشکرد، پەروەردەیان بە شێوازە جیاوازەکانی کوردی دەوترێتەوە.