ئارەزوو مەحمود: مەرج نیە ھەر ئیشێک رێکخراوەکانی ژنان پێی ھەستان دژی پیاوان بێت

ئارەزوو مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی "کەمپینی ناوی من ناوی دایکـمە و چەند سەرنجێک" دەڵێت: "پڕۆژە یاساکە دەکرێت بە ھێزتر بکرێت لەڕوی ناونیشان و داڕشتنی ناوەڕۆکەکەیەوە لە ڕێگەی کەسانی یاسا ناس و شەرع زان و پسپۆرو شارەزا لە بوارەکەدا."

ئارەزوو مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی "کەمپینی ناوی من ناوی دایکـمە و چەند سەرنجێک" دەڵێت: "پڕۆژە یاساکە دەکرێت بە ھێزتر بکرێت لەڕوی ناونیشان و داڕشتنی ناوەڕۆکەکەیەوە لە ڕێگەی کەسانی یاسا ناس و شەرع زان و پسپۆرو شارەزا لە بوارەکەدا."

ناوەندی هەواڵ

 

ئارەزوو مەحمود لەبارەی کەمپەینەکەوە ئاماژە بەوەدەکات، پڕۆژەکە ھاتە پەرلەمانی عێراق و لەلایەن لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان ئیشی لەسەردەکرێت و چەند سیمینارێکیشی بۆ ڕێکخرا لەناو پەرلەماندا و لە قۆناغەکانی سەرەتاییدایە، بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ئەو منداڵانەیە کە باوکیان نادیارە بەھەر ھۆکارێک بێت وەک منداڵەکانی پاشماوەی شەڕی داعش ، یان ئەو منداڵانەی دایکیان عێراقیەو باوکیان ئەجنەبیەو جنسیەی عێراقی نیە، یانیش ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیەوە ھاتونەتە دونیا و ...ھتد .

 

هەروەها نوسیویەتی: " پڕۆژەکە گشتگیرو ئیجباری نیەو مافی خوێندن و چارەسەری پزیشکی و مانەوەو سەفەرو سەرجەم مافە دەستوری و یاسایی و ئاساییە کە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو منداڵانە کە تا ئێستا بە ھۆی نەبوونی ناسنامە بێ بەشن لەھەموو مافێکی ھاووڵاتی بوون .

 

ئەو ژنە پەرلەمانتارە دەربارەی ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە وتویەتی: " دەکرێت بە ھێزتر بکرێت لەروی ناونیشان و داڕشتنی ناوەڕۆکەکەیەوە لە ڕێگەی کەسانی یاسا ناس و شەرع زان و پسپۆرو شارەزا لە بوارەکەدا، پڕۆژە یاساکە تا ئێستا لە گەڵاڵە کردندایەو پێویستی بە پاڵپشتی زیاتری یاسایی ھەیە لە رێگەی پلانێکی تۆکمەو کۆڕو سیمینارو بانگھێشتکردنی کەسانی پسپۆڕ نەوەک ھەڵای راگەیاندنی بێ بنەماو ھات و ھاواری سۆشیال میدیا ."

 

ڕاشیگەیاند، پڕۆژەکە دژایەتی کردنی دین و ئاین نیە وەک ئەوەی بە ھەڵە لێکدانەوەو شیکاری بۆدەکرێت لای ھەندێک، هەروەها دژی رەگەزی نێرو باوک نیە بەڵکو نەگوجاوی ناونیشانە و رێگای ئیشکردن لەسەری وێنە راستەقینەکەی شێواندوە، دەکرێت ئەو دایک ومنداڵانەی بونەتە قوربانی بەشداریان پێبکرێت لە پانێڵەکان و راستەوخۆ رایان وەربگیرێت تا خەم و ئازارەکانیان بکرێتە یاسا و ھاووڵاتیان راستەوخۆ بەرکەوتەی کارەساتەکان و ئازارەکانیان ببینن تا وێنەکە رونتربێت بۆ تێگەیشت.

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئارەزوو مەحمود دەڵێت: " مەرج نیە ھەر ئیشێک رێکخراوەکانی ژنان پێی ھەستان دژی پیاوان بێت، ئەم پڕۆژە پێویستیەو بە خۆشی و ناخۆشی من و تۆ نیە ، بەڵکو کێشەیەکی واقعی ھەیەو پێویستە بە یاسا چارەسەر بکرێت و داتاکان ترسناکن لە عێراق بەداخەوە، ھیوادارم ھەرکەسێک خۆی بەخاوەنی پڕۆژەکە بزانێت و بەرلەوەی لێکدانەوەی نادروستی بۆ بکات ھەوڵبدات لە ناوەرۆکەکەی تێبگات و بە سەرنج و پێشنیازەکانیان بابەتە دەوڵەمەندترو بەھێزتر بکەن".