ڕیحان لۆقۆ: ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفەی خۆی پیلانەکەی تێکشکاند

ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار، هەڵسەنگاندنی بۆ پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کرد و وتی: بە پیلانگێڕی دژی ڕێبەر ئاپۆ، دەیانویست تەواوی کۆمەڵگەی کورد بگرن و لەناویان بەرن، ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفە و خەباتی خۆی ئامانجەکانی پیلانەکەی تێکشکاند.

پەروین ئامارا

 

قامیشلۆ- پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو، لە ٢٧ەمین ساڵیدا بەردەوامە، ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی گەلی کورددا یاد دەکرێتەوە. بەم پیلانگێڕییە دەیانویست لە کەسایەتی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالاندا کورد لەناوببەن، دەوڵەتانی دەسەڵاتدار چەندین کۆمەڵکوژی و جینۆسایدیان لە دژی گەلی کورد ئەنجامداوە و بەم پیلانگێڕییە جارێکی دیکە هەوڵی لەناوبردنی بوون و شوناس و زمان و ئیرادەی گەلی کوردیان دا.

 

لە ڕێگەی خەبات و بەرخۆدانی ٢٦ ساڵەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەرەڕای هەلومەرجی ئیمڕالی، بۆ جیهان سەلمێندرا کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنێت.

 

لەو بارەیەوە، ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، ئامانجی پیلانگێڕییەکە لەناوبردنی فەلسەفەی ئازادییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سایەی خەباتی ئازادییەوە، پیلانەکە پووچەڵکرایەوە.

 

"ئەوان دەیانویست کۆمەڵگە بوونی هەبێت و بناسێنن"

ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند کە زلهێزە باڵادەستەکان فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆیان دەبینی و وتی: لەبەر ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگێکی دیموکراسی و ئاشتی و یەکسانییە، لەلایەن زلهێزە باڵادەستەکانەوە کرایە ئامانج. ئەو پڕۆژەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد بۆ ژنان و گەنجان و هەموو کۆمەڵگە لەلایەن دەوڵەتە باڵادەستەکانەوە وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆیان سەیر دەکرا. ئەوان هێرشیان کردە سەر بیرۆکە و ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ و پیلانێکیان ئەنجامدا بە ئامانجی جێهێشتنی کۆمەڵگەی ئازادیخواز بەبێ ئیرادە و شوناس. لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا دەیانویست هەموو کۆمەڵگە و گەلانی ئازادیخواز لەناوبەرن.

 

"ڕێبەر ئاپۆ ئامانجەکانی پیلانگێڕیی پووچەڵ کردووەتەوە"

ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی ئیمڕالی خەبات و بەرخۆدانی مێژوویی بەڕێوە دەبات و وتی: ماوەی ٢٦ ساڵە ژنان و گەنجان و تەواوی گەل لە مەیدانەکانی ئازادیدا لە بەرامبەر پیلانگێڕی لە بەرخۆدانیدان، ڕێبەر ئاپۆ لە توندوتیژی زیندانی ئیمڕالیدا، بەرخۆدانێکی مێژوویی لە دژی سیاسەتەکانی کاولکاری و جینۆساید پێشکەشکرد، ئەم بەرخۆدانە ئامانجەکانی پیلانگێڕی تێکشکاند و پووچەڵی کردەوە. مێژوو شایەتی بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆیە، مێژووی بەرخۆدانی ئیمڕالی بە پیتی زێڕین دەنووسێت. خەباتی ٢٦ ساڵە لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە و ئەو کەسانەی کە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی دەبینن، لە بوارەکانی ئازادیدا سەرهەڵدەدەن و داوای ئازادی جەستەیی ئەو دەکەن.

 

"ژنان دژی پیلانگێڕی تێکۆشان دەکەن"

ڕیحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان ئەوانەن کە زۆرترین شەڕ دژی پیلانگێڕی دەکەن و دەشڵێت: لەماوەی ئەم ٢٦ ساڵەدا ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو مافەکانی ژیانی زەوت کرا، ڕێبەر ئاپۆ لە ژێر پەردەی سزای دیسپلینیی سزا دەدرێت. نە پارێزەرەکەی و نە خێزانەکەی بۆیان نییە لەگەڵیدا کۆببنەوە. لەگەڵ زیادبوونی ئاستی خەبات و بەرخۆدان، فشارەکانی سەر ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بوون. بەو پڕۆژەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی ژنان و کۆمەڵگەی کرد و کۆکردنەوەی کۆمەڵگە لە دەوری بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ، ئامانجەکانی پیلانگێڕی پووچەڵ کردەوە، ژنان لە سایەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا خەبات دەکەن و بەرخۆدانیان لە دژی پیلانگێڕی بەهێزتر دەکەن.

 

"تا ئازادی بەدەست نەهێنرێت خەبات ناوەستێت"

ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند کە تا ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەدی نەیەت، خەباتی خۆیان ڕاناگرن، "خەبات و بەرخۆدانمان ناوەستێت تا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدەست نەهێنرێت، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ژنان و پێکهاتە چەوساوەکانە، ئێمە لە ڕێگەی بەرخۆدان و خەباتەوە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین و سیستەمی ئیمڕالی لەناو دەبەین.