ئازادکردنی عاتیفە تاهرنیا لە زیندانی یاسوج
عاتیفە تاهرنیا هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری دەهدەشت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە لە زیندانی یاسوج ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی شوبات، عاتیفە تاهرنیا، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری دەهدەشت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا دەستبەسەر کرابوو، دوای ١٤ ڕۆژ دەستبەسەر کردنی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی یاسوج ئازاد کرا.
عاتیفە تاهرنیا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی شوبات لەگەڵ ١١ هاوڵاتیی دیکەی شاری دەهدەشت لە کاتی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتییان لە شاری دەهدەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ زیندانی یاسوج گوازرانەوە.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی شوباتی ساڵی ۲۰۲٥ ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی شاری دەهدەشت کۆبوونەوە و دروشمی ناڕەزایەتییان لە دژی ڕژێم دەوتەوە، ئەم ناڕەزایەتیانە درێژەپێدەری ناڕازیبوونی جەماوەری بوو لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە، لە ڕۆژانی دوای ئەم کۆبوونەوانە، هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران، کەشێکی ئەمنی قورس لە دەهدەشت زاڵ بوو و هێزە ئەمنییەکان لە سەرانسەری شارەکەدا ئامادەیییەکی زۆریان هەبوو.
دوێنێ وتەبێژی دەزگای قەزایی دەستبەسەرکرانی ١٢ هاوڵاتیی شاری دەهدەشتی پشتڕاستکردەوە و تۆمەتی تێکدانی سیستمی گشتیی خستنە پاڵ.