ئەفغانستان دووەم کەمترین ڕێژەی بەشداری ژنانی لە هێزی کاردا هەیە
لە ئەفغانستان رێکخراوی نێودەوڵەتی کار دابەزینێکی بەرچاوی لە بەشداریی ژنان لە هێزی کاردا تۆمار کرد، لە ١٨.٣٪ لە ساڵی ٢٠١٩وە بۆ لە ٥.١٪ لەم ساڵدا، هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر ژناندا سەپێندراون.
ناوەندی هەواڵ
بەشداریی ژنان لە ئابووریی ئەفغانستاندا تووشی دابەزینێکی بێوێنە بووە، لە سایەی ئەو سنووردارکردنە زیاترانەی کە لە دواوەی گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات بەسەر پەروەردە، کار و هاتوچۆدا سەپێنراون.
رێکخراوی نێودەوڵەتی کار ڕایگەیاند، کە بەشداریی ژنان لە هێزی کاردا، لە ئەفغانستاندا، لە دوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵاتەوە، دابەزینێکی توندی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک کە لە ١٨.٣٪ لە ساڵی ٢٠١٩وە دابەزی بۆ ٥.١٪ لە ساڵی ٢٠٢٦دا، وەک نیشانەیەک بۆ فراوانبوونی سنووردارکردنەکانی سەر ژنان و پاشەکشەی ئامادەبوونیان لە ژیانی ئابوورییدا.
رێکخراوەکە ئەم دابەزینە گەورەیەی گەڕاندەوە بۆ کۆمەڵێک سیاسەت و سنووردارکردن کە دەستپێ گەیشتنی ژنان بە پەروەردە، کار و هاتوچۆ سنووردار دەکەن، کە کاریگەریی ئەم ڕێکارانە تەنها سنووردار نەبووە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لەناو ژناندا، بەڵکو بووەتە هۆی دەرچونی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە بازاری کار و چالاکی ئابووری بە شێوەیەکی گشتی.
بەپێی ڕای رێکخراوەکە، ئەڤغانیستان دوای یەمەن، بووەتە خاوەنی نزمترین ڕێژەی بەشداریی ژنان لە هێزی کاردا لە ئاستی جیهاندا، لەو کاتەدا کە ئەو سنووردارکردنانە بەردەوامن کە توانای ژنان بۆ بەدەستهێنانی هەلەکانی کار و بەردەوامبوون تێیدا سنووردار دەکەن.
ئاماژەی بەوە دا، کە گەشەی ڕێژەکانی دامەزراندن لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرەکی لەنێو پیاواندا جەختی لەسەر کراوە، ئەمەش بەشدار بووە لە قووڵکردنەوەی کەلێنەکەی نێوان ڕەگەزەکان لە بازاری کاری ئەفغانستان، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەلەکانی ژنان لە سەربەخۆیی ئابووری و بەشداریکردن لە چالاکی بەرهەمهێناندا.
لە کاتی گەڕانەوەیەوە بۆ دەسەڵات، تاڵیبان سنووردارکردنی فراوانی لەسەر کارکردنی ژنان لە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکاندا سەپاند، ئەم سنووردارکردنانە کەرت و دامەزراوە جیاوازەکانی گرتەوە، لەوانە ئۆفیسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها سنووردارکردنەکانی کار هاوکات بوون لەگەڵ ئەو ڕێکارانەی کە پەروەردە، جووڵە و دەستپێ گەیشتنی ژنانیان بە زۆرێک لە بوارە گشتییەکان سنووردار کرد.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم سیاسەتانە بەشدار بوون لە لاوازکردنی توانای ژنان بۆ بەشداریی ئابووری، بوونەتە ڕێگر لەبەردەم دەستپێ گەیشتنیان بە هەلەکانی کار، لە کاتێکدا کە کەلێنەکەی نێوان بەشداریی پیاوان و ژنان لە بازاری کاردا لە زیادبووندایە.
ئەوەی لە حەوت ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە، گۆڕانکارییەکی گەورە لە دۆخی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە دەردەخات، بە جۆرێک کێشەکە ئیتر تەنها لە بێکاریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بووەتە دەرکردن لە خودی بازاری کاردا، ئەوەش بەو شێوازەی کە هەلەکانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و بەشداری کردن لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا کەەم دەکاتەوە.