ئاژانسەکەمان کۆمەڵکوژییەک بەڵگە دەکات کە لە میوانخانەیەکی شاری سوەیدا ئەنجامدراوە

جیهادییەکانی هەتەشە چەندین پێشێلکارییان لە دژی کۆمەڵگەی دروزەکان لە شاری سوەیدا ئەنجامدا، دەیان هاوڵاتی مەدەنی بێ چەکیان ڕفاند و کوشتیان، هەندێکی دیکەشیان تووشی ئەشکەنجەدان بوون.

سوەیدا

 

لە دیمەنێکی کارەساتباردا، کە توڕەیی هاوڵاتیانی سوەیدای لێکەوتەوە، میوانخانەیەکی نەریتی کە لەمێژە هێمای بەخشندەیی و میوانداری بوو، گۆڕدرا بۆ دیمەنی کۆمەڵکوژییەکی ترسناک کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزدا ئەنجامدرا.

 

پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە شاری سوەیدای سووریا ئەو کۆمەڵکوژییەی لە میوانخانەی "بەدر" لە کاتی لەشکرکێشییەکی خوێناوی بۆ سەر شارەکە ئەنجامدرا، بەڵگەی لەسەر تۆمار کرد، کە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی لە ناوەوە بە دەستی کەسانی ڕەشپۆش کە هێمای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاتی سووریایان پێ بوو کوژران.

 

لە ڤیدیۆکاندا، تەرمی هاوڵاتیان لەبەردەم میوانخانەکەدا کەڵەکە بوون، دیمەنێکە کە قەبارەی ئەو ترسناکی و وێرانکارییەی بەهۆی هێرشەکەوە بەجێماوە لەخۆدەگرێت، لە نێو تەرمەکاندا، دوو کەس بە زیندووی دەرکەوتن، وا خۆیان نیشان دەدا کە مردوون، تەرمەکان لەسەریان کەڵەکە بووە، کە ئەمەش لە هەوڵێکی بێ هیوادا بوو بۆ دەربازبوون لە کۆمەڵکوژییەکە.

 

میوانخانە کە سەردەمانێک شوێنی ڕێزگرتن لە میوانەکان و ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ بووە، بووەتە دیمەنی کۆمەڵکوژی و بۆنی مەرگیش لێیەوە سەرچاوە گرتووە، ئەم گۆڕانکارییە کارەساتبارە لە هێمای میوانخانەکەدا ڕەنگدانەوەی ڕادەی پێشێلکارییەکانە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی و پرسیار لەبارەی پاڵنەرەکانی پشت بە ئامانجگرتنی ئەم شوێنە تایبەتە دەوروژێنێت کە گرنگییەکی قوڵی کۆمەڵایەتی و کولتووری لە سوەیدا دا هەیە.