بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی، ڕۆژانە کار لەسەر پۆڵیشکردنی کەلوپەلە کانزاییەکان دەکات
بە سووربوون ژنان دەتوانن سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن، ئەمەش وایکردووە ڕائیدە حەسەن هەنگاو بنێت بۆ کردنەوەی کاری خۆی.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/12/20231212-20231212-almadt-jpgcf0d2b-image-jpg736f63-image.jpg)
یوسرا ئەحمەد
ڕەققە- شاری ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەمەجۆری پڕۆژە بچووکەکانی ژنان ناسراوە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا ژنان چەندین کارو پیشە دەکەن، بۆ ئەوەی سەرچاوەی بژێوی خۆیان بپارێزن و پاڵپشتی خۆیان و خێزانەکانیان بکەن دوای لەدەستدانی بژێوی ژیان.
ڕائیدە حەسەن گوێی بە قسەی کۆمەڵگە و دەوروبەری نەداو ڕووبەڕووی هەموو زەحمەتییەکان بووەوە، لەوانە تێڕوانینی ڕەگەزپەرستی بۆ ژنان، هەوڵی دا بە پڕۆژە بچووکەکەی پشتتگیری منداڵەکانی بکات.
بۆ بژێوی خێزانەکەی دەستی بە کار کرد
ڕائیدە حەسەن، تەمەنی ٤٠ساڵە و دایکی سێ منداڵە، ٨ساڵ لەمەوبەر لە شام ئاوارە بووە و ناچاربووە پاڵپشتی منداڵەکانی بکات دوای گیان لەدەستدانی هاوژینەکەی، وتی: لە سەرەتای قەیرانی سووریا، هەواڵی گیان لەدەستدانی هاوژینەکەمم پێگەیشت، بۆیە بڕیارم دا پشت بە خۆم ببەستم و دەست بکەم بە کارکردن بۆ پاراستنی بژێوی خێزانەکەم، خۆم و سێ منداڵەکەم کار لەسەر پاککردنەوەی کەلوپەلە کانزاییەکان دەکەین، ئەم پیشەیە لە هاوژینەکەمەوە فێربووم کاتێک ئەو لەسەر قاپەکان کاری دەکرد، من یارمەتی ئەوم دەدا و بەو شێوەیە ئەزموونم بەدەستهێنا.
"بەرەنگاری قسەی دەوروبەر بوومەوە"
وتیشی: لە سەرەتادا، لەگەڵ منداڵەکانم سەرەڕای گەرمی هاوین و ساردی زستان لە شەقامەکان و گەڕەکەکانی شارەکە پیاسەم دەکرد، لە دەرگای ماڵانم دەدا و پرسیارم دەکرد ئایا دەیانەوێت قاپ و کەلوپەلەکانیان پاک بکەنەوە، بێگومان هیچ کارێک بەبێ زەحمەت و ئازار نییە، بەتایبەتی لە شارێکدا نزیکەی سێ ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بووە، لە سەرەتادا کاتێک پرۆژەکەم کردەوە، چەندین بۆچوونی نەرێنیم وەرگرت، بەڵام کۆڵم نەدا و دوودڵ نەبووم لەوەی دەیکەم، بەردەوام بووم و بەرەنگاری هەموو ئەوانەی دەوروبەرم بوومەوە، چونکە ئەگەر وازم لە کارکردن بهێنایە، کەس یارمەتی منداڵەکانمی نەدەدا.
"دەبێت ژنان ئیرادەیەکی بەهێزیان هەبێت و پشت بە خۆیان ببەستن"
دەربارەی میکانیزمی کار، ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەکە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، یەکەمیان پاراستنی ئەو ماددانەیە کە دەچنە ناو پرۆسەی لێدان، قوڕقوشم و پڕکردنەوەن و دواتر پێکەوە تێکەڵ دەکرێن و لە کۆتاییدا لەسەر ئاگر دەداندرێن تێبینی ئەوە دەکات پلەی گەرمی دەبێت زۆر بەرز بێت هەتا ماددەکان دەتوێنەوە و لەگەڵ یەکتر تێکەڵ دەبن، پاشان لەسەر ئەو شوێنە دادەنرێن تا ماددەکە سارد دەبێتەوە بۆ ئەوەی جومگەیەکی لێکدراو دروست بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە ژنان ئیرادەیەکی بەهێز و بیرکردنەوەی ئازادیان هەبێت پشت بە خۆیان ببەستن و کار بکەن بۆ ئەوەی پێویستیان بە هیچ کەسێک نەبێت، چونکە دەتوانن ببنە سەرچاوەی هێز و ئیلهام و نموونەی ڕۆڵگێڕان بۆ ژنانی دەوروبەریان و کاریگەرییان هەبێت.
داواکارییەکان بۆ کارکردن لە ڕایدە حەسەن لە زستاندا لە زیادبووندایە چونکە دایک و باوکان ئامێری گەرمکەرەوە بەکاردەهێنن، ئەو دەڵێت ئەوەی ئەو بۆ کارەکەی دەست دەکەوێت بە ئاستەم بەس نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانی، "هەموو هەوڵێک دەدەم و بە درێژایی ڕۆژ کار دەکەم بۆ پشتگیریکردنی خێزانەکەم."