"ئارین میرکان ڕێگایەکی نوێی بۆ سەرکەوتن نیشان داین"

سارا خەلیل کە شایەتحاڵی ١٣٤ ڕۆژی بەرخۆدانی کۆبانێ بوو، ڕایگەیاند، فەرماندەی دڵسۆز ئارین میرکان بە ڕۆح و جەستەی خۆی شەڕەکەی بەرەو پرۆسەیەکی نوێی خەبات و سەرکەوتن برد.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ-٥ی تشرینی یەکەم، نۆیەمین ساڵیادی گیانفیدایی ئارین میرکان، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"یە کە یەکێک بوو لە ژنە کاریگەرەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ، گیانی خۆی کردە بۆمبێکی ئاگرین لە دژی هێرشەکان.

 

 عاشقی ئازادی: ئارین میرکان

 ئارین میرکان، ناوی دلارا کینچ، لە ساڵی ١٩٩٢ لە گوندی میرکان لە مابەتالە کانتۆنی عەفرین لە دایکبووە. ئارین میرکان کە ناوی بنەماڵەکەی لە تێکۆشەرێکی تەڤگەری ئازادی کوردستان وەرگرتووە، لەسەر هەمان بنەما و کولتوور و مەعریفە گەورە دەبێت، ساڵی ٢٠٠٧ بە تێگەیشتن لە واقیعی ژن و گەلی کورد، ڕووی لە تێکۆشانی ئازادی کرد، و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە هەموو سیفەتەکانی پێشەنگایەتی لە کەسایەتی و هۆشیاری خۆیدا پەرەپێدا، دلارا کینچ بەم زاناییەوە پەیوەندی بە شۆڕشی ژنانەوە دەکات لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشداری لە دامەزراندنی یەپەژە دەکات لە ٤ی نیسانی ٢٠١٤ و وەک فەرماندەیەک ڕۆڵی خۆی لە ڕێکخستن و پەرەپێدانی شەڕڤانان دەگێڕێت.

 

بە جەستەی خۆی نەورۆزی ٢٠١٥ی پیرۆز کرد

شۆڕشی ڕۆژاڤای کوردستان کە بووژانەوەیەکی نوێ بوو بۆ گەلی کوردو ناوچەکە، لە بەرامبەر هێرشی چەتەکاندا بەبێ پچڕان هاتە ئاراوە، چەتەکانی داعش کە یەکێک بوو لە گرووپە تیرۆریستییەکان، لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤ لە سێ بەرەوە هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، چەتەکان بە عەقڵی جینۆساید و تاڵان و کاولکاری چوونە کۆبانێ، ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی بێوێنەی شەڕڤانان بە پێشەنگایەتی ژنان بوونەوە، ئەو چەتانەی کە تەنیا فێری ئەوە بوون کە کام ناوچە داگیر بکەن و ژنانیان وەک غەنیمەت وەرگرتبوو، لە کۆبانێ ڕووبەڕووی بارودۆخی پێچەوانە بوونەوە، ئەوان لەلایەن ئەو ژنانەی کە پێشەنگایەتی شەڕیان دەکرد، شکستیان هێنا، چونکە داعش هەموو هێزی خۆی بەکارهێنا بۆ هێرشێکی قورس بۆ سەر گردی مشتەنور کە یەکێک بوو لە شوێنە ستراتیژییەکانی شەڕەکە، لە ٥ی تشرینی یەکەمدا، ئەو گروپەی لەژێر فەرماندەیی ئارین میرکان شەڕیان دەکرد، دەیانزانی ئەو گردە چەندە گرنگە، بۆیە بەرخۆدانێکی گەورەیان نیشان دا، ئارین میرکان کە بەرپرسیارێتی بەرەی مشتەنور و شەڕڤانانی لەگەڵ خۆیدا گرتە ئەستۆ، بە ئازایەتی و بوێرییەکی زۆرەوە چالاکیی گیانفیدایی ئەنجامدا.

 

سارا خەلیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات شاهیدی پرۆسەی ١٣٤ ڕۆژی بەرخۆدانی   کۆبانێیەو لەگەڵ هاوڕێیانیدا ئەرکی پاراستنی کۆبانێی گرتبووە ئەستۆ، لە ساڵیادی چالاکیی شەڕڤان ئارین میرکان، هەڵسەنگاندنی بۆ دەزگاکەمان کرد و یادەوەرییەکانی گێڕایەوە.

 

"لە کۆبانێ ژنان شەرەفی گەلی کورد و مرۆڤایەتییان پاراست"

سارا خەلیل کاریگەری پێشەنگایەتی ژنانی لەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ بەم شێوەیە دەربڕی:  ئەو شەڕەی لە کۆبانێدا ئەزموون کرا لە هەموو ڕۆژەکانیدا زۆر قورس بوو، بەڵام بە تایبەتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ئەوەندە قورس بوو، ئاستی بەرخۆدانی گەیاندە قۆناغێکی نوێ، بە تایبەتی ئەو دوو چالاکییە گیانفیداییەی کە شەهید ڕێڤان و ئارین ئەنجامیان دا، چارەنووسی هەموومانیان گۆڕی، ئێمە وەک ژنانی مەدەنی و خەڵکی دانیشتووی سنوور، ئیرادەیەکی گەورەمان لە پێشەنگە دڵسۆزەکانمان وەرگرت، ژنان بەشدارییان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا کرد و سەرکردایەتی و هێز و ئیرادەی خۆیان لە هەموو بوارێکدا نیشان دا، دژ بە نیگەرانی و بۆچوونە دواکەوتووەکان بوو، بە هەڵوێستی ژنان لە شەڕی کۆبانێدا نیشانمان دا کە خاک و نیشتمان و کەرامەتی مرۆڤ خودی شەرەفە، چونکە ژنانی کۆبانێ شەرەفی گەلی کوردیان بەدەستهێنا و هەموو مرۆڤایەتیان پاراست.

 

"میراسی ٥٠ ساڵ بە بەرخۆدانی یەپەژە"

 لە درێژەی قسەکانیدا، سارا خەلیل ڕایگەیاند، یەپەژە دەسەڵاتی ناتۆی شکاندووە و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە وەک شۆڕشی ژنان ڕاگەیەندرا، تاجی بەرخۆدان و سەرکەوتنی ژنان لە بەرامبەر تاریکییەکانی داعشدا لەسەر کرا، ئێمە دەڵێین داعش کۆمەڵێک چەتە، بەڵام لە واقیعدا دەوڵەتی تورکیا کە هێزی دووەمی ناتۆیە، پشتیوانی لێکردن، چونکە بە چالاکی ژنانی کورد لە کۆبانێ و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەوڵەتی تورکیایان تێکشکاند، ئەو سەرکەوتنەی کە لە کۆبانێدا بەدیکرا، پشت بە میراسی خەباتی سەدان ژنی کورد دەبەستێت کە ساڵانێکە لە چیاکانی کوردستاندا هەمان بەرخۆدان دەکەن، چونکە ئەو ژنانەی شەڕی داعشیان کرد، ئەزموون و میراسێکی وایان هەبوو کە پێش ئەوان شەڕڤانانی وەک زیلان، بێریتان، سەما، بێریڤان و...هتد. لە ئاستی لوتکەدا ژیانی خۆیان بەخت کرد، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە کەسایەتی ئارین و ڕێڤان و دەستینا و زەهرا و پەیمان و سەدان فەرماندە و شەڕڤانی دیکەش بەشدارییان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا کرد.

 

"گردی مشتەنور بە ئارین میرکان ڕووناک کرایەوە"

سارا خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: شەهید ئارین چالاکییەکەی لە گردی مشتەنور ئەنجامدا، مشتەنور بۆ ئێمەی گەلی کۆبانێ مانا و گرنگییەکی جیاوازی هەیە، چونکە سەرەڕای هەموو فشارەکانی ڕژێمی بەعس، ساڵانێکە ئاگری نەورۆزمان داگیرساندووە، گردی مشتەنور کە بۆ ئێمە یەکێک بوو لە پیرۆزترین شوێنەکان، بە چالاکی ئارین میرکان پیرۆزتر بوو، شەهید ئارین بە جەستەی خۆی ئاگری نەورۆزی ٢٠١٥ی داگیرساند و تیشکی خۆری لە دژی تاریکی داعش بەرزکردەوە، کاتێک زانیاریمان پێگەیشت کە هاوڕێ ئارین چالاکی فیدایی کردووە، زۆر دڵتەنگ بووین. لە لایەکی ترەوە ئێمە بە هەستێکی وا دەورە دراوین کە دەمانزانی کە ماندووبوون و قوربانیدانی ئەو دەبێت ببێتە هۆی سەرکەوتن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەموو خەڵکی ئەو سەردەمە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا هێندە هێزیان لە ئارین میرکان وەرگرت کە لە ئاسمانەوە تا بەهەشت بەرگرییان لە کۆبانێ کرد و ئاڵای سەرکەوتنیان لە مشتەنور بەرز کردەوە.